نێردەی تایبەتی ئەمەریکا قۆناغی دووهەمی پلانەکەی سەرۆک ترامپ بۆ ئاشتی غەززە ڕادەگەیەنێت

وێنەی ئەرشیڤ: سەرۆک دانۆڵد ترامپ لەگەڵ ستیڤ ویتکۆڤ، دوای بەشداریکردن لە کۆبوونەوە دوو قۆڵییەکان لە بارەگای نەتەوە یەکگرتووەکان لە نیویۆرک، 23ی نۆی 2025

نێردەی تایبەتی ئەمەریکا بۆ ئەرکەکانی ئاشتی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ستیڤ ویتکۆف، دەستپێکردنی قۆناغی دووهەمی پلانی سەرۆک ترامپ بۆ ئاشتی غەززە ڕادەگەیەنێت، کە تیایدا تیشک دەخرێتە سەر داماڵینی چەک و دامەزراندنی حوکمێکی تەکنوکرات و سەرلەنوێ بنیاتنانەوەی غەززە.

ویتکۆف دەستپێکردنی قۆناغی دووهەمی پلانی ئاشتی غەززەی سەرۆک دۆناڵد ترامپی ڕاگەیاند، ئەو پلانەی بووە هۆی مسۆگەرکردنی ئاگربەستێک لە مانگی دەی ساڵی ڕابردوو بۆ شەڕی دوو ساڵەی ئیسرائیلی هاوپەیمانی ئەمەریکا دژ بە گرووپی تیرۆرستی حەماس لە ناوچەی فەلەستینییەکان.

لە پۆستێکی ڕۆژی چوارشەممەدا لەسەر پلاتفۆرمی ئێکس، ویتکۆف ڕایگەیاند قۆناغی دووهەمی پلانەکەی ترامپ کە لە 20 خاڵ پێکدێت بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕی غەززە ئەو ململانێیە لە ئاگربەستەوە " بۆ داماڵینی چەک، دامەزراندنی حوکمێکی تەکنوکرات و بنیاتنانەوە" دەگوازێتەوە.

ترامپ لە مانگی نۆی ساڵی ڕابردوودا لە دانیشتنێکیدا لە کۆشکی سپی لەگەڵ بنیامین نەتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل، ئەو پلانە ئاشتییەی ئاشکرا کرد، کە نەتانیاهۆش پشتگیری لێکرد و دووپاتی کردەوە ئەگەر جێبەجێ بکرێت، ڕێگە بە ئیسرائیل دەدات ئامانجە جەنگییەکانی لە بەرامبەر حەماسدا مسۆگەر بکات.

پلانەکەی ئەمەریکا لە قۆناغی یەکەم داوای ئاگربەستی کرد و لە بەرامبەردا حەماس هەموو ئەو بارمتانەی لای ماونەتەوە ئازاد بکات، لەوانە ئەو بارمتانەی پـێشتر و لە کاتی هێرشە دڕندانەکەی بۆ سەر ئیسرائیل لە مانگی دەی 2023 دەستگیری کردبوون.

هەروەها داواش دەکات لە قۆناغی دووهەم چەکداماڵینی حەماس ئەنجامبدرێت لەلایەن هاوپەیمانێتییەکی وڵاتانی عەرەب و موسڵمان، کە ئەوانیش پشتگیریان لەو پێشنیازە کردووە.

ویتکۆف لە پۆستەکەی تۆڕی ئێکسدا ئاماژەی بەوە کردووە کە قۆناغی دووهەمی پلانەکە "ئیدارەیەکی تەکنۆکراتی فەلەستینی کاتیی لە غەززە دادەمەزرێنێت، لیژنەیەکی نیشتمانی بۆ بەڕێوەبردنی غەززە (NCAG)، و دەستدەکات بە داماڵینی تەواوی چەکەکان و ئاوەدانکردنەوەی غەززە، بە پلەی یەکەم چەککردنی هەموو ئەو کەسانەی کە بەبێ مۆڵەت چەکیان پێیە."

ویتکۆف گوتیشی "ئەمەریکا پێشبینی دەکات حەماس بە تەواوی پابەند بێت بە ئەرکەکانییەوە، لەوانەش گەڕانەوەی تەرمی دوا بارمتە. شکستهێنان لە جێبەجێکردنی ئەمانە دەرەنجامی ڕژد بەدوای خۆیدا دەهێنێت."

لە دوو مانگی دوای جێبەجێکردنی ئاگربەستی 10 ی ئۆکتۆبەر، حەماس دوایین 20 بارمتەی زیندووەکەی ئازاد کرد کە هەموویان ئیسرائیلی بوون. هەروەها تەرمی 27 بارمتەش لە کۆی 28 تەرمی کە لە غەززە مابوونەوە ڕادەستکردەوە.

نەتانیاهۆ سوورە لەسەر ئەوەی تەرمی دوایین بارمتە ڕادەستبکرێتەوە کە ئەفسەرێکی پۆلیسی ئیسرائیل بوو بە ناوی ڕان گڤیلیش.

ڕێبەرانی حەماس دەڵێن چەک دانانێن، ئەمەش شتێکە سەرۆک ترامپ دەڵێت حەماس بەڵێنیان دابوو ئەنجامی بدات کاتێک بە ئاگربەستەکە ڕازیبوو. سەرۆک ترامپ چەندین جار هۆشداری داوەتە حەماس کە چەک داماڵن! ئەگەر نا ڕووبەڕووی چارەنووسێکی ترسناک دەبنەوە.

وەک لە قۆناغی یەکەمی پلانەکەی سەرۆک ترامپدا هاتووە، ئیسرائیل بەرامبەر ئازادکردنی بارمتە زیندووەکان و تەرمی بارمتە کوژراوەکان، دوو هەزار زیندانی فەلەستینی ئازادکرد کە لەسەر ئەنجامدانی تاوانی دژی ئاسایشی ئیسرائیل دەستگیریکردبوون. هەروەها تەرمی سەدان فەلەستینی کوژراوی ڕادەستکرد. لە هەمان کاتدا هێزەکانی ئیسرائیل کشاوەنەتەوە بۆ هێڵێکی نوێی زەرد لە غەززە، و ئەمەش وایکردووە نیوەی ئەو ناوچەیە کۆنترۆڵ بکەن کە هاوسنوورە لەگەڵ سنووری ئیسرائیل و میسر.

ویتکۆف گوتیشی قۆناغی یەکەمی پلانی غەززە هەروەها "یارمەتی مرۆیی مێژوویی گەیاندە" هاووڵاتیانی مەدەنی فەلەستینی لە کەرتی غەززە، کە زۆربەیان ماڵەکانیان لەدەستدا لە کاتێکدا شەڕەکە درێژەی کێشا و ناوچەکانی دانیشتوانی سڤیلی وێرانبوون بەوەی چەکدارانی حەماس وەک بنکە و سەنگەر بەکاریان دەهێنان.

ئاگربەستی غەززە لە مانگی ئۆکتۆبەرەوە بەردەوام بووە و هیچ شەڕێکی گەورە ڕووینەداوەتەوە، تەنانەت لە کاتێکدا ئیسرائیل ناوبەناو هێرشی کردووە بە پشتیوانی زارەکی ئەمەریکا بۆ سەر ئەندامانی حەماس کە دەڵێن ئاگربەستیان شکاندووە و هێڵی زەردیان بەزاندووە.

ویتکۆف وتی "ئێمە زۆر سوپاسی میسر و تورکیا و قەتەر دەکەین بۆ ئەو نێوەندگیرییانەی ئەمڕۆ بوونەتە هۆی بەرەوپێشچوونەکان."