پەیامنێری بەشی کوردی دەنگی ئەمەریکا لە عەفرین دەبێتە براوەی خەڵاتی بێرک

پەیامنێری بەشی کوردی دەنگی ئەمەریکا، نەورۆز ڕەشۆ، خەڵاتی دەیڤد بێرکی لەلایەن ئاژانسی ئەمەریکا بۆ میدیای جیهانی( USAGM) بەدەستهێنا.

خەڵاتی بێرک کە ڕۆژی هەینی لە مەڕاسیمێکدا ڕاگەیەندرا، خەڵاتی ڕێزلێنانە بۆ ڕۆژنامەوانە بوێرەکان و پرۆفێشناڵەکان لە هەموو تۆڕەکانی ئاژانسەکە کە نەورۆز ڕەشۆ پەیامنێری بەشی کوردی دەنگی ئەمەریکا لە عەفرین براوی خەڵاتەکە بوو بۆ دەنگی ئەمەریکا.

ئەم خەڵاتە ڕێزلێنانە بۆ ئەو کەسانەی کە لە هەلومەرجێکی سەختدا کاری گرنگیان کردووە و بوونەتە دەنگی ئەو کەسانەی کە دەنگیان نابیسرتێت.

نەورۆز یەکێکە لەو پەیامنێرە بوێرانەی لە کاتی داگیرکردنی عەفرینەوە لەلایەن تورکیا و هێزەکانی لایەنگری تورکیاوە تا ئێستا دەیان چیرۆکی سەرنج ڕاکێشی لە کەمپی پەنابەرانی شەهباوە گەیاندووەتە خوێنەران و بینەران لە سەرانسەری جیهاندا.

دەنگی ئەمریکا بەشێکە لە ڕێکخراوی USAGM و بارەگا سەرەکییەکەی لە واشنتن دی سییە.

جگە لەوەش، ڕادیۆی ئەوروپای ئازاد / ڕادیۆی ئازادی، نووسینگەی پەخشی کوبا، ڕادیۆی ئازادی ئاسیا و تۆڕی پەخشی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست (MBN) لە ژێر چەتری ئەو ڕێکخراوە فەرمییەدا کاردەکەن.