بارزانی و باراک تاووتوێی ڕەوشی سوریا دەکەن

بارەگای بارزانی ڕایدەگەیەنێت پەیوەندییەکی تەلەفۆنی لە نێوان تۆم باراک نێردەی تایبەتی ئەمەریکا بۆ سوریا و سەرۆکی پێشووی هەرێمی کوردستان مەسعود بارزانی ئەنجام دراوە.

بە پێی ڕاگەیاندنی بارەگاکە لەو پەیوەندییە تەلەفۆنییەدا "بیروڕا لەبارەی بارودۆخی سیاسیی ناوچەكە و سووریا و دواین پەرەسەندن و گرژییەكانی سووریا و شاری حەلەب ئاڵوگۆڕ كرا."

دەشڵێت " هەردوولا جەختیان لەوە كردەوە كە پێویستە هەموو هەوڵێك بدرێت بۆ ئەوەی گرژی و ئاڵۆزییەكان نەمێنن و بارودۆخ ئاسایی ببێتەوە و هەنگاوی جددیش بۆ بەدیهاتنی ئاسایش و سەقامگیری و ئاشتی بنرێت."

پەیوەندییەکەی ئەمڕۆی بارزانی و باراک لە پاش ئەوە بوو کە هەر لە ڕۆژی هەینی پەیوەندییەکی تەلەفۆنی لە نێوان بارزانی و ئەحمەد شەرع سەرۆکی کاتیی سوریاش ئەنجام دراو و تیایدا بارودۆخی هەردوو گەڕەکی کوردنشینی شاری حەلەب تاوتوێ کرا

لە ڕۆژی سێشەممەوە هێرشی هێزەکانی سەر بە حکومەتی سوریا لە گەڕەکی ئەشرەفییە و شێخ مەقسود لە حەلەب دەستیپێکردووە و لە ئەنجامدا هەزاران لە دانیشتوانی ئەو گەڕەکە کوردنشینانە ناچاربوون ماڵەکانی خۆیان جێبهێڵن.

ڕۆژی پێنجشەممە ئاگربەستێکی کاتیی بۆ ئەو شەڕە ڕاگەیەندا هەرچەندە شەڕەکە بە تەواوەتی ڕانەوەستاوە.

پاش ڕاگەیاندنی ئاگربەستەکە نێردەی تایبەتی ئەمەریکا بۆ سوریا، تۆم باراک پێشوازییەکی گەرمی ئەمەریکای بۆ ئاگربەستەکە کاتییەکە ڕاگەیاند، هیوای خواست درێژ بکرێتەوە.