لیندزی گراهام، سیناتۆری کۆماریی ڕۆژی سێشەممە 13ی مانگی یەک پۆستێکی سەرۆک دۆناڵد ترامپی سەبارەت بە ناڕەزایەتییەکانی ئێران دووبارە بڵاو کردووەتەوە و ڕایگەیاند پەیامی دۆناڵد ترامپ کە "یارمەتییەکان بەڕێوەن" بە واتای "شەپۆلێکی بەرفراوانی شەڕی سەربازی، ئەلیکترۆنی و دەروونی" دێت لە دژی کۆماری ئیسلامی.
گراهام لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئیکس نووسیویەتی سەرۆک ترامپ "بە دڵنیاییەوە ئۆباما نییە. بە بۆچوونی من کاتێک باس لە پاراستنی بەرژەوەندییە گرنگەکانی ئاسایشی نیشتمانی ئەمەریکا دەکرێت، ئەو دەبێتە (سەرۆک) ڕەیگنی دووهەم."
وتیشی "هیچ مەترسیەک گەورەتر لە دەسەڵاتی ئایینی نازی ئایەتوڵاکانی ئێران نییە بۆ سەر نەزمی جیهانی؛ ڕژێمێک کە بێبەزەییانە خەڵکی خۆی دەکوژێت و پشتیوانی لە تیرۆریزمی نێودەوڵەتی دەکات و خوێنی ئەمەریکاییەکانی ڕەشتووە."
ئەو سیناتۆرە کۆمارییە دەشڵێت "ئەو گورزە کوشندەیەی بەر ئایەتوڵا [خامەنەیی] دەکەوێت، تێکەڵێکە لە ئازایەتی نیشتمانپەروەرانەی باوەڕپێنەکراوی خۆپیشاندەران، لەگەڵ ئەو کارە یەکلاکەرەوەیەی سەرۆک ترامپ.”
خۆپیشاندەرە بێچەکەکان دەچنە سەر شەقام و ژیانی خۆیان دەخەنە مەترسییەوە، چونکە پێیانوایە سەرۆک ترامپ لەپشتیانە.
سیناتۆر گراهام وتی پەیامی دۆناڵد ترامپ سەبارەت بەوەی ڕایگەیاندووە یارمەتییەکان بەڕێوەن، "شەپۆلێکی گەورەی هێرشی سەربازی و ئەلیکترۆنی و شەڕی دەروونییە".
وتیشی "ئامانجی ئەمەریکا لەناوبردنی ئەو ژێرخانەیە کە کۆمەڵکوژی و کوشتنکاری خەڵکی ئێران کارا دەکات و هەروەها لەناوبردنی ئەو سەرکردانەیە کە بەرپرسیارن لەم کۆمەڵکوژییە."
سیناتۆر گراهام جەختی کردوەتەوە "کابوسە درێژخایەنەکەی خەڵکی ئێران بەم زووانە کۆتایی دێت، زۆر شانازی بە سەرۆک ترامپەوە دەکەم، با جارێکی دیکە ئێران شکۆمەند بکەینەوە. "