ئینتەرنێتی سەرتاسەری ئێران هێشتا بە تەواوی داخراوە

لە 14هەمین ڕۆژی ناڕەزایەتییەکاندا لە ئێران ئینتەرنێت بۆ دوو ڕۆژە بە تەواوی لەلایەن دەسەڵاتدارانی ئەو وڵاتەوە پچراوە و ئاستی ئەم پچرانەش بە بەراوەرد بە جارانی پێشوو کە دەسەڵاتدارانی کۆماری ئیسلامی بۆ کۆنترۆڵکردنی ناڕەزایەتییەکان هەنگاوی لەو شێوەیەیان دەگرتەبەر، زۆر قورسترە.

گرووپی جیهانی چاودێری ئینتەرنێتی نێتبلۆکس (Netblocks) کە بنکەکەی لە لەندەنە، ڕۆژی شەممە، 10ی مانگی یەک ڕایگەیاند کە داخستنی ئینتەرنێتی سەرتاسەری لە ئێران بەردەوامە و ئەمەش توانای خەڵکی ئێرانی بۆ پەیوەندیکردن بە یەکترەوە سنووردار کردووە.


ناڕەزایەتییەکان لە ئێوارەی ڕۆژی پێنجشەممە،8ی مانگی یەکەوە بە شێوەیەک چڕتربوونەوە کە حکومەتی ئێران سەرەتا بە شێوەیەکی بەرچاو خێرایی و کوالیتی ئینتەرنێت لە زۆر شوێن دابەزاند و دواجاریش ئینتەرنێتی بە تەواوی پچراند.

گرووپەکانی مافەکانی مرۆڤ هۆشدارییان داوە کە داخستنی ئینتەرنێت وایکردووە ڕاپۆرتی سەربەخۆ لەسەر ئاستی سەرکوتکردنەکە، بەتایبەتی زانینی ژمارەی خۆپیشاندەرە کوژراوەکان بە تەواوی نەزانرێت.