نێچیرڤان بارزانی پثستگیری لە پڕۆسەی ئاشتی لە تورکیا دەکات

Your browser doesn’t support HTML5

شاندی ئیمراڵی لە شاری هەولێر لەگەڵ نێچیرڤان بارزانی کۆبوونەوە

شاندی ئیمراڵی ئەمڕۆ دووشەممە لە شاری هەولێر لەگەڵ نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان کۆبووەوە و پەیامێکی عەبدوڵا ئۆجەلانی، ڕێبەری زیندانیکراوی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) گەیاندە بارزانی.

پێشبینی دەکرێت بەم نزیکانە ئۆجەلان بانگەوازێک بۆ پڕۆسەی ئاشتی لە تورکیا ڕابگەیەنێت

شاندی ئیمرالی لە پەرلەمانتارانی پارتی دیموکراسی و یەکسانی گەل (پارتی دەم)، پارتی هەرێمە دیموکراتییەکان (دەبەپە) و پارێزەرانی ئۆجەلان پێکدێت.

هاوسەرۆکی پارتی هەرێمە دیموکراتییەکان (دەبەپە)، کەسکین بایندیر دوای کۆبوونەوەی لەگەڵ نێچیرڤان بارزانی، بە ڕۆژنامەنووسانی ڕاگەیاند، "سڵاو و خۆشەویستی بەڕێز ئۆجەلانمان گەیاندە بەڕێز نێچیرڤان بارزانی و پەیامەکەمان پێشکەش بە کاک نێچیرڤان بارزانی کرد. کاک ئۆجەلان گرنگییەکی زۆر بە بۆچوونی سەرۆک مەسعود بارزانی و نێچیرڤان بارزانی دەدات. "

بایندیر ڕایگەیاند، عەبدوڵڵا ئۆجەلان، ڕێبەری زیندانیکراوی پەکەکە، کار لەسەر چارەسەری "دیموکراتیک" دەکات بۆ ململانێی چل ساڵەی نێوان تورکیا و هێزە کوردییەکان.

گوتیشی "لە میانی دیدارەکاندا باسمان لە ئایندەی کورد کرا. باسمان لە چۆنیەتی پێشخستنی چارەسەر و ئاشتی بۆ گەلی کورد کرد، ڕۆڵ و بەرپرسیارێتی ئەکتەرە کوردییەکان لە پرۆسەکەدا چی بێت. گەلی کورد و گەلانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست پێشبینی دەکەن پرسی کورد لەسەر بنەمای دیموکراسی و یاسایی چارەسەر بکرێت. چارەسەرێکی دیموکراسی لە تورکیا کاریگەری ئەرێنی لەسەر باکوور و باشوور و هەر چوار پارچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەبێت".

بایندیر هاوسەرۆکی دەبەپە ئاماژەی بەوەدا کە نێچیرڤان بارزانی هەڵوێستی نیشتمانی هەیە لەسەر پرۆسەی ئاشتی و "پشتیوانییەکی گەورە لەم پرۆسەیە دەکات".

Your browser doesn’t support HTML5

شاندی ئیمراڵی لە شاری هەولێر لەگەڵ نێچیرڤان بارزانی کۆبوونەوە

هەروەها حکومەتی هەرێمی کوردستان دوای کۆبوونەوەکە ڕاگەیەنراوێکی بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند، نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان سەبارەت بە "پرۆسەی ئاشتی" لە تورکیا ڕایگەیاند، "پرۆسەی ئاشتی دەرفەتێکی گرنگ و مێژووییە و نابێت لە دەست بچێت".

نێچیرڤان بارزانی گوتیشی: "هیوادارین پارتی بە شێوەیەکی ستراتیژی سەیری پرۆسەکە بکات و ئەم دەرفەتە لەدەست نەدرێت، هەمیشە هەوڵمان داوە پڕۆسەی ئاشتی بێتە ئاراوە و کێشەکان بە شێوەیەکی ئاشتیانە چارەسەر بکرێن، چونکە ئەزموونەکان دەریانخستووە کە شەڕ و چەک هیچ کێشەیەک چارەسەر ناکات".

شاندی نوێنەرانی پارتی دیم پێشتر لەگەڵ عەبدوڵڵا ئۆجەلان، ڕێبەری زیندانیکراوی پەکەکە لە دوورگەی ئیمرالی کۆبووەوە و دواتر لەگەڵ لایەنە سیاسییەکان، ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی و گرووپە کۆمەڵایەتییە جۆراوجۆرەکان دەستیان بە کۆبوونەوە کرد.

شاندی ئیمراڵی لە ڕۆژی شەممەوە لە چوارچێوەی سەردانەکەیاندا بۆ هەرێمی کوردستان چەند کۆبوونەوەیەکیان ئەنجامداوە و دوێنێش لەگەڵ مەسعود بارزانی سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان لە هەولێر کۆبوونەوە.

بڕیارە ڕۆژی سێشەممە شاندەکە لە سلێمانی لەگەڵ بافڵ تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتی نیشتمانی کوردستان و قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی حکومەت کۆببنەوە.

شاندەکە پێکهاتووە لە ئەندامانی شاندی ئیمرالی، پێرڤین بوڵدان، سری سورەیە ئۆندەر، هاوسەرۆکی دەبەپە، کەسکین بایندیر، ئەندامانی فەرمانگەی یاسایی ئەسرین، ئۆزگور ئەرۆڵ و ئیبراهیم بیلمەز، هاوسەر وتەبێژی کۆمیسیۆنی پەیوەندییەکانی دەرەوەی پارتی دیموکرات، بەردان ئۆزتورک، پەرلەمانتاران گوڵجان کاچماز سەیگیت و محەمەد کاماچ.