تورکیا بۆ کڕینی فڕۆکەی جەنگی F-16 ڕێککەوتن لەگەڵ ئەمەریکا واژۆ دەکات

سەرچاوەکانی وەزارەتی بەرگری تورکیا ڕۆژی پێنجشەممە ڕایانگەیاند، تورکیا و ئەمەریکا گرێبەستێکیان بۆ فرۆشتنی فڕۆکە جەنگییەکانی ئێف 16 واژۆ کردووە، پاش ئەوەی واشنتن دوای چەند مانگێک دانوستان، ڕەزامەندی لەسەر ئەو گرێبەستە 23 ملیار دۆلارییە دەربڕی.

سەرچاوەکان دەشڵێن "گرێبەستەکە واژۆ کراوە و شاندەکانی هەردوولا دانوستان لەسەر وردەکارییەکان دەکەن".

بەپێی ڕێککەوتنەکە تورکیا 40 فڕۆکەی نوێی F-16 وەردەگرێت و 79 لە فڕۆکە جەنگییەکانی ئێستای نوێدەکاتەوە.

وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا هەفتەی ڕابردوو ستایشی "هەنگاوێکی سەرەکی بەرەوپێش"ی کرد لە کڕینی فڕۆکەی جەنگی نوێی F-16 لەلایەن تورکیاوە و بە "پێشکەوتووترین فڕۆکەی F-16 کە تا ئێستا تەنها بۆ نزیکترین هاوپەیمانان و هاوبەشەکانی بەردەست کراوە" ناوی برد.

وەک لە یاسادا هاتووە، وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا لە مانگی یەکدا کۆنگرێسی لە ڕێککەوتنەکە ئاگادارکردەوە، بێجگە لەوەش فرۆشتنی 40 فڕۆکەی F-35 بە یۆنان بە بڕی 807 ملیار دۆلار.

لە ساڵی 2019 و لە پاش ئەوەی ئەنکەرە سیستەمی بەرگری S-400 ی ڕووسیایی کڕی و دایمەزراند، ئەمەریکا بڕیاری دا پێدانی فڕۆکەی F-35 بە تورکیا ڕابگرێت.

جێف فڵەیک باڵیۆزی ئەمەریکا لە ئەنکەرە ڕۆژی چوارشەممە لە وتووێژێکیدا لەگەڵ ئاژانسی دەنگوباسی ڕۆیتەرز، ڕایگەیاند، تورکیا پێگەی خۆی لە ڕۆژئاوا داکوتیوە و پەیوەندییەکانیشی لەگەڵ ئەمەریکا هەرگیز تا ئەم ئاستە بەهێز و قووڵ نەبووە، تەنانەت لە کاتێکدا بۆچوونی لایەنەکان لەسەر شەڕی ئیسرائیل لە غەززە بە تەواوی جیاواز و دوور لە یەکترە.

فڵەیک کە بڕیارە لە پاییزی ئەمساڵدا پۆستەکەی بەجێبهێڵێت، گوتیشی " تورکیا بۆ فەراوانکردنی ناتۆ و گرێبەستەکەی بۆ کڕینی فڕۆکەی ئێف 16ی ئەمەریکایی ئاماژەیە بۆ خواستی ئەنکەرە بۆ نزیکبوونەوە لە ڕۆژئاوا و زەمینەی گەشەی بەردەوامی بازرگانی و وەبەرهێنان دەستەبەر دەکات."

ئەمەریکا ڕەزامەندی لەسەر ئەم مامەڵەیە نەدابوو تا ئەو کاتەی کە ئامرازەکانی پەسەندکردنی ئەندامێتی سوید لەلایەن تورکیاوە نەگەیشتنە واشنتن.

پەرلەمانی تورکیا لە مانگی یەکی ئەمساڵدا ئەندامێتی سویدی لە ناتۆ پەسەند کرد، دوای زیاتر لە ساڵێک دواکەوتن کە ڕۆژئاوای نیگەران کردبوو بۆ یەکگرتن لە بەرامبەر شەڕی ڕووسیا دژی ئۆکرانیا.

بڕیارە مانگی داهاتوو ئەردۆغان بەشداری لوتکەی سەرکردەکانی ناتۆ بکات لە واشنتن.

بڕیاربوو مانگی ڕابردوو ئەردۆغان لەگەڵ جۆو بایدن هاوتا ئەمەریکییەکەی لە کۆشکی سپی کۆببێتەوە بەڵام بەهۆی کێشەی خشتەی کارەکانەوە دواخرا.

بەشێک لە زانیارییەکانی ئەمە هەواڵە لە ئاژانسەکانی فرانس پریس و ڕۆیتەرز وەرگیراوە