باڵیۆزی ئیسرائیل لە واشنتن دەڵێت ئاگربەست لەگەڵ حزبوڵا نزیکە

مایک هێرزۆگ باڵیۆزی ئیسرائیل لە واشنتن ڕایگەیاند هێزەکانی ئیسرائیل و چەکدارانی حزبوڵا دەشێت بۆ چەند ڕۆژێک ئاگربەست ڕابگەیەنن.

هەرزۆگ ڕۆژی دووشەممە بە ڕادیۆی سەربازی ئیسرائیلی ڕاگەیاند دانوستانەکان لەسەر هەندێک خاڵ بەردەوامن و حکومەت بڕیاری کۆتایی لەسەر ڕێککەوتنەکە دەدات.

باڵیۆزەکەی ئیسرائیل گوتیشی نزیکن لە ڕێککەوتن و ڕەنگە بۆ چەند ڕۆژێک ئاگربەست ڕابگەیەنرێت.

ئیسرائیل دەڵێت ئەگەر حزبوڵا بە پێی بەرپرسیارێتی خۆی نەجوڵێتەوە ئەوا ئۆپەراسیۆنەکانی دەستپێدەکاتەوە و هەتا ئێستاش هیچ ڕێککەوتنێک لەسەر ئەم بابەتە نەکراوە.

لە ڕێککەوتنەکەدا داوای کشانەوەی چەکداری حزبوڵا و هێزەکانی ئیسرائیل لە باشووری لوبنان دەکرێت.

لە ساڵی 2006 بە بڕیاری نەتەوە یەکگرتووەکان ململانێکانی هەردوولا ڕاگیران.

ئێستا ئیسرائیل دەڵێت ئەگەر حزبوڵا بەردەوام بێت و لە باشووری لوبنان بوونی چەکداری خۆی بسەلمینێت، ئەوا دەتوانێت ئۆپەراسیۆنی سنوور بەزاندنی هاوشێوەی حەماس ئەنجام بدات.

لوبنان دەڵێت ئیسرائیل بڕیارنامەی ساڵی 2006 پێشێل دەکات.

سەرچاوە: فرانس پرێس