ئەمەریکا کۆمەکێکی نوێ بە بڕی زیاتر لە 200 ملیۆن دۆلار ڕادەگەیەنێت بۆ ئەو خەڵکە سیڤیلییەی شەڕی ناوخۆی سودان زیانی لێداون و کاریگەری نەرێنی کردۆتە سەریان.
ئەم یارمەتییە نوێیەی ئەمەریکا ئەو پەنابەر و ئاوارانەش دەگرێتەوە کە چوونەتە وڵاتانی دراوسێی سودانەوە.
لەوەتای مانگی 4ی ساڵی 2023وە وڵاتی سودان کەوتۆتە شەڕێکی خوێناوییەوە لە نێوان لەشکری سودان و هێزی پشتیوانیی خێرا کە بە هێزێکی نیمچە لەشکریی ناودێر دەکرێت.
لیندا تۆماس گرینفێڵد، بەڵیۆزی ئەمەریکا بۆ نەتەوە یەکگرتووەکان دەڵێت "گەلی سودان ڕووبەڕووی خراپترین قەیرانی مرۆیی بووەتەوە لە جیهاندا."
خانم گرینفێڵد، دەڵێت "جێی شانازیمە کە ڕایدەگەیەنم، ئەمەریکا بڕی 203 ملیۆن دۆلاری تری یارمەتی مرۆیی دابین دەکات بۆ پشتیوانی لە گەلی سودان لەناو ولاتەکەدا و لە چاد و میسر و هەروەهاش سودانی باشور کە کاریگەریی ئەم شەڕە خوێناوییەیان کەوتۆتە سەر."
لەوەتای شەڕی سودان دەستیپێکردووە، وەک خانم گرینفێڵد ئاماژەی پێکردووە، بێ لەو 203 ملیۆن دۆلارەی ڕۆژی پێنجشەممە، تا ئێستا ئەمەریکا بڕی 500 ملیۆن دۆلاری تریشی بۆ سودان تەرخان کردووە.
ئەم شەڕەی سودان بۆتە مایەی کوژرانی هەزاران کەس و ئاوارەبوونی زیاتر لە 10 ملیۆن کەس، لەوانە 2 ملیۆن کەس ڕوویان لە وڵاتانی دراوسێی سودان کردووە، بەپێی زانیارییەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان.
ئەسیۆسێتد پرێس