لە سێهەمین حەفتەی شەپولی نوێی ناڕەزایەتییەکانی دژ بە حکومەت لە ئێران و هاوکاتی داخستنی ئینتەرنێت و پەیوەندییەکان لەلایەن کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە، دەنگی ئەمەریکا توانیوێتی کۆمەڵێک زانیاری نوێ و باوەڕپێکراو سەبارەت بە دۆخی ئێستای ئەو وڵاتە بەدەستبهێنێت.
زانیارییەکان باس لەوە دەکەن خۆپیشاندانەکان هێشتا بەردەوامن و چەندین سەرچاوەی باوەڕپێکراو لە تاران، مەشهەد، ئەسفەهان و کەرەج بە دەنگی ئەمەریکایان ڕاگەیاندووە ڕاپۆرتە بڵاوکراوەکان سەبارەت بە سەرکوتکردن و کوشتاری خەڵک لەلایەن کۆماری ئیسلامییەوە تەنیا بەشێکی کەمن لەو تاوانانەی کە کۆماری ئیسلامی لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا ئەنجامی داوە.
بەگوێرەی ئەو سەرچاوانە، هێزی قودسی سەر بە سوپای پاسداران و میلیشیا بیانییەکانی بە تایبەتی فیرقەی فاتمیون و زەینەبیون کە دوو گروپی میلیشیان لە شیعەی ئەفغانستان و پاکستان پێکهاتوون، ڕۆڵی سەرەکییان هەبووە لە کوشتنی خەڵک لەم ڕۆژانەدا.
سەرچاوەکە دەڵێت "ئەمانە لەسەر شەقامەکاندا خەڵک دەکوژن. ئەم هێزانە ژمارەکەیان نزیکەی 100 هەزار کەسە. کۆماری ئیسلامی ئەم هێزانە بەکاردەهێنێت چونکە هەموو خەڵکی ئێران هاتوونەتە سەر شەقام."
دەشڵێت "تەنانەت لە چەند شار و گەڕەکێکدا کە دانیشتوانەکانیان ئایینین و ژنانی باڵاپۆشیش بەشداری خۆپیشاندانیان کردووە، ئەم هێزانە سەرکوتیان کردوون، سەرکوتکردنەکە کاری ئەو هێزانەی فاتمینو و زەینەبیونیش بووە."
سەرچاوەکان دەڵێن چوونکە مانەوەی ئەم گرووپانە بە مانەوەی کۆماری ئیسلامییەوە بەندە، بۆیە هیچ بەزییەکیان بۆ خەڵکی ئێران تێدا نییە.
سەرچاوەکە بە دەنگی ئەمەریکا دەڵێت "ئەوان ناچارن ئەم ڕژێمە بپارێزن، چونکە لە ئەفغانستان هیچ شوێنێکیان نییە و ئەگەر ئەم ڕژێمە بکەوێت، کێشەی زۆر جددیان بۆ دروست دەبێت."
دەشڵێت "هەروەها ڕاپۆرت هەیە کە هێزەکانی حەشدی شەعبیش تێوەگلاون. بەڵام جیاوازیی نێوان فاتمیۆن و زەینەبیون لەگەڵ حەشدی شەعبی ئەوەیە کە ئەندامانی ئەم دوو هێزە لە ناوخۆی وڵاتدا لە ژێر بارودۆخی ئاساییدا و بە شێوەیەکی سەرەکی کاری بیناسازی لە شارە گەورەکان یان کاری خزمەتگوزاری دیکە ئەنجام دەدەن و هەر بۆیەش هەموو شوێنێکی شار و گوندەکانمان شارەزان و شارەزاییان بە زمانی فارسیش یارمەتیدەرە لە سەرکوتکردنی چڕتری خەڵک."
ئەو زانیاریانەی گەیشتوەتە دەستی دەنگی ئەمەریکا، دەریدەخەن کە هێزەکانی حکومەت لە شارەکانی سنە، تاران، مەشهەد و ڕەشت، دیش و وەرگرەکانی ماهوارە کۆدەکەنەوە."
چەند شایەتحاڵێک لە شاری سنە قسەیان لەگەڵ دەنگی ئەمەریکا کردووە و ڕایانگەیاندووە هێزە ئەمنییەکان لەگەڵ دادوەرێک دەچنە سەر ماڵی خەڵک و دادوەرەکە دەسەڵاتی ئەوەی هەیە بچێتە ناو ماڵەکانەوە و هەروەها ئەو هێزانە بۆ ئەوەی خەڵک دەرگایان لێبکەنەوە وا خۆیان نیشان دەدەن کە کارمەندی کۆمپانیای کارەبا، ئاو یان گازن و هەر کە دەرگاکە کرایەوە، دەچن دیش و ئامێرە وەرگرەکانی ماهوارەکان دەبەن.
شایەتحاڵەکان دەشڵێن هێزەکان لە ژمارەیەک ماڵدا تەنانەت مۆبایل و لاپتۆپیان بردووە و ئەگەر دەرگاشیان لێنەکرێتەوە، ئەوا بە زۆر هەڵدەکەوتنە سەر ماڵەکان .
لەگەڵ ئەوەدا لە پاش نیوەڕۆی سێشەممەوە لە ناوخۆی ئێرانەوە هەندێ لە خەڵک بە شێوەیەکی سنووردار توانیویانە پەیوەندی بە خێزانەکانیانەوە لە دەرەوەی وڵات بکەن، بەڵام بە پێی هەندێ بەڵگە دەستی دەنگی ئەمەریکا کەوتووە، لانیکەم لە دوو حاڵەتدا پەیوەندی تەلەفۆنی هاووڵاتیان لە لایەن هێزە ئەمنییەکانی ئیتلاعاتی کۆماری ئیسلامییەوەگوێی لێگیراوە.
هەروەها بە پێی ئەو زانیارییانەی دەستی دەنگی ئەمەریکا کەوتوون، پەیوەندییەکانی تۆڕی ستارلینک لە 31 خاڵدا لە ئێران چالاکن.
بەگوێرەی ئەم ڕاپۆرتانە، نزیکەی لەسەدا 50ی ئەو پەیوەندیانە لە تاران و نزیکەی لەسەدا 11 لە پارێزگای فارس و نزیکەی لەسەدا 10 لە ئەسفەهان و پەیوەندییەکانی دیکەش لە ناوچەکانی دیکەی وڵات چالاکن.