وەزیری دەرەوەی بە وەکالەتی ئێران دەڵێت دانوستانە ناوکییەکانی ئێران لەگەڵ ئەمەریکا لە ڕێگەی عومانەوە بەردەوامن

عەلی باقری کەنی، کە دوای مردنی حوسێن ئەمیرعەبدوڵڵاهیان لە ڕووداوی کەوتنەخوارەوەی هەلیکۆپتەردا، وەک وەزیری دەرەوەی بە وەکالەتی ئێران دەستی بەکارکردووە، ڕایدەگەیەنێت دانوستانە ناڕاستەوخۆکانی ئێران و ئەمەریکا سەبارەت بە بوژاندنەوەی ڕێککەوتنە ناوکییەکەی ساڵی 2015 لە ڕێگەی وڵاتی عومانەوە بەردەوامن.

لە هەواڵێکدا کە لە مالپەڕی ئاژانسی هەوالی ئینتخاب بڵاو کراوەتەوە، ئاماژە بەوە کراوە، باقری کەنی بە ئاماژەدان بە پرسی هەڵگرتنی سزاکانی ئەمەریکا و ڕۆژئاوا ڕایگەیاندووە "پڕۆسەی دانوستاندنەکان بەردەوامە و ئەو پرسە بەدواداچوونی بۆ دەکرێت."

وەزیری دەرەوەی بە وەکالەتی ئێران لە گفتوگۆیەکدا لەگەڵ کەناڵێکی تەلەفزیۆنی ئیران ڕۆژی چوارشەممە، 10ی مانگی حەوت بە ئاماژەدان بە نهێنی پڕۆسەکە و ناوەڕۆکی دانوستانەکان، باسی لەوەش کردووە، تیمی دانوستانکاری ئێران هەوڵی لابردنی سزاکان دەکات و دەشڵێت "تا کاتی دەستبەکاربوونی حکومەتی نوێی ئێران پێویستە زەمینەیەکی گونجاو بۆ هەنگاوێکی ڕژد لەو بوارەدا بۆ حکومەتی نوێ دەستەبەر بکەین."

لێدوانەکانی ئەم دواییەی باقری کەنی لەکاتێکدایە کە جۆن کێربی وتەبێژی ئەنجومەنی ئاسایشی نیشتمانی کۆشکی سپی ڕۆژی دووشەممە 7ی مانگی حەوت لە وەڵامی ئەو پرسیارەدا کە ئایا ئەمەریکا ئامادەیە دانوستانە ئەتۆمییەکان لەگەڵ دەستبەکاربوونی سەرۆکی نوێ لە ئێران دەستپێبکاتەوە، ڕایگەیاند نەخێر و ئەوە ڕوونادات.

وتەبێژی ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتمانی کۆشکی سپی لە لێدوانەکەیدا بۆ پەیامنێران، ڕایگەیاند کە حکومەتی ئێران هێشتا پشتیوانی لە "گرووپە تیرۆریستییەکانی" وەک حزبوڵڵا، حەماس و حوسییەکان دەکات.
کێربی بە ئاماژەدان بە هەڵبژاردنی مەسعود پزشکیان وەک سەرۆکی نوێی ئێران ڕایگەیاند "دەبێت بزانین چی دەکات، بەڵام چاوەڕوانی گۆڕانکاری لە هەڵسوکەوتی ئێران ناکەین."
پزشکیان لە هەڵمەتەکانی هەڵبژاردنیدا سەبارەت بە سیاسەتی دەرەوەی ئێران ڕایگەیاندووە ڕێگە چارەی کێشەکان و هەڵگرتنی ئاستەنگەکانی بەردەم سیاسەتی دەرەوەی ئێران، زیندووکردنەوەی ڕێککەوتنە ناوکییەکەی ساڵی 2015ی ئیڕانە و گوتیشی "پێویستە ڕێککەوتنە ناوکییەکە زیندوو بکرێتەوە و ئەگەر ئەم بابەتە چارەسەر نەکەین، قسەکردن لەسەر پرسەکانی تر تەنها لەئاستی قسەکردندا دەمێنێتەوە."

پزیشکیان پێیوایە بەبێ ڕێککەوتنە ناوکییەکەی ئێران لەگەڵ زلهێزە جیهانییەکان، کۆماری ئیسلامی ناتوانێت پەیوەندییەکانی لەگەڵ دراوسێکانی بپارێزێت و پەرەیان پێبدات.

هەروەها ناسر کەنعانی وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی کۆماری ئیسلامی ئێرانیش، سێ ڕۆژ لەمەوبەر ڕایگەیاندبوو "کەناڵەکانی وتووێژی دیپلۆماسیمان بە شێوەیەکی ناڕاستەوخۆ لەگەڵ لایەنە دانوستانکارەکان بە ئەمریکاشەوە بەردەوامن."

دوای هاتنە سەرکاری حکومەتی ئیبراهیم ڕەئیسی، دانوستانە ئەتۆمییەکان سەرەتا پچڕانیان تێکەوت و دوای ماوەیەکیش بە تەواوی وەستان. بە وتەی وەزیری بەوەکالەتی دەرەوەی ئێران، وتووێژەکان لە کۆتایی ساڵی 2022وەوە دەستیان پێکردەوەتەوە.