کەناڵی 14ی ئیسرائیل بڵاویکردوەتەوە سەرکردەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران لە ماوەی دوو ڕۆژی ڕابردوودا یەک ملیار و نیو دۆلاریان بۆ ئەکاونتەکانی خۆیان لە دوبەی گواستوەتەوە.
ئەو دەزگا هەواڵییە بە پشتبەستن بە شارەزایانی ئاگادار لە چالاکییە ئابوورییەکانی سوپای پاسداران، بانگەشەی ئەوەی کردووە لە چەند کاتژمێری ڕابردوودا یەک ملیار و 500 ملیۆن دۆلاریان لە ئێرانەوە نەک لە ڕێگەی بانکەکانەوە، بەڵکو لە ڕێگەی دراوی دیجیتاڵییەوە، بۆ یەک شوێنی دیاریکراوی کە ئەویش دوبەیە، گواستووەتەوە.
ئەو سەرچاوەیە نووسیویەتی، موجتەبا خامنەیی کوڕی ڕێبەری کۆماری ئیسلامی ئێران کە یەکێک لە جێنشینە ئەگەرییەکانی خامنەییە، یەکێک بووە لەو کەسانەی کە دەستیان لە گواستنەوەکاندا هەبووە و نزیکەی 328 ملیۆن دۆلاری بۆ شوێنی ئاماژە پێکراو گواستووەتەوە.
لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا و لەگەڵ تەشەنەسەندنی ناڕەزایەتییەکان، دەنگۆی ئەوە هەیە کە ڕەنگە ڕێبەر و بەرپرسانی باڵای کۆماری ئیسلامی بەرەو مۆسکۆ هەڵبێن.
تەنانەت دۆناڵد ترامپ، سەرۆکی ئەمەریکا لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ فۆکس نیوز، لە وەڵامی پرسیارێکدا سەبارەت بەوەی ئایا عەلی خامنەیی بەنیازە بەرەو ڕووسیا هەڵبێت، وتی ئەو بەنیازە بچێتە شوێنێک.
ساڵێک لەمەوبەر لەگەڵ پێشڕەوی هێزەکانی ئەحمەد شەرع لە سوریا، بەشار ئەسەد دیکتاتۆری ئەو وڵاتە بەرەو مۆسکۆ هەڵهات.