سیناتۆری کۆماری لینزی گراهام هۆشداری دا بە حکومەتی نوێی سوریا کە پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ لە دژی کەمینەکان جێی لێخۆشبوون نییە و هەروەها هێرشکردنە سەر هاوپەیمانە کوردەکانیان جێی قبوڵ نییە.
سیناتۆر گراهام لە ڕێگەی پێگەکەی لەسەر ئێکس نووسیویەتی،"بە تەواوی پشتیوانی لە بانگەوازەکەی سیناتۆر ڕیش دەکەم بۆ هێورکردنەوەی دۆخەکە لە سوریا، حکومەتی سوریا ئەوەش بزانێت کە پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ دژی کەمایەتییەکان جێی قبوڵ نییە. ئەوەی زیاتر نیگەرانم دەکات ئەوەیە ڕاپۆرتم پێدەگات کە لەو بڕوایەدام ڕاستن ئاماژە بەوە دەکەن هێزە چەکدارەکانی سوریا لەگەڵ تورکیا ڕەنگە هەنگاوی زیاتر بنێن لە دژی هاوپەیمانە کوردەکانمان، ئەوەش هەنگاوێک دەبێت کە بڕوام وایە کاردانەوەی توندی ئەمەریکای لێدەکەوێتەوە.
هەرچەندە لەگەڵ ئەوەدام دەرفەتێک بە حکومەتی نوێی سوریا بدرێت، بەڵام چاوپۆشی ناکەم و قبوڵی ناکەم هێرشێکی ملهوڕانە بۆ سەر هاوپەیمانە کوردەکانمان بکرێت کە هێزی سەرەکی بوون لە تێکشکاندنی خەلافەتی داعش و هەروەها بە درێژایی ساڵان هاوپەیمانی بەهێزی ئیسرائیل بوون.
بۆ حکومەتی سوریا و تورکیا: ژیرانە ڕەفتار بکەن."
سیناتۆر جم ڕیش بەرپرسی کۆمیتەی پەیوەندییە دەرەوەییەکانی سینات، ڕۆژی سێشەممە ڕایگەیاند " نیگەرانییەکی قوڵم هەیە لەمەڕ ڕەفتاری هێزە چەکدارەکان لە حەلەبی سوریا، لە ماوەی هەفتەی ڕابردوودا و داوا لە حکومەت دەکەم ئەو کەسانە بەرپرسیار بکات کە ئەم جۆرە کردارە قێزونانە ئەنجام دەدەن. پاش چەندین ساڵی شەڕ، ڕۆڵی حکومەتی نوێی سوریا و هێزە چەکدارەکان ئەوەیە مافە سروشتییەکانی هاووڵاتیان بپارێزن."