ڕۆبێرتا مێتسۆلا، سەرۆکی پەرلەمانی ئەوروپا رایگەیاند چوونەژوورەوەی دیپلۆماتکاران و نوێنەرانی کۆماری ئیسلامی ئێران لە باڵەخانەکانی پەرلەمانی ئەوروپا قەدەغە کرا.
سەرۆکی پەرلەمانی ئەوروپا لە پەیامێکدا لە تۆڕی ئێکس ڕایگەیاند لە کاردانەوە لە بەرامبەر بەردەوامبوونی سەرکوتکردنەکان لە ئێران بڕیاری داوە چوونە ناو هەموو شوێنەکانی پەرلەمانی ئەوروپا بۆ هەموو ئەندامانی ستافی دیپلۆماسی و نوێنەرانی دیکەی کۆماری ئیسلامی ئێران قەدەغە بکات.
ڕۆبێرتا مێتسۆلا لە پەیامەکەیدا بە ئاماژەدان بە ڕاپەڕینی سەرتاسەری و شۆڕشگێڕانەی خەڵکی ئێران، نووسیویەتی خەڵکی ئێران بوێرانە لە پێناو ماف و ئازادییەکانیان وەستاونەتەوە و پەرلەمانی ئەوروپا چی دیکە ناتوانێت بە ئاساییکردنەوە یان شەرعیەتدان بە حکومەتێک کە مانەوەی خۆی لەسەر ئەشکەنجە، سەرکوتکردن و کوشتنکاری بنیاتناوە، بەردەوام بێت.
سەرۆکی پەرلەمانی ئەوروپا هەروەها ڕایگەیاند کە ئەم پەرلەمانی ئەوروپایە چیتر هاوکار و هیچ کارێک ناکات کە ببێتە هۆی ڕەوایەتیدان بە کۆماری ئیسلامی. ڕۆبێرتا مێتسۆلا لە درێژەی هەڵوێستی ڕوونی خۆی بۆ پشتیوانی لە خۆپیشاندەرانی ئێران، لە پەیامێکی دیکەدا جەختی لەسەر مافی ئازادی و کەرامەتی مرۆڤ کردەوە و داواکارییەکانی ناڕازییان بە ڕوون و ڕەوا ناوبرد.
ناوبراو بە ئاماژەدان بە نەوەی نوێی ئێران، وتی خواستی ئازادی لە هەموو مرۆڤەکاندا بوونی هەیە، نەوەی نوێی نێو ئێران خوازیارن بە سەربەرزانە بژین و ئازادبن و لە ساڵی 2026دا ئەم داواکارییە نابێت بە داخوازییەکی گەورە یان قبوڵنەکراو هەژمار بکرێت.
سەرۆکی پەرلەمانی ئەوروپا وێرای سەرکۆنە کردنی سەرکوتکردنی خۆپیشاندەران، وتی دەبێت کوشتن ڕابگیرێت، زیندانیان ئازاد بکرێن و سەرکوتکردن کۆتایی پێبێت.
مێتسۆلا هەروەها لە درێژەی قسەکانیدا بۆ خۆپیشاندەرانی سەر شەقامەکانی ئێران وتی "بۆ کچە ئازا و خوێندکار و ژن و پیاوە ئازاکانی سەر شەقامەکان، پێتان دەڵێم ئەمە کاتی ئێوەیە، هەر دەسەڵاتێک پەیوەندییەکان ببڕێت، ڕژیمێکە لە خەڵکەکەی خۆی دەترسێت."
لە کۆتاییدا جەختی لەوە کردووەتەوە"ئەوروپا دەبێت لە ئەرکی خۆی تێبگات و هەنگاوی بۆ بنێت، ئێران ئازاد دەبێت."
ئەم بڕیارە لە کاتێکدا ڕاگەیەندرا کە شەپۆلێکی سەرکۆنەکردنی نێودەوڵەتی بەرامبەر بە سەرکوتکردنی توندوتیژانەی حکومەتی ئێران بۆ سەر خۆپیشاندەران و داخستنی بەربڵاوی ئینتەرنێت لە ئێران زیادیکردووە و دامەزراوە و بەرپرسانی وڵاتانی جۆربەجۆر چەندین جار داوای لێپرسینەوەیان لە بەرامبەر ئەو کەسانە کردووە کە بەرپرسیارن لە پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤ لە ئێران.
پێشتر دۆناڵد ترامپ سەرۆکی ئەمەریکا وەڵامی خۆپیشاندانە سەرتاسەرییەکانی ئێرانی دایەوە بە بڵاوکردنەوەی پەیامێک لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تروث سۆشال و بۆ چەندین جار لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا پشتگیری ئەمەریکای بۆ خەڵکی ئێران دووپات کردووەتەوە.