دکتۆرعەباس فەتلاوی سەرکردە لە گردبوونەوەی سەربەخۆی عێراقی سەبارەت بە کاریگەری خۆپیشاندانەکانی ئێران لەسەر عێراق دەڵێت زۆر بە وردی چاودێری دۆخی ئێران دەکرێت لە کاتێکدا خۆپیشاندانەکان کە بۆ باشکردنی دۆخی ژیان و گوزەران بوو بەم دواییە گۆڕا بۆداواکاری سیاسی و کۆتاییهاتنی دەسەڵات.
دکتۆر فەتلاوی بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند "ئەگەر ئەم خۆپیشاندانانە سەرکەوتووبن گۆڕانکارییەکی گەورە لە واقعی ناوچەکە ڕوودەدات و کاریگەری ڕاستەوخۆی لەسەر شانۆی سیاسی عێراقی دەبێت لە ناویاندا ئەو هێزانەی کە پشتیان بە دەسەڵاتی ئێرانی بەستووە."
گوتیشی "ئەگەر بێت و خۆپیشاندانەکانی ئێران سەربگرێت ئەم حزبە عێراقییانەی نزیک لە ئێڕان ناچارن گۆڕانکاری لە گوتاری سیاسی و مامەڵەیاندا بکەن و خۆیان بگونجێنن لەگەڵ دۆخی نوێی ناوچەکە. بەڵام ئەگەر خۆپیشاندانەکان شکستبهێنن کاریگەرییان دەبێت لەسەر خراپتربوونی ڕەوشی عێراق و پشتبەستنی زیاتر بە ئێران. هەروەها ئێرانیش بەردەوام دەبێت لەسەر بەکارهێنانی ئابوری عێراق بۆ ڕووبەڕوو بوونەوەی سزاکانی ئەمەریکا."
سەبارەت بە بەشداری ملیشا شیعەکانی سەر بە ئێران لەعێراق دکتۆر فەتلاوی گوتی " تا ئەم ساتە نە لەلایەن حکومەت و نە هێزە سیاسییەکانی نزیک لە ئێران هیچ ئاماژەیەکیان بە بەشداری کردنی هێزەکانی حەشدی شەعبی لە سەرکوتکردنەکانی ئێران نەداوە" دەشڵێت " پێموایە ئێران پێویستی بە عێراق و هێزە دەرەکییەکان نییە بۆ سەرکوتکردنی خۆپیشاندەران چونکە ئەزموونێکی زۆری لە سەرکوتکردنی ناڕەزاییەتییەکاندا هەیە."
بەڵام ئنتیفاز قەنبەر، شارەزای سیاسی و ڕاوێژکاری و وتەبێژی جێگری سەرۆک وەزیرانی عێراق لە تۆڕی ئێکس ڕایگەیاندووە "میلیشیا شیعەکانی عێراق ڕۆڵی تاوانکاری و قێزەونی خۆیان لە کوشتنی هەزاران گەنج و خۆپیشاندەری ئاشتیخوازی عێراقی لە ساڵی 2019 دووبارە دەکەنەوە، ئێستا وەک بەکرێگیراوی ڕژێمی نەخۆشی خامنەئی لە تاران چالاکی دەکەن و خۆپیشاندەرانی ئاشتیخوازانە لە ناوخۆی ئێراندا دەکوژن. ئەمەش تاوانێکی ئاشکرایە دژ بە مرۆڤایەتییە."
دەشڵێت حکومەتی عێراق " کە مووچەی ئەم میلیشیایانە دەدات و لە ژێر چەتری حەشدی شەعبیدا پەردەپۆشی سیاسی و یاسایییان بۆ دابین دەکات، دەبێت بە تەواوی بەرپرسیار بێت لەم دڕندەییانەی. ئەم هێزانە چیتر دامەزراوەی عێراق نین ئامرازی سەرکوتکردنی ئێرانن لە دەرەوەی سنوورەکانی عێراق."