سەرۆکی ژووری بازرگانی و پیشەسازی هەولێر: هیچ ڕێنماییەکمان لە بەغداوە لەسەر بڕیارەکەی ترامپ دژ بە بازرگانی کردن لەگەڵ ئێراندا پێنەگەیشتووە

ژووری بازرگانی هەولێر

سەرۆکی ژووری بازرگانی و پیشەسازی هەولێر سەبارەت بە بڕیارەکەی سەرۆک ترامپ بۆ دانانی باج لەسەر هەر وڵاتێکی کە بازرگانی لەگەڵ ئێراندا بکات دەڵێت، هەر بڕیارێک لە کۆماری عێراقەوە بدرێت بێگومان هەرێمی کوردستانیش پێوەی پابەندە.

گەیلان حاجی سەعید، سەرۆکی ژووری بازرگانی و پیشەسازی هەرێم ئێوارەی سێشەممە بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند لەسەر ئەو بڕیارە " هەتا ئێستا هیچ ڕێنماییەکمان لە یەکێتی ژوورە بازرگانییەکانی عێراقەوە پێنەدراوە."

سەبارەت بە جۆری بازرگانییەکان لەگەڵ ئێراندا دەڵێت بازرگانییەکی فراوانمان هەیە و کەلوپەلەکانیش بریتین " لە کەلوپەلی بیناسازی، خواردەمەنی و کەلوپەلی تریش لە ئێرانەوە هاوردە دەکرێت."

گەیلان حاجی سەعید باس لە پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان لەگەڵ ئەمەریکاشدا دەکات و نکوڵی لە هاوکارییەکانی ئەمەریکا بۆ هەرێمی کوردستان ناکات و دەڵێت ئەمەریکاش لەوە تێدەگات کە هەرێم پابەندە بە بڕیارەکانی بەغداوە.

Your browser doesn’t support HTML5

HZ.wav

سەرۆک دۆناڵد ترامپ ئێوارەی دووشەممە ڕایگەیاند هەر وڵاتێک بازرگانی لەگەڵ کۆماری ئیسلامی ئێراندا بکات ئەوا چ کاڵایەکی هەناردەی ئەمەریکا بکرێت 25% باجی لەسەر وەردەگیرێت.

سەرۆکی ئەمەریکا لە پلاتفۆرمی تروث سوشال ڕۆژی دووشەممە ئەم بڕیارەی ڕاگەیاند کە تیایدا نووسیویەتی، "دەستبەجێ و لە ئێستاوە، هەرچ وڵاتێک بازرگانی لەگەڵ کۆماری ئیسلامی ئێراندا بکات دەبێت بە ڕێژەی 25% گومرگ بدات لەسەر هەر مامەڵەیەکی بازرگانی لەگەڵ ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکادا. ئەمە بڕیارێکی کۆتایی‌ و یەکلاکراوەیە. سوپاس بۆ گرنگیدانتان بەم پرسە!"