ڕافائیل گڕۆسی بەڕێوەبەری گشتی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمی ڕایگەیاند بۆ ڕێگریکردن لە ململانێیەکی دیکەی سەربازی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست پێویستە حکومەتی ئێران لەگەڵ بەڕێوبەرایەتی دانۆلد ترامپ سەرۆکی نوێی ئەمەریکا سەبارەت بە چالاکییە ئەتۆمییەکانی بگەنە لێکتێگەیشتن و ڕێککەوتن.
گڕۆسی لە پەراوێزی کۆبوونەوەی ساڵانەی کۆڕبەندی ئابووری جیهانی 2025 لە داڤۆسی سویسرا سەبارەت بەم بابەتە وتی "ئێمە لەگەڵ ڕووسیا و چین و هەروەها وڵاتانی ئەوروپا لەمبارەیە لە پەیوەندیداین، بەڵام بۆ هەمووان ڕوونە کە ئامادەبوونی ئەمەریکا شتێکی بنەڕەتییە."
گڕۆسی لە چاوپێکەوتنەکەدا کە ڕۆژی سێشەممە 21ی مانگی یەک بڵاوکرایەوە، ئاماژەی بەوەشکرد "ئەوەی پێویستمانە ئەوەیە بگەینە لێکتێگەیشتن و ئەمە دەبێتە ئەرکی ئێمە لە چەند هەفتەی داهاتوودا."
لەگەڵ لاوازکردنی گرووپەکانی سەر بە کۆماری ئیسلامی ئێران لە لوبنان، غەززە و سوریا و هەروەها زیادبوونی رێژەی یۆرانیۆمی پیتێنراوی لە سەدا 60، نیگەرانییەکانی سەبارەت بە هەوڵەکانی حکومەتی ئێران بۆ بەدەستهێنانی چەکی ئەتۆمی زیاد کردووە.
بەڕێوەبەری گشتیی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمی بە پشتڕاستکردنەوەی ئەوەی کە کۆماری ئیسلامی ئێران بەردەوامە لە بەرهەمهێنانی بڕێکی زۆر لە یۆرانیۆمی زۆر پیتێنراو، جەختی لەوە کردەوە "ئێمە نامانەوێت شەڕی زیاتر ڕووبدات."
هەروەها هیوای خواست بە زووترین کات لەگەڵ سەرۆکی ئەمەریکا کۆببێتەوە.
لە یەکەم خولی سەرۆکایەتیی دانۆڵد ترامپدا سیاسەتی "زۆرترین گوشار"ی لە دژی ڕێژیمی ئێران پەیڕەو کرد و ئەمەریکای لەو ڕێککەوتنە ئەتۆمییە کشاندەوە کە لە سەردەمی باراک ئۆبامادا ئەنجامدرابوو کە لە بەرامبەر کەمکردنەوەی سزاکان، سنووردارکردنی بەسەر بەرنامە ئەتۆمییەکەی کۆماری ئیسلامیدا سەپاندبوو.
هەر لەم پێوەندییەدا، ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆک کۆماری فەرەنسا لەم دواییانەدا هۆشداری دا کە خێراتربوونی بەرنامەی ئەتۆمیی ڕێژیمی ئێران "زۆر لە خاڵی نەگەڕانەوە نزیکمان دەکاتەوە". له بەرامبەردا کۆماری ئیسلامی لێدوانەکانی سەرۆکی فەرەنسای بە "بێ بنه ما" و "فریودان" ناودێر کرد.
لە مانگی دوازدەی ساڵی ڕابردوو، بەریتانیا، ئەڵمانیا و فەرەنسا حکومەتی ئێرانیان تۆمەتبار کرد بەوەی کە رێژەی یۆرانیۆمی پیتێنراوی بۆ "ئاستێکی بێ وێنە" بەرز کردوەتەوە، ئەمەش بەبێ ئەوەی "هیچ پاساوێکی مەدەنی باوەڕپێکراو" سەبارەت بەو چالاکیانەی پێشکەش بە جیهان بکات.
سەرچاوە/ دەنگی ئەمەریکا