سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەگەڵ سەرۆکی نەمسا کۆدەبێتەوە

سەرۆکی نەمسا و سەرۆکی هەرێمی کوردستان

سەرۆكی هەرێمی كوردستان نێچیرڤان بارزانی لە ڤییەنا گوتی کۆبوونەوەیکی " زۆر باشی" لەگەڵ سەرۆکی نەمسا و وەزیری دەرەوە ئەنجام داوە لەسەر چۆنیەتی بەرەوپێشبردنی پەیوەندییەکان لەگەڵ عێراق بە گەشتی بە تایبەتی هەرێمی کوردستان.

بارزانی پاش کۆبوونەوەکەی لەگەل سەرۆکی نەمسا ئالێکساندەر فان دێر بێڵن، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند " هەست دەكەین نەمسا خوازیاری ئەوه‌يه‌ ئەم پەیوەندییە هەم لەڕووی سیاسییەوە و هەم لەڕووی ئابوورییەوە، پەرەی پێ بدرێت. "

گوتیشی " بێگومان ئەوان ئێستا باڵیۆزخانەی خۆیان لە بەغدا كردۆتەوە، داوامان كرد كە كونسوڵخانەش لە هەولێر بكرێتەوە. جەنابی باڵیۆزی خۆمان، باڵیۆزی عێراق بەدواداچوون بۆ ئەم بابەتە دەكات و ئەوەی كە بینیم تێگەیشتنێكی باشیان هەیە هەم بۆ پەیوەندیی ئابووری و هەم بۆ پەرەسەندنی پەیوەندیی سیاسی لەگەڵ عێراق و لەگەڵ هەرێمی كوردستان. سوپاسی پێشوازيی ئه‌مڕۆى سەرۆككۆمارمان كرد و هیوادارین ئەم پەیوەندییە بەرەوپێشەوە بڕوات لە هەموو ڕوویەكەوە”.

بارزانی ئاماژەی بەوەش کرد کە لەگەڵ نەمسادا پەیوەندییەكی دێرین هەیە "كە دەگەڕێتەوە بۆ ساڵانی زۆر كۆن و كۆتا جار كە وەزیری دەرەوەی نەمسا سەردانی هەرێمی كوردستان و عێراقی كرد، داوەتێكی بۆ ئێمە نار بۆ ئەوەی سەردانی نەمسا بكەین، ئێمەش لەسەر ئەم داوەتە هاتووین."

سەرۆکی هەرێمی کوردستان نێچیرڤان بارزانی لە میانەی سەردانەکەیدا بۆ نەمسا، لەگەڵ ئەلکساندەر شاڵنبێرگ، وەزیری دەرەوەی ئەو وڵاتەشدا کۆبووەوە.

سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند بارزانی و شاڵنبێرگ " جه‌ختيان له‌ بره‌ودان به‌ په‌يوه‌ندييه‌كانى نه‌مسا له‌گه‌ڵ عێراق و هه‌رێمى كوردستا‌ن، به‌تايبه‌تى له‌ بوارى ئابوورى و بازرگانيدا کرده‌وه‌، هه‌روه‌ها تيشكيان خسته‌ سه‌ر دۆخى سياسيى عێراق و هه‌رێمى كوردستان و ڕۆڵى نه‌مسا له‌ چوارچێوه‌ى هاوپه‌يمانيى نێوده‌وڵه‌تيى دژى داعشدا."

سەرۆکی هەرێمی کوردستان و وەزیری دەرەوەی نەمسا

بە پێی بەیاننامەکەی سەرۆکایەتی هەرێم، بارزانی سوپاسی نەمسای کردووە بۆ " پشتگیری کردن لە گەلی کوردستان و مافە ڕەواکانی لە ڕۆژگارە سەختەکاندا."

دەشڵێت وه‌زيرى ده‌ره‌وه‌ى نه‌مساش،"خۆشحاڵیی خۆی به‌ سه‌ردانی سه‌رۆک نێچیرڤان بارزانی و ئاستی په‌یوه‌ندییه‌کانی وڵاته‌که‌ی له‌گه‌ڵ عێراق و هه‌رێمی کوردستاندا ده‌ربڕی و به‌رده‌واميى پشتگيريى نه‌مسا‌ى بۆ عێراق و هه‌رێمى كوردستان، دووپات كرده‌وه."