ڕوانگەی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤ: ژیانی خەڵک لە ناوچە کوردنشینەکانی حەلەب لەمەترسیدایە

ژیان و گیانی دانیشتوانی ناوچە کوردنشینەکانی شاری حەلەب، لەوانە گەڕەکی شێخ مەقسوود بەهۆی شەڕ و تۆپبارانی توند لە هەموو لایەکەوە بۆ سەر ئەو ناوچانە کەوتووەتە مەترسییەوە.

بە گوێرەی ڕاپۆرتی ڕوانگەی سووری بۆ چاودێری مافەکانی مرۆڤ، هێزەکانی حکومەتی سوریا هێرش دەکەنە سەر دامەزراوە گرنگە مەدەنییەکان و دامەزراوە پزیشکییەکان، ئەمەش لە کاتێکدا کە بە پێی ئەو سەرچاوەیە هێزەکانی حکومەت هێشتا نەیانتوانیوە کۆنترۆڵی تەواوەتی گەڕەکی شێخ مەقسوود بکەن.

ڕوانگەی سووری بۆ چاودێری مافەکانی مرۆڤ ئاماژەی بەوەشکردووە بە پێچەوانەی ئەو ڕاپۆرتانەی کە لەلایەن میدیای دەوڵەتییەوە بڵاوکراونەتەوە، گەڕەکەکە بە تەواوی کۆنترۆڵ نەکراوە و دەشڵێت دەزگاکانی ڕاگەیاندنی لایەنگری حکومەتی ئینتقالی هەڵمەتێکی سیستماتیکیان دەستپێکردووە بۆ چەواشەکاری و بڵاوکردنەوەی زانیاری نادروست.

هاوکات سەرچاوەکانی هێزەکانی حکومەتی ئینتقالی بانگەشەی ئەوە دەکەن کە کونتڕۆڵی گەڕەکەکەیان کردووە و تونێلیان لەناو نەخۆشخانەی خالید فەجر و ژێرەوەی گەڕەکی شێخ مەقسوود دۆزیوەتەوە، بەڵام میدیای هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆی شێخ مەقسوود ئەمڕۆ 10ی مانگی یەک بەیاننامەیەکی بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند بانگەشەکانی حکومەتی کاتی لە دیمەشق ڕەتدەکەنەوە.

لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە کە ئەوان هیچ تونێلێکیان لەوێ نییە و ئەو بانگەشانە ڕاست نین.
هاوکاتی نووسینی ئەم هەواڵە، سەرچاوە میدیاییەکان باس لەوە دەکەن کە ئاگربەست لەو پێکدادانانەدا ڕاگەیەندراوە کە ماوەی چەند ڕۆژێکە لە گەڕەکە کوردنشینەکانی شاری حەلەب بەردەوامە.