کوردەکان دژایەتی ڕادەستکردنی زیندانەکانی داعش بە دەسەڵاتدارانی ئیسلامی لە سوریا دەکەن

هێزە کوردییەکان لە رۆژئاوا کە سەرپەرشتی ئەو زیندانانە دەکەن کە چەکدارانی داعشیان تێدایە، ڕایدەگەیەنن کە دژی ڕادەستکردنی ئەو زیندانانەن بە فەرمانڕەوا ئیسلامییە نوێیەکانی دیمەشق. نزیکەی 50 هەزار کسی سەر بە داعش کە 10 هەزاریان لە چەکدارانی ئەو گرووپە توندڕەون، لەو زیندانانەدان کە لە لایەن هێزە کوردییەکانەوە بەڕێوەدەبرێن.

بەگوێرەی هێزەکانی سوریای دیموکرات، کوردەکان سەرپەرشتی نزیکەی 10 هەزار چەکداری داعش لە زیندانەکاندا دەکەن. جگە لەوەش کەمپی ئەلهۆڵیش لە ژێر کۆنترۆڵی کوردەکاندایە؛ ئەو شوێنەی کە دەیان هەزار کەسی سەر بە داعش تێیدا دەژین و بەشێکی زۆریان ئەندامی بنەماڵەی گومانلێکراوانی چەکداری داعشن.

هێزەکانی سوریای دیموکرات کە لەلایەن ئەمەریکاوە پاڵپشتی دەکرێن و چارەکێکی سوریایان کۆنترۆڵکردووە، ڕایگەیاندووە چەکدارانی داعش لە دوای کەوتنی بەشار ئەسەدەوە لە 8ی مانگی دوازدەوە دوو هێرشیان بۆ سەر زیندانەکان دەستپێکردووە، ئەمەش وەک هەوڵێک بۆ ئازادکردنی ئەندامەکانیان.

ئەفسەرێکی کورد لە زیندانێکی شاری حەسەکە کە نزیکەی چوار هەزار و 500 چەکداری داعش تێیدا دەستبەسەرن کە ژمارەیەکی زۆریان بیانین، ڕایگەیاند گروپی داعش دووبارە هەوڵی ئازادکردنی هاوڕێکانیان لەو زیندانە دەدەن.

ئەو ئەفسەرە بە ئاژانسی ڕۆیتەرزی ڕاگەیاندووە "کاتێک ڕژێمی سوریا ڕووخا، داعش چەکێکی زۆری دەستکەوت و خۆیان ڕێکدەخەنەوە بۆ هێرشکردنە سەر زیندانەکان."

ئەو ئەفسەرە کوردە باسی لەوەش کرد کە باوەڕی بەوە نییە دەسەڵات بە سەرکردایەتی کورد زیندانەکان ڕادەستی ئیدارەی نوێی سوریا بکاتەوە و وتیشی پاراستنی ئەم زیندانە تەنها لە ئەستۆی هێزەکانی هاوپەیمانی و هێزەکانی سوریای دیموکراتە.

هێزی سوریای دیموکرات ڕایگەیاندووە چەکدارانی جیهادییەکان هەوڵیانداوە دۆخی ئاسایشی لاواز لە سەرتاسەری سوریادا بقۆزنەوە. ئەو ئەفسەرە کوردە ئاماژەی بە هێمای داعش کردووە لەسەر جلی ئەو چەکدارانەی دەستیان بەسەر دیمەشقدا گرتووە و تورکیا پشتیوانیان لێدەکات.

هێزەکانی سوریای دیموکرات بۆ ماوەی دە ساڵە وەک پێشەنگی هەوڵەکانی بەرەنگاربوونەوەی داعش لە سوریا بە سەرکردایەتی ئەمەریکا کار دەکەن و لە ساڵی 2017دا جیهادییەکانیان لە بارەگاکانیان لە ڕەققە دەرکرد.

لەو کاتەوەی گرووپی حەیات تەحریری شام کە پێشتر سەر بە قاعیدە بووە، دەستی بەسەر دیمەشقدا گرتووە، زیندانەکانی داعش بوونەتە جێگای سەرنجی ئەو گرووپە.

لەم نێوەندەدا زلهێزە دەرەکییەکان ناکۆکن لەسەر ئەوەی کێ دەبێت زیندانەکان بەڕێوە ببات.

تورکیا کە کوردەکانی سوریا وەک هەڕەشەیەک بۆ سەر ئاسایشی نەتەوەیی وڵاتەکەی دەزانێت، دەڵێت پێویستە زیندانەکان ڕادەستی فەرمانڕەوا نوێیەکان بکرێن و هاوکارییان پێشکەشی جیهادییەکان کردووە بۆ بەڕێوەبردنیان.

بەڕێوبەرایەتی بایدن پشتیوانی خۆی بۆ هێزە کوردییەکان بۆ بەڕێوەبردنی زیندانەکان دەربڕیبوو. ئەنتۆنی بلینکن، وەزیری پێشووی دەرەوەی ئەمەریکا لە ٨ی ژانویە ڕایگەیاند یەکێک لە ڕێگا گرنگەکان بۆ دوورکەوتنەوە لە سەرهەڵدانەوەی داعش، بەهێزکردنی هێزەکانی سوریای دیموکراتە.

سەرچاوە/ڕۆیتەرز