وەزیرانی دەرەوەی گرووپی حەوت وڵاتانی پیشەسازی (G7) لە بەیاننامەیەکدا کە سەرلەبەیانی ڕۆژی پێنجشەممە، 15ی مانگی یەک بڵاویان کردووتەوە، ڕایدەگەیەنن ئەگەر کۆماری ئیسلامی بەردەوام بێت لە سەرکوتکردنی خەڵکی ناڕازی، ئامادەن لە جێبەجێکردنی ڕێوشوێنی سنووردارکردن لە دژی کۆماری ئیسلامی.
بەیاننامەی وەزیرانی دەرەوەی گرووپی حەوت بە دەربڕینی "نیگەرانی قووڵ" سەبارەت بە بارودۆخی ئێران، ڕایانگەیاندووە خەڵکی ئێران بوێرانە خواستی ڕەوای خۆیان بۆ ژیانێکی باشتر، کەرامەت و ئازادی دووپات دەکەنەوە و ئێمە بە توندی دژی سەرکوتکردنی دڕندانەی خەڵکین لە لایەن دەسەڵاتدارانی کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە.
وەزیرانی دەرەوەی گرووپی حەوت نیگەرانی قووڵیان له ژمارەی کوژراوان و برینداران لەلایەن کۆماری ئیسلامییەوە دەربڕیوە و بەکارهێنانی به ئەنقەستی توندوتیژی و کوشتنی خۆپیشاندەران و دەستبەسەرکردنی هەڕەمەکی و تاکتیکی تۆقاندن لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە لەبەرامبەر خۆپیشاندەران سەرکۆنە دەکەن.
لە کۆتایی بەیاننامەکەدا ئەندامانی گرووپی حەوت هەروەها ڕایانگەیاندووە ئامادەن ڕێوشوێنی سنووردارکردنی زیاتر بگرنەبەر ئەگەر حکومەتی ئێران بەردەوام بێت لە سەرکوتکردنی ناڕەزایەتییەکان کە ئەمەش پابەندبوونە نێودەوڵەتییەکانی مافی مرۆڤ پێشێل دەکات. ئەندامانی گروپی حەوت بریتین لە کەنەدا، فەرەنسا، ئەڵمانیا، ئیتاڵیا، ژاپۆن، بەریتانیا و ئەمەریکا.
گرووپی حەوت: ئەگەر سەرکوتکردنی خەڵک بەردەوام بێت، ئامادەین هەنگاو بەرامبەر کۆماری ئیسلامی بگرینە بەر
کۆبوونەوەی وەزیرانی گرووپی حەوت