سێنتکۆم داوا لە لایەنەکانی سوریا دەکات بگەڕێنەوە سەر مێزی دانوستاندن

فەرماندەیی ناوەندیی ئەمەریکا (سێنتکۆم) لە بەیاننامەیەکدا داوای لە سەرجەم لایەنەکانی سوریا کردووە هەتا دەتوانن دان بەخۆیاند بگرن و خۆیان لە پەرەسەندنی گرژییەکان بەدوور بگرن.

ڕاگەیاندنەکەی ئەدمێراڵ براد کوپەر، کە لەسەر پلاتفۆرمی ئێکسی سێنکۆم بڵاوکراوەتەوە، دەڵێت "ئێمە لە نزیکەوە چاودێری پێشهاتەکانی حەلەب و دەوروبەری دەکەین". ئاماژەی بەوەشکردووە، "داوا لە هەموو لایەنەکان دەکەین ئەوپەڕی خۆڕاگربن، خۆیان لەو کارانە بە دووربگرن کە دەبنە هۆی زیادبوونی گرژییەکان. پاراستنی خەڵکی مەدەنی و بونیادە گرنگەکان بکەن بە ئەرکی سەرەکییان."

کوپەر دەشڵێت " ئێمە بەردەوام داوا لە هەموو ئەکتەرە پەیوەندیدارەکان دەکەین، بە نیازێکی باشەوە بگەڕێنەوە سەر مێزی دانوستاندن. بۆ بەدەستهێنانی چارەسەرێکی بەردەوام بە ڕێگای دیالۆگ."

ئەدمێرال براد کوپەر گوتیشی "وەک پێشتریش باسمکردووە، سوریایەک کە ئاشتی لە ناوخۆ و لەگەڵ دراوسێکانیدا هەبێت، دەتوانێت ڕێگا بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستێکی ئاوەدان و ئارام خۆش بکات."

گوتیشی "ئەمەریکا و سوریا بەرژەوەندی هاوبەشیان هەیە لە پاراستنی ئاشتی و سەقامگیری لە ناوچەکەدا."