بڕیارە سەرۆک بایدن لەگەڵ نەتانیاهۆ گفتوگۆ بکات و سەرنجەکانیش لەسەر وەڵامدانەوەی هێرشەکانی ئێران دەبن

چاوەڕوان دەکرێت جۆو بایدن سەرۆکی ئەمەریکا ڕۆژی چوارشەممە لەگەڵ سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل بنیامین نەتانیاهۆ گفتوگۆ بکات، بابەتی سەرەکی گفتوگۆکانیش تاوتوێکردنی هەر پلانێک دەبێت بۆ هێرشکردنە سەر ئێران.

ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە حاڵەتی ئامادەباشیدایە و چاوەڕێی وەڵامی ئیسرائیل دەکات بەرامبەر هێرشە مووشەکییەکەی هەفتەی ڕابردووی ئێران کە تاران لە وەڵامی پەرەسەندنی سەربازی ئیسرائیل لە لوبنان ئەنجامیدا. هێرشەکەی ئێران لە کۆتاییدا هیچ زیانێکی گیانی نەبوو و واشنتنیش بەبێ کاریگەر ناوی برد.

ناتانیاهۆ بەڵێنی داوە کە ئێرانی دوژمنی سەرسەختی باجی هێرشە مووشەکییەکەی بدات، تاران دەڵێت هەر تۆڵەسەندنەوەیەک وێرانکاریەکی بەرفراوانی لێدەکەوێتەوە، ئەمەش ترسی شەڕێکی فراوانتری لە ناوچەی بەرهەمهێنەری نەوتدا دروستکردووە، کە دەشێت ئەمەریکا ڕابکێشێت.

بابەتی سەرەکی گفتوگۆکان تۆڵەسەندنەوەی ئیسرائیل دەبێت لە ئێران و واشنتن هیوادارە ڕای خۆی دەرببڕێت لەسەر ئەوەی ئایا وەڵامدانەوەکە گونجاو دەبێت یان نا.

بایدن ڕۆژی هەینی ڕابردوو گوتی ئەگەر لە جێگەی ئیسرائیل بێت بیر لە جێگرەوەیەک دەکاتەوە بۆ لێدانی کێڵگە نەوتییەکانی ئێران و گوتیشی لەو باوەڕەدایە هێشتا ئیسرائیل نەیزانیوە چۆن وەڵامی ئێران بداتەوە. هەفتەی ڕابردوو گوتیشی پشتگیری ئیسرائیل ناکات لە هێرشکردنە سەر دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێران.

ئیسرائیل لەلایەن ئەمەریکا و هاوپەیمانەکانی ترەوە داوای لێکراوە ئاگربەست لە غەززە و لوبنان پەسەند بکات، بەڵام دەڵێت بەردەوام دەبێت لە ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی تا ئەو کاتەی ئیسرائیلییەکان سەلامەت دەبن.

هەروەها چاوەڕوان دەکرێت بایدن و نەتانیاهۆ گفتوگۆ لەسەر ململانێکان لەگەڵ حەماس لە غەززە و حزبوڵڵا لە لوبنان بکەن.

سەرچاوە: ڕۆیتەرز