جێگری سەرۆکی ئەمەریکا ڕۆژی پێنجشەممە،13ی مانگی دوو لەگەڵ کۆمەڵێک لە ڕزگاربووانی هۆلۆکاست سەردانی ئۆردوگای داخائویان کرد کە یەکێکە لە گەورەترین ئۆردوگاکانی کاری زۆرەملێ لە سەردەمی ئەڵمانیای نازیدا.
جەی دی ڤەنس جێگری سەرۆکی ئەمەریکا بە ئاماژەدان بە ئۆردوگای داخائو، وتی "بینینی لە نزیکەوە ئەوەمان بۆ ڕوون دەکاتەوە کە چ خراپەکاری و شەڕانگێزییەک کە لە زماندا ناگونجێت، ئەنجامدراوە". هەروەها جەختی لەسەر پابەندبوونی ئەمەریکا کردووەتەوە بۆ ڕێگریکردن لە دووبارەبوونەوەی ڕووداوێکی لەو شێوەیە.
جەی دی ڤەنس کە بۆ بەشداریکردن لە کۆنفرانسی ئاسایشی میونشن گەشتێکی بۆ ئەڵمانیا کردووە، بڕیارە لە میانی کۆنفرانسەکەدا کە سێ ڕۆژ دەخایەنێت و لە ڕۆژی هەینەوە دەستپێدەکات، لەگەڵ ڤۆلۆدیمیر زێلێنسکی، سەرۆکی ئۆکرانیا، شەڕی سێ ساڵەی ڕووسیا لەگەڵ ئۆکرانیا تاوتوێ بکات.
بڕیارە ڕۆژی هەینی لە پەراوێزی کۆنفرانسی ئاسایشی میونشن، جەی دی ڤەنس و مارکۆ ڕوبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا لەگەڵ ڤۆلۆدیمیر زێلنسکی، سەرۆکی ئۆکرانیا کۆببنەوە.
کۆبوونەوەکە دوای هەوڵە چڕەکانی سەرۆکی ئەمەریکا دێت بۆ نێوەندگیری لە نێوان ئۆکرانیا و ڕووسیا لە هەوڵێکدا بۆ کۆتاییهێنان بە کوشندەترین جەنگی ئەوروپا لە دوای جەنگی جیهانی دووەمەوە.
ڕۆژی چوارشەممە سەرۆکی ئەمەریکا هیوای خۆی دەربڕی کە ئەنجامی کۆبوونەوەکە "ئەرێنی" بێت و جەختی لەوە کردەوە "کاتی ئەوە هاتووە ئەم شەڕە گاڵتەجاڕانە ڕابگیرێت کە تێیدا مردن و وێرانکارییەکی بەرفراوان و تەواو ناپێویست ڕوویداوە".
سەرچاوە/AP