ئاژانسی فرانس پرێس دەڵێت ئەفسەرێکی سوپای تورکیا بە تۆمەتی بازرگانیکردن بە مرۆڤەوە لە سنووری سوریا دەستگیرکراوە.
ئاژانسەکە ئەم هەواڵەی لە زاری سەرچاوەکانی وەزارەتی بەرگری تورکیاوە بڵاوکردووەتەوە.
لە ماوەی ئەم هەفتەیەدا لە میدیاکانی تورکیا چەند هەواڵێک بڵاوکرانەوە کە ئەفسەرێکی بەرپرسی ئۆپەراسیۆنەکانی سوریا ئۆتۆمبێلی فەرمی خۆی بۆ قاچاخچییەتی بە مرۆڤ بەکارهێناوە، بۆ ئەوەی لە بازگەکان تێپەڕبێت.
بەگوێرەی ئاژانسی فرانس پرێس، بێجگە لەوەش ئەو سەربازە هەزاران دۆلاری لە بازرگانیکردن بە مرۆڤەوە دەستکەوتووە.
سەرچاوەکان ئەو هەواڵانەیان لە میدیاکانی تورکیادا پشتڕاست کردووەتەوە.
میدیاکان بڵاویانکردووەتەوە ، ئەو ئەفسەرە لە شاری ئانکەرە، بە فەرمانی داواکاری گشتی ناوچەی ئاکجاکاڵی شاری ڕهای نزیک سنووری سوریا، دەستگیرکراوە.
سەرچاوەکانی وەزارەتی بەرگری دەستگیرکردنی ئەفسەرەکەیان پشتڕاست کردووەتەوە، بەڵام باسیان لەوە نەکردووە کەی و لە کوێ دەسگیرکراوە.
هەروەها سەرچاوەکان ڕایانگەیاندووە کە وەزارەتی بەرگری لێکۆڵینەوەی لەسەر ئەو ئەفسەرە دەستپێکردووە و ناچار بووە دەست لەکار بکشێنێتەوە.
ئاماژەیان بەوەشکردووە، "پرۆسەی یاسایی بەردەوامە".
هەروەها ڕایانگەیاندووە کە ڕێگە بە هیچ کەسێک لە سوپای تورکیا نادەن یاسا بشکێنێت.
سەرچاوە: ئاژانسی فرانس پرێس