چەند سەرچاوەیەک: سەرۆک ترامپ دەیەوێت هەر کردەوەیەکی لەشکری لە دژی ئێران خێرا و یەکلاییکەرەوە بێت

کاربەدەستێکی ئەمەریکا و دوو کەسی ئاگادار لە کۆبوونەوەکان و کەسێکی نزیک لە کۆشکی سپی دەڵێن سەرۆک ترامپ بە تیمی ئاسایشی نیشتمانی وتووە، ئەو دەیەوێت کردەوەیەکی لەشکری خێرا و یەکلاییکەرەوە لە دژی ئێران ئەنجام بدرێت نەک شەڕێکی درێژخایەن بگاتە چەندین هەفتە یان چەندین مانگ.

کەناڵی ئێن بی سی نیوزی ئەمەریکایی ئەم هەواڵەی ڕۆژی چوارشەممە بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند ڕاوێژکارانی سەرۆک ترامپ هەتا ئێستا ناتوانن دڵنیا ببن لەوەی پاش وەشاندنی گورزی لەشکری لە دژی ڕژێمی ئێران ئەو ڕژێمە بە خێرایی هەرەسبهێنێت. دەشڵێت بەپێی کاربەدەستەکە و دوو کەسەکەی ئاگادارن لە کۆبوونەوەکانی سەرۆک ترامپ، نیگەرانییەک هەیە لەوەی لە ئێستادا ئەمەریکا نەتوانێت وەک پێویست پارێزگاری لە هاوپەیمان و دۆستەکانی لە ناوچەکە بکات ئەگەر ڕژێمی ئێران کاردانەوەی لەشکری هەبێت.

بەرپرسێکی کۆشکی سپی لە وەڵامی پرسیارێکی ئێن بی سی سەبارەت بە وردەکاری گفتوگۆکان و بڕیارەکانی سەرۆک ترامپ بەرامبەر بە ئێران، ئاماژەی بە لێدوانەکانی پاش نیوەڕۆی چوارشەممەی سەرۆکی ئەمەریکا کرد لە ئۆفیسی ئۆڤاڵ کە بە ڕۆژنامەنووسانی ڕاگەیاند ڕژێمی ئێران کوشتنی خۆپیشاندەران و هەروەها پلانەکانی بۆ لەسێدارەدان ڕاگرتووە.

سەرۆک ترامپ ڕۆژی چوارشەممە لە نووسینگەکەی خۆی کاتێک پرسیاری لێکرا، ئایا ئەوە مانای بەلاوەنانی کردەوەی لەشکرییە، ئەویش لە وەڵامدا وتی ئێمە چاودێری دۆخەکە دەکەین و با بزانین شتەکان چۆن دەڕۆن.

بەرپرسەکەی کۆشکی سپی وتیشی هەر یەکێک لەو کارانە دەکرا وەڵامی لەشکری ئەمەریکای لێبکەوێتەوە، بەڵام هەتا ئیستا ئەوانە ڕوویاننەداوە.

بەپێی کاربەدەستەکە و یەکێک لەو کەسانەی ئاشنان بە گفتوگۆکان، سەرۆک ترامپ ڕۆژی سێشەممە بۆ تیمی ئاسایشی نیشتمانی خۆی ڕوونکردوەتەوە ئامانجی چییە لە هەر کردەوەیەکی لەشکری لە دژی ڕژێمی ئێران و وەزارەتی بەرگریش بژاردە گونجاوەکانی لەگەڵ سەرۆک داڕشتووە و خستوویانەتە بەردەم سەرۆک ترامپ.

لەوەتای 28 ی مانگی دوازدەی 2025 خۆپیشاندان و ناڕەزایەتییەکان لە ئێران دەستیانپێکرد بەهۆی خراپی ژیان و گوزەرانیان. ڕژێمی ئێرانیش بە شێوەیەکی دڕندانە ڕووبەڕوویان بووەوە و بەپێی زانیارییەکان بە هەزاران کەس کوژراون یان برینداربوون. هەروەها ڕژێم هەموو ئامرازەکانی پەیوەندی بە دەرەوەی وڵاتەکە بڕیوە هەتا تاوانەکانی بشارێتەوە.