سیناتۆر جەیمس ڕیش لە لێدوانێکیدا بۆ بەشی کوردی دەنگی ئەمەریکا ڕایگەیاند، ناڕەزایەتییەکانی ئێران پەیامێکی بەهێز دەنێرن کە هیچ شتێک ناتوانێت ڕێگری لە داواکاری بۆ ئازادی بکات.
ڕیش باسی لەوەش کرد "دوای دەیان ساڵ لە ستەمکردن، ئێرانییەکان لە ساتێکی مێژووییدا ڕژاونەتە سەر شەقامەکان، تەنها ئێرانییەکان دەتوانن بڕیار بدەن کێ سەرکردایەتیان دەکات، بەڵام کۆنگرێس هەمیشە ڕوون بووە کە مەلاکانی ئێستا و ئایەتوڵاکان ئەکتەری خراپن."
ئەو سیناتۆرە کۆماریییە لە وەڵامی پرسیارەکەی بەشی کوردی دەنگی ئەمەریکادا ڕایشیگەیاندووە "ئەم ناڕەزایەتیانەی ئێران پەیامێکی بەهێز دەنێرن کە هیچ سنووردارکردنێک بۆ پەیوەندییەکان یان ئینتەرنێت ناتوانێت خواستی ئازادی ڕابگرێت."
ناڕەزایەتییەکانی دژ بە ڕژیم لە ئێران پێی ناوەتە حەڤدەهەمین ڕۆژەوە و لانیکەم دوو هەزار کەس کوژراون و هەزاران کەسیش بریندار بوون. خۆپیشاندانەکان شارەکانی سەرتاسەری ئێرانی گرتووەتەوە بە کوردستانیشەوە.
دەسەڵاتدارانی ئێران لە هەفتەی ڕابردووەوە ئینتەرنێتیان لەسەر ئاستی وڵات پچڕاندووە و گروپەکانی مافی مرۆڤیش دەڵێن حکومەتی ئێران بە شکستهێنان لە پەیوەندیکردن لەگەڵ خەڵکی مەدەنی توندوتیژییەکانی پەرەپێداوە.