نەتانیاهۆ هەڕەشەی کشانەوە لە ئاگربەستی غەززە دەکات ئەگەر بارمتەکان لە ڕۆژی شەممە ئازاد نەکرێن

سەرۆک وەزیری ئیسرائیل بنیامین نەتانیاهۆ ڕۆژی سێشەممە هەڕەشەی کشانەوە لە ئاگربەستی غەززە کرد و فەرمانی بە هێزەکان کرد ئامادەکاری بکەن بۆ دەستپێکردنەوەی شەڕ لە دژی حەماس، ئەگەر گروپە چەکدارەکە ڕۆژی شەممە بارمتەی زیاتر ئازاد نەکات.

هێشتا ڕوون نییە کە هەڕەشەکەی نەتانیاهۆ ئاماژە بە سێ بارمتەکە دەکات کە بڕیارە ڕۆژی شەممە ئازاد بکرێن یان هەموو بارمتەکانی تر.

حەماس ڕۆژی دووشەممە ڕایگەیاند بەنیازە ئازادکردنی سێ بارمتەی دیکە دوابخات، پاش ئەوەی ئیسرائیلی بەوە تۆمەتبار کرد کە پابەند نەبووە بە مەرجەکانی ئاگربەست، لەوانە ڕێگەنەدان بە ژمارەیەک چادر و هاوکارییەکانی دیکە بۆ ناو غەززە.

سەرۆکی ئەمەریکا دانۆڵد ترامپ ڕۆژی شەممە هانی ئیسرائیلی دا داوای ئازادکردنی بارمتەی زیاتر بکات.

دوای کۆبوونەوەی لەگەڵ شا عەبدوڵڵای دووەمی ئوردن لە کۆشکی سپی ڕۆژی سێشەممە، سەرۆک ترامپ پێشبینی ئەوەی کرد کە حەماس هەموو ئەو بارمتانەی کە ماون ئازاد ناکات.

سەرۆک ترامپ لەبارەی حەماسەوە گوتی "پێم وانییە وادەی دیاریکراو جێبەجێ بکەن. ئەوان دەیانەوێت وا خۆیان پیشان بدەن کە بەهێزن. بەڵام دەبینین کە ئەوان چەندە بەهێزن."

لەوەتەی ئاگربەستەکە کەوتووەتە بواری جێبەجێکردنەوە، حەماس 21 بارمتەی ئیسرائیلی ئازاد کردووە لە پێنج ئاڵوگۆڕدا لە بەرامبەر زیاتر لە 730 زیندانی فەلەستینی. لە قۆناغی دووەمدا داوای گەڕاندنەوەی هەموو بارمتەکان و درێژکردنەوەی ئاگربەستەکە بۆ کاتێکی نادیار دەکرێت.

سەرچاوە:AP