سی بی ئێس: ژمارەی کوژراوانی خۆپیشاندانەکانی ئێران لە نێوان 12 بۆ 20 هەزار کەس مەزەندە دەکرێت

ڕاپۆرتێکی نوێی کەناڵی سی بی ئێس نیوز باس لەوە دەکات کۆماری ئیسلامی ئێران لەوەتای خۆپیشاندانی سەرتاسەری ئێران دەستیپێکردووە، تاکو ئێستا 12 بۆ 20 هەزار خۆپیشاندەری کوشتووە.

سەرەڕای ئەو کۆمەڵکوژییە بێوێنە و خوێناوییە، خۆپیشاندەرانی ئێران بەردەوامن لە خەبات بۆ ئازادی لە شەقامەکاندا. لە ڕاپۆرتەکەی کەناڵی سی بی ئێسدا هاتووە "ئەو زانیاریانەی کە ڕۆژی سێشەممە وردە وردە لە ئێرانەوە دەرچوون، ئەوە پیشان دەدەن سەرکوتکردنی زیاتر لە دوو هەفتەی ناڕەزایەتییە بەربڵاوەکانی دژ بە حکومەت لەلایەن حکومەتەوە ڕەنگە زۆر کوشندەتر بووبێت لەوەی چالاکوانانی دەرەوەی وڵات ڕایانگەیاندووە."

لە ڕاپۆرتەکەدا هەروەها هاتووە بەهۆی ئەوەی کە هێڵە تەلەفۆنییەکان هێشتا بەشێکیان کراوەن بۆ پەیوەندییەکانی ناو کۆماری ئیسلامی، دوو سەرچاوە لەنێویاندا یەکێکیان لە ناوخۆی ئێران بە سی بی ئێس نیوزیان ڕاگەیاندووە، لانیکەم 12 هەزار کەس کوژراون ڕەنگە ژمارەی کوژراوەکان تا 20 هەزار کەسیش بێت.

ئیڤێت کوپەر، وەزیری دەرەوەی بەریتانیا ڕۆژی سێشەممە لە پەرلەمانی بەریتانیا ڕایگەیاند حکومەتی بەریتانیا پێیوایە "ئەگەری ئەوە هەیە نزیکەی دوو هەزار کەس کوژرابن، بەڵام ژمارەکان زیاترن." ئاماژەی بەوەشکردووە نیگەرانی من ئەوەیە کە لە کۆتاییدا ژمارەکە بە شێوەیەکی بەرچاو زۆر لەوە زیاتریش دەبن.

بەگوێرەی ڕاپۆرتی کەناڵی سی بی ئێس، دڵنیابوون لە ژمارەی ڕاستەقینەی کوژراوان ئەستەمە، چونکە دەسەڵاتدارانی ئێران لە ماوەی پێنج ڕۆژی ڕابردوودا خزمەتگوزاری ئینتەرنێت و تەلەفۆنیان لە سەرانسەری وڵاتدا پچڕاندووە.

لە کاتێکدا کە داخستنی ئینتەرنێتی ئێران بۆ چەندین ڕۆژ لەسەر یەک بەردەوامە، بەڵام هەندێک لە ئێرانییەکان ڕۆژی سێشەممە توانیویانە پەیوەندی تەلەفۆنی لەگەڵ دەرەوەی وڵات بکەن، هەرچەندە پەیوەندییەکان لە دەرەوە بۆ ئێران هێشتا ڕێگە پێدراونین.
سەرچاوەیەک لە ناوخۆی ئێران کە توانیویەتی لە وڵاتەکە دەربچێت، ڕۆژی سێشەممە بە کەناڵی سی بی ئێس نیوزی ڕاگەیاندووە هێزە ئەمنییەکان سەردانی زۆرێک لە نەخۆشخانە تایبەتەکانی تارانیان کردووە و هەڕەشەیان لە کارمەندانی پزیشکی کردووە ناو و ناونیشانی ئەو کەسانەیان پێ بدەن کە بەهۆی ناڕەزایەتییەکانەوە برینداربوون و چارەسەریان وەرگرتووە.

سی بی ئێس نیوز جەختی لەوە کردەوە، نەیتوانیوە بە شێوەیەکی سەربەخۆ ئەو ئامارە شۆککەرە پشتڕاست بکاتەوە کە چەند هێندە زیاترە لەو ئامارانەی لەلایەن گروپەکانی مافی مرۆڤ بە شێوەیەکی سەربەخۆ لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا ڕاگەیاندراوە. هەرچەندە ئەم گرووپانە بە بەردەوامی پێداگرییان لەسەر ئەوە کردووە، خەمڵاندنەکانیان زۆر کەمترە لە ژمارە ڕاستەقینەکان.

سی بی ئێس نیوز هەروەها پشتڕاستی کردەوە گرتەیەکی ڤیدیۆیی کە ڕۆژی سێشەممە لە ڕێگەی ئۆنلاینەوە بڵاوکراوەتەوە، تەرمی لانی کەم 366 خۆپیشاندەر پیشان دەدات کە لە ناڕەزایەتییەکاندا گیانیان لەدەستداوە و لە مردووخانەیەکی تاران کەڵەکە بوون.

لە ڤیدیۆکەدا دەردەکەوێت کارمەندانی پزیشکی دادوەری برینێکی ترسناکیان لەسەر تەرمەکان بەڵگە کردووە، هەروەها جەماوەرێکی زۆر لە خەڵک کە پێدەچێت هەوڵی ناسینەوەی کوژراوەکان بدەن. بە پشتبەستن بەو وێنانەی لە ڤیدیۆکەدا بینراوە، برینەکان زۆر سەختن و برینەکانی گولە و برینەکانی دەمانچە و بڕین و برینداری سەختی دیکە لەخۆدەگرن.