حەماس تەرمی دایکێک و دوو منداڵی ئیسرائیلی ڕادەست دەکات

لە چوارچێوەی ڕێککەوتنی ئاگربەستی غەززە، حەماس رۆژی پێنجشەممە، 20ی مانگی دوو، تەرمی چوار بارمتەی ئیسرائیلی لە خان یونس لە نێو چوار تابوتی رەشدا ڕادەستی خاچی سوور کرد، لەوانە تەرمی دایکێک و دوو منداڵەکەی.

لە کاتی ڕادستکردنەکە، ژمارەیەک چەکداری حەماس کە دەموچاویان داپۆشیبوو خۆیان پیشانی میدیاکان دەدات، هەروەها کۆمەڵێک خەڵکیش وەستابوون سەیر چۆنیەتی ڕادەستکردنی تەرمەکانیان دەکرد.


نووسینگەی بنیامین نەتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل، ڕۆژی پێنجشەممە ڕایگەیاند تابووتی چوار بارمتەی ئیسرائیلی لە نێویاندا دایکێک و دوو کوڕە منداڵەکەی لە خاچی سوورەوە وەرگرتووە کە لە ئیسرائیل بوونەتە نمونەیەک بۆ دۆخی نالەباری بارمتەکان کە لەلایەن گرووپی تیرۆریستی حەماسەوە ڕفێنرابوون.

سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل ڕۆژی چوارشەممە لە سەروبەندی ڕادەستکردنی تەرمەکان لەلایەن حەماسەوە لە پەیامێکی ڤیدیۆییدا سەبارەت بە گەڕانەوەی تەرمی ئەو چوار بارمتەیە، وتی "سبەی ڕۆژێکی زۆر سەخت و خەمناک دەبێت بۆ ئیسرائیل. ڕۆژێکی تاڵ، ڕۆژێکی پڕ لە خەم. ئێمە تەرمی چوار بارمتە خۆشەویستەکەمان دەگەڕێنینەوە ماڵەوە کە گیانیان لەدەستداوە".

حەماس ڕایگەیاندووە ئەو تەرمانە هی دایکێکە بە ناوی شیری بیباس و دوو کوڕە بچووکەکەی کەفیر تەمەن 9 مانگ و ئاریێل تەمەن 4 ساڵ. دەوترێت کەسی چوارەم ئۆد لیفشیتز چالاکوانی ئاشتییە و تەمەنی نزیکەی 80 ساڵ بووە.

حەماس دەڵێت سێ ئەندامی بنەماڵەی بیباس لە مانگی یازدەی ساڵی 2023 لە هێرشێکی ئیسرائیلدا کوژراون، بەڵام ئیسرائیل ئەمەی پشتڕاست نەکردووەتەوە.

بڕیارە سبەی شەممە چەند بارمتەیەکی تر ڕادەستبکرێن.

لە ڕاگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوە کراوە هێزەکانی سوپای ئیسرائیل تەرمەکان دەگوازنەوە بۆ دامەزراوەی پزیشکی دادوەری ئەبو کەبیر لە یافا بۆ دەستنیشانکردنی ناسنامەی فەرمی تەرمەکان.

باس لەوەش کراوە دوای پشکنین و پشتڕاستکردنەوەی ناسنامەکانیان بە فەرمی کەسوکاری بارمتە کوژراوەکان ئاگادار دەکرێنەوە.

بزووتنەوەی حەماس کە کۆماری ئیسلامی ئێران پشتیوانی دەکات، لە کاتی هێرشی تیرۆریستی بۆ سەر ئیسرائیل نزیکەی هەزار و 200 کەسی کوشت و زیاتر لە 200 کەسیشی بە بارمتە گرت.


بەشێک لەم هەواڵە لە ڕۆیتەرز وەرگیراوە