سەرکردەیەکی سوننەی عێراقی: هەر لایەنێک پشتیوانی لە ئێران بکات کێشە بۆ هەموومان لە عێراق دروست دەکات

سەرکردەیەکی سوننەی عێراقی بە دووری نازانێت هێزە چەکدارە شیعەکانی عێراق بەشداری لە سەرکوتکردنی خۆپیشاندەرانی ئێران بکەن.

ئیسماعیل حەدیدی سەرکردەی باڵای سوننە لە عێراق بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند " ژمارەیەکی زۆر لایەن لە ناو عێراقدا هەن کە نزیکی ئێرانن. دەکرێت ئێران داوای یارمەتییان لێبکات ئەگەر پێویست بوو."

هەرچەندە دەڵێت دڵنیا نییە ئەگەر لە ئێستاوە بەشدار بووبن بەڵام " دڵنیایە لەوەی خواست هەیە بۆ بەشداری کردن."

هەر ئەمڕۆ چوارشەممە سەرچاوەیەکی بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند ئێوارەی سێشەممە نزیکەی 40 ئۆتۆمبێلی هێزەکانی نوجەبا، لە مەرزی مونزرییەوە چوونەتە نێو ئێرانەوە بۆ هاوکاریکردنی حکومەتی ئێران لە سەرکوتکردنی خۆپیشاندەران.

ماڵپەڕی میدیالاینیش دەڵێت دەیان پاسی پڕ لە هێزی چەکدار بە نێوی زیارەتەوە لە عێراقەوە ڕەوانەی ئێران کراون. کە گومان دەکرێت چەکدارە شیعەکانی تێدا بووبن.

بەگوێرەی ئەو زانیارییانەی لەلایەن سەرچاوە ناوخۆییەکانی عێراقەوە بۆ ماڵپەڕی ئەمەریکایی میدیالای بۆ ڕووماڵکردنی هەواڵەکانی ئێران و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، پشتڕاستکراوەتەوە تا ئێوارەی یەکشەممە ، زیاتر لە 60 پاس لە سنووری عێراقەوە چوونەتە ناو ئێرانەوە. هەریەک لەو پاسانە نزیکەی 50 کەسی تێدا بووە.

ئیسماعیل حەدیدی بە بەشی کوردی دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند " ئەمەریکا چاودێری ڕەوشەکە لە عێراق دەکات و هەر بەشدارییەکی هێزێکی عێراقی لەو کێشانەی ئێراندا عێراقیش دەکات بە بەشێک لە کێشەکە."

دەشڵێت هەر لایەنێکی عێراقی پشتیوانی ئێران بکات کێشە بۆ هەموومان دروست دەکات و " بۆی هەیە هێرشیش بکرێتە سەرمان. من ناخوازم عێراق بە هیچ جۆرێک بەشداری بکات."