وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا: سەرۆک ترامپ بیر لە "کۆمەڵێک بژاردەی بەهێز" دەکاتەوە

تۆمی پیگێت، جێگری وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا

وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا ڕایگەیاند سەرۆک ترامپ به وردی چاودێری بارودۆخی ئێران ده کات و تاووتوێی کۆمەڵە بژاردەیەکی بەهێز دەکات.

تۆمی پیگێت، جێگری وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا، ڕۆژی دووشەممە بە کەناڵی فۆکس نیوزی ڕاگەیاند ناڕەزایەتییە سەرتاسەرییەکانی ئێران دۆخێکە کە "ڕژێم بۆخۆی دروستیکردووە."

پیگێت بە جەختکردنەوە لەسەر ئەوەی کە ناڕەزایەتییە بەردەوامە سەرتاسەرییەکان "دەرئەنجامی توڕەبوونی ڕەوای خەڵکی ئێرانە"، وتیشی ڕژێم لە ئێراندا "دەیان ساڵە پێداویستییە سەرەتاییەکانی خەڵکەکەی وەک ئاو، خۆراک و وزە پشتگوێ خستووە و لەبری ئەوە پارەی زنجیرەیەک چالاکی ناشیرینی دابینکردووە، لەوانەش بەرنامەی چەکی ئەتۆمی کە سەرۆک ترامپ لەناوی بردووە."

ئاماژەی بەوەشکرد "سەرۆک لەمبارەیەوە قسەی کردووە، زۆر ڕوون قسەی کردووە. زۆر بە وردی چاودێری دۆخەکە دەکات."
جێگری وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا هەروەها جەختی لەوە کردەوە کە سەرۆکی ئەمەریکا بیر لە "کۆمەڵێک بژاردەی بەهێز" دەکاتەوە.

ناوبراو جەختی لەوە کردەوە کە ڕژێمی ئێران پێداویستییە سەرەتاییەکانی خەڵکی ئێرانی وەک "ئاو، خۆراک و وزەی پشتگوێ خستووە و پارەی وڵاتەکەی لە پێناو بەرنامەی چەکی ئەتۆمی، بەرنامەی مووشەکی، چالاکییە خراپەکانی پارە بۆ هێزە تیرۆریستییەکان، سەروەت و سامانە بەرفراوانەکەی ئەو وڵاتەی بەفیڕۆ داوە.

دۆناڵد ترامپ، سەرۆکی ئەمەریکا چەندین جار هۆشداریی داوەتەوە کۆماری ئیسلامی و هێزە سەرکوتکەرەکانی لە بەرامبەر کوشتنی خۆپیشاندەران.

سەرۆک چەندین جار لە لێدوانی ڕوون و ئاشکرادا دووپاتی کردووەتەوە ئەگەر حکوومەتی ئێران دەست بە کوشتنی خۆپیشاندەران بکات، ئەمەریکا دێتەدەنگ و کۆماری ئیسلامی دەکاتە ئامانج.