تولای هاتیمۆگولاری، هاوسەرۆکی پارتی یەکسانی و دیموکراسی گەلان (دەم) لە جولەمێرگ ڕایگەیاند، حکومەتی تورکیا ئیتر کارا نییە و پێویستە دەستبەجێ دەستلەکارکێشانەوەی خۆی ڕابگەیەنێت.
گوتیشی، پارتی داد و گەشەپێدان (ئاکەپە) و هاوپەیمانییەکەی پارتی بزووتنەوەی نەتەوەپەروەر (مەهەپە)، بەهۆی شکستی هەڵبژاردنەکانی ڕابردوو، دەیانەوێت تۆڵە لە دەم پاتی بکەنەوە.
هاتیمۆگولاری ڕۆژی پێنجشەممە لە ڕاگەیاندنەکەیدا گوتیشی "بەهۆی تۆڵەسەندنەوەی سیاسییەوە بە دانانی قەیوم دەستیان گرت بەسەر شارەوانی جولەمێرگدا. یەکێک لە خواستەکانیان ئەوەیە سەرچاوەی دارایی شارەوانییەکان بکەن بە هی خۆیان و بیدەن بە لایەنگرانی خۆیان، بۆیە قەیوم دادەنێن."
ئاماژەی بەوەشکرد، هەلومەرجی هەڵبژاردنی پێشوەختە لە تورکیا ڕەخساوە و ڕایگەیاندووە، پێویستە ئەو وڵاتە دەستبەجێ بچێتە سەر سندوقەکانی دەنگدان.
لە هەڵبژاردنە خۆجێیەکانی 31ی مانگی سێدا لە ناوچە زۆرینە کوردییەکانی تورکیادا، پارتی دەم کە بە پارتێکی لایەنگری کورد ناسراوە، زۆرینەی شارەوانییەکانی بردەوە و پارتی گەلی کۆماریی جەهەپە زۆرینەی دەنگەکانی ئاکەپەی بەدەستهێنا بۆ یەکەمجار لە ماوەی زیاتر لە 20 ساڵی دەسەڵاتیدا ئاکەپە دۆڕا.
دوای هەڵبژاردنەکان، ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆک کۆماری تورکیا ڕایگەیاند، قۆناغێکی نەرم لەو وڵاتە دەست پێدەکات و داوای دروستکردنی دەستورێکی نوێ دەکات.
هەروەها نومان کورتولموش سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا لەگەڵ پارتی دەم کۆبووەوە بۆ دانوستان لەسەر داڕشتنی دەستورێکی نوێ.
کاربەدەستانی پارتی دەم ڕایدەگەیەنن کە بە شێوەیەکی ئەرێنی سەیری دروستکردنی دەستوری نوێ دەکەن، بەڵام دەڵێن کە دۆخی زیندانیانی سیاسی و زیندانەکان و نەخوێندن بە زمانی دایک نیگەرانی سەرەکی ئەوانە و پێویستە سەرەتا لەسەر زەمینەیەکی دیموکراسی قسەبکەن.
ئۆزگور ئۆزێل سەرۆکی جەهەپە، هەروەها لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا سەبارەت بە دروستکردنی یاسای بنەڕەتی نوێ ڕایگەیاندبوو، ئەردۆغان بەپێی یاسای ئێستا مامەڵە ناکات و ڕایدەگەیەنێت کە ناتوانێت لەم دۆخەدا دانوستان لەسەر دەستوری نوێ بکات.
دوای هەڵبژاردنە ناوخۆییەکانی 31ی ئادار، هەردوو سەرکردە جارێک کۆبوونەوە و بڕیارە هەفتەی داهاتووش ئەردۆغان سەردانی ئۆزێل بکات.
سەرچاوە: ئاژانسی مێزۆپۆتامیا، ئێن تی ڤی