کاردانەوەی بەرپرسانی هەرێمی کوردستان لەسەر ڕێککەوتن لە سوریا

کاردانەوەکان لەسەر ڕێککەوتنەکەی هێزەکانی سوریای دیموکراتک و حکومەتی ناوەندی سوریا، بە شێوەیەکی گشتی و بە تایبەتی لە نێو کوردەکان لە سوریا، دوو جۆرن. بەشێک بە لەبەردانواندنی کوردەکان بەرامبەر بە خواستەکانی حکومەتی سوریا و تورکیا ناودێری دەکەن بەشێکیش پێیان وایە زۆر گرنگە لە پێناو پاراستنی بەرژەوەندییەکانی کورد لە سوریا.

بەرپرسان و لایەنە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستانیش پێشوازی لەم هەنگاوە دەکەن.

سەرۆکی هەرێمی کوردستان نێچیرڤان بارزانی لە ڕاگەیاندراوێکدا وێڕای پیرۆزبایی کردن هەنگاوەکە بە "نەخشەیەکی گونجاو " بۆ داهاتوو ناودێری دەکات.

نێچیرڤان بارزانی دەڵێت " له‌ کاتێکدا پێشوازی له‌م ڕێككه‌وتنه‌ ده‌كه‌ین، پشتگیریی ته‌واوی هه‌رێمی كوردستان بۆ ئارامی و سه‌قامگیریی سووریا دووپات ده‌كه‌ینه‌وه‌، هه‌روه‌ها داکۆکی له‌ پێویستیی پاراستنی مافه‌كانی هه‌موو پێكهاته‌كانی سووریا و هاوبه‌شیی كارایان له‌ بنیاتنانی سووریایه‌كی ئازاد و گه‌شه‌سه‌ندوودا ده‌که‌ین."

بافڵ تاڵەبانی سەرۆکی یەكێتیش بەهەمان شێوە بە "ئاراستەیەکی دروست" بۆ سەقامگیری سیاسی و ئاسایشی دەیبینێت و پێشی وایە دەبێتە هۆی پاراستی مافی کوردەکان لە سوریا.

تاڵەبانی لە ڕاگەیاندنەکەیدا دەڵێت "هیوادارین سەرەتایەکی نوێ بێت بۆ بنیادنانی وڵاتێکی دیموکراتی و گەل پەسەند کە دەستوور بنەمای کارکردن و هاوبەشیی بێت."

‏سەڵاحەدین بەهادین ئەمینداری گشتی یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان لە ڕاگەیاندنێکدا دەڵێت "دیدار و رێککەوتنی بەرێزان (ئەحمەد شەرع) و (مەزڵوم عەبدی) لەسەر چەندین خاڵی بایەخداری هەردوولا، کارێکی گرنگە لە تەوقیتەکەی و لە ناوەڕۆکیدا. بەتایبەت پاش شەڕێکی خوێناوی هات، لە ئەنجامی پێکدادانی دەوڵەت و چەکدارانی پاشماوەی رژێم بوو، کە دەرگای کردەوە لەسەر ئەگەری پشێوی و شەڕی پێکهاتەکان، بۆیە هەمیشە شەڕ خێری تیانییە و مێزی گفتوگۆ چارەسەر بەرهەمدێنێ."

مەکتەبی سیاسی بزووتنەوەی ئیسلامی کوردسانیش لەم بارەیەوە بەیاننامەی بڵاو کردەوە و تیایدا وێڕای پیرۆزبایی کردن و خۆشحاڵی دەربڕین دەڵێت دڵنیایە " ئەگەر ئەم ڕێککەوتنە وەک خۆی جێبەجێ بکرێت کاریگەری ئەرێنی گەورەی دەبێت لەسەر بەرقەراری ئاسایش و ئاشتی لە ناوچەکەدا بەتایبەتی سوریا. "

ڕۆژی دووشەممە، حکومەتی کاتیی سوریا و هێزەکانی سوریای دیموکراتیک بە سەرکردایەتی کورد، گەیشتنە ڕێککەوتنێک کە بە هەنگاوێکی بەرچاو بەرەو ئاشتەوایی و سەقامگیری نیشتمانی لێی دەڕوانن. ڕێککەوتنەکە لەلایەن ئەحمەد شەرع سەرۆکی کاتیی سوریا و مەزلوم عەبدی فەرماندەی گشتی هێزەکانی سوریای دیموکراتیک واژۆ کرا.

ئەو ڕێککەوتنە بریتییە لە ئاگربەست و یەکخستنی دامودەزگاکان و لە کۆتاییدا تێکەڵکردنی هێزەکانی سوریای دیموکرات لەگەڵ سوپای نیشمانی سوریا. بەپێی ڕێککەوتنەکە، حکومەتی ناوەندی کۆنتڕۆڵی دەروازە سنوورییە سەرەکییەکان و فڕۆکەخانە و کێڵگە نەوتییەکانی باکووری ڕۆژهەڵات دەگرێتە ئەستۆ، لەبەرامبەردا مافی هاووڵاتیبوون و هەموو مافە دەستورییەکانیان بۆ کورد زامندەکات.

ئەم ڕێککەوتنە لەگەڵ دەسڵاتی کورد لە وڵاتەکەدا بە پێشکەوتنێکی گەورەی هەوڵەکان بۆ یەکخستنی وڵات دادەنرێت لە دوای چەندین ساڵ لە ململانێکان.