ئەمیری قەتەر، شێخ تەمیم بن حەمەد ئالسانی ڕۆژی پێنجشەممە سەردانی دیمەشقی کرد، ئەمەش یەکەم سەردانی سەرۆکی دەوڵەتە بۆ پایتەختی سوریا لە دوای ڕووخانی بەشار ئەسەد، لە هەشتی مانگی 12ی 2024.
سەردانەکە ڕۆژێک دوای ئەوە بوو کە ئەحمەد ئەلشەرع ناسرو بە محەمەد جۆلانی، ڕێبەری دیفاکتۆی سوریا بە فەرمی وەک سەرۆکی قۆناغی گواستنەوەی سوریا دەستنیشان کرا.
ئەمیری قەتەر لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی دیمەشق لەلایەن شەرعەوە پێشوازی لێکرا.
شێخ تەمیم لە دیدارەکەیدا لەگەڵ شەرع جەختی لە "پێویستی بەپەلەی پێکهێنانی حکومەتێک کردووەتەوە کە نوێنەرایەتی هەموو چین و توێژەکانی گەلی سوریا بکات".
پەیوەندییەکانی سوریا و زۆرێک لە دەوڵەتە عەرەبییەکان و هەروەها زلهێزەکانی ڕۆژئاوا هاوکاتی گۆڕانی سەرکردایەتی وڵاتەکەدا خەریکە دروستدەبێتەوە، لە کاتێکدا بە نەمانی ئەسەد کۆتایی بە هاوپەیمانی نزیکی دیمەشق لەگەڵ ڕوسیا و ئێراندا هاتووە.
بەپێی وتەی بەرپرسێکی ئەمەریکایی و دیپلۆماتکارێکی باڵا لە مانگی یەکدا، قەتەر کە ماوەیەکی زۆرە لایەنگری ئۆپۆزسیۆنە بۆ ئەسەد، بەنیازە یارمەتی بدات لە دابینکردنی بودجە بۆ زیادکردنی مووچەی کەرتی گشتی کە حکومەتی نوێی سوریا بەڵێنی پێداوە.
ئەوان ئاماژەیان بەوەشکردووە، ئەو دەوڵەتە دەوڵەمەندە عەرەبەی کەنداو کاریش دەکات بۆ ئەوەی ئەمەریکا لە سزاکانی سەر سوریا خۆشبێت بۆ ئەوەی بتوانرێت بە ڕێگای کەناڵە فەرمییەکانەوە پارە بۆ وڵاتەکە دابین بکرێت.
ئەسەد حەسەن شەیبانی، وەزیری دەرەوەی سوریا لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانی هاوبەش لەگەڵ محەمەد خولەیفی، وەزیری دەوڵەتی قەتەر بۆ کاروباری دەرەوەی وڵات، ڕایگەیاند "گەلی سوریا هەڵوێستی پابەندەی قەتەر لەبیرناکات، لەکاتێکدا لاپەڕەیەکی نوێ لە سوریای نوێدا دەکەینەوە".
شەیبانی ئاماژەی بەوەشکرد، بەرپرسانی قەتەر و سوریا چوارچێوەیەکی تۆکمەیان بۆ ئاوەدانکردنەوەی دوای جەنگ لە سوریا تاوتوێ کردووە.
خولەیفی ئاماژەی بەوەشکرد، قەتەر هیوادارە هاوکارییەکان بۆ سوریا زیاد بکات و بەردەوام بێت لە پێشکەشکردنی پشتیوانی کاتێک باس لە کارەبا و ژێرخانی وڵاتەکە دەکرێت.
شێخ محەمەد بن عەبدولڕەحمان ئالسانی، سەرۆک وەزیرانی قەتەر و وەزیری دەرەوەی قەتەر لە سەرەتای مانگی یەکدا سەردانی دیمەشقی کردبوو و ڕایگەیاند، قەتەر کە دەوڵەمەندە بە غازی سروشتی200 مێگاوات کارەبا بۆ سوریا دابین دەکات، کە وردە وردە زیاد دەکرێت.
قەتەر لە مانگی دوازەدا ڕایگەیاندبوو، دوای داخستنی زیاتر لە 13 ساڵ باڵیۆزخانەی وڵاتەکەی لە دیمەشق دەکاتەوە.
قەتەر لە مانگی شەشی 2011وە باڵیۆزخانەکەی داخست دوای ئەوەی باڵیۆزەکەی کشایەوە وەک ناڕەزایەتییەک بەرامبەر بە سەرکوتکردنی کوشندانەی ڕژێمەکەی ئەسەد دژ بە خۆپیشاندەرانی لایەنگری دیموکرسی. ئەو توندوتیژییانە بوون بەهۆی شەڕێکی درێژخایانی ناوخۆ لە سوریادا.
سەرچاوە: ڕۆیتەرز