ئایا دادگای فیدراڵی عێراق دەتوانێت بڕیارێکی پێشووی سەبارەت بە هەژماری من ڕاستبکاتەوە؟

لە چەند ڕۆژی ڕابردوو لە ژمارەیەک میدیای هەرێمی کوردستان، هەواڵێک بڵاوکرایەوە کە دەڵێت چاوەڕوان دەکرێت دادگای فیدراڵی عێراق بڕیارێکی خۆی ڕاستبکاتەوە کە سەبارەتە بە بانکیکردنی موچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان. بەڵام بەشێک لە شارەزایانی یاسایی پێیان وایە بەربەستی گەورەی دەقی یاسایی هەن و هەروەها خودی پەیڕەوی ناوخۆی دادگای فیدراڵیش ڕێگە بەوە نادات بڕیارێکی ئەم دادگا باڵایەی عێراق هەمواربکرێتەوە.

دەپرسین:

هیچ هۆکارێک هەیە وا لە دادگای فیدراڵی بکات بەو بڕیارەیدا بچێتەوە؟

ئایا هیچ ڕێگەیەکی یاسایی هەیە کە بوار بە دادگای فیدراڵی عێراق بدات بڕیارێکی خۆی هەمواربکاتەوە؟

ئەگەر دادگای فیدراڵی هەنگاوێکی لەو جۆرەی نا، کاردانەوەکان چۆن دەبن؟

ئایا تیمی پارێزەرانی ئەو سکاڵاکارانەی داوای پێدانی موچەی فەرمانبەرانی هەرێم دەکەن لە ڕێگەی بانکە حکومییەکانی عێراق، ئاگاداری ئەو هەوڵەن؟

لە بەرنامەی بابەتی ڕۆژ تاووتوێی ئەم پرسە کرا بە میوانداری:

هاوڕێ تۆفیق، شارەزای یاسایی.

پارێزەر بەکر حەمەسدیق، پارێزەری سکاڵاکارانی داوای موچەی فەرمانبەران لە بەردەم دادگای فیدراڵی.

دکتۆر عەلی عەبدوڵڵا، پارێزەری ڕاوێژکار.

مامۆستا دڵشاد میرانی، نوێنەری مامۆستایانی ناڕازی کە واژویان بۆ ڕەتکردنەوەی هەژماری من کۆکردەوە.

دەنگی ئەمەریکا، چەندین هەوڵی دا بۆ بەشداریکردنی نوێنەری هەژماری من یا خود لایەنێکی حکومەتی هەرێم، بەڵام هەوڵەکان بێ ئاکام بوون.

Your browser doesn’t support HTML5

ئایا دادگای فیدراڵی عێراق دەتوانێت بڕیارێکی پێشووی سەبارەت بە هەژماری من ڕاستبکاتەوە؟

پارێزەر بەکر حەمەسدیق

چ لە یاسای دادبینی شارستانی، چ لە پەیڕەوی ناوخۆی دادگاکەشدا وشەیەکمان نیە بەناوی ڕاستکردنەوە بۆ بڕیاری دادگای فیدراڵی عێراق، جا حاڵیان ئاوایە بۆیە ڕۆژیان گەیشت بەم حاڵە جوانە کە نەزانن دوو دەستەواژەی یاسایی لێک جیابکەنەوە، دەستەواژەی ڕاستکردنەوە بەکاربهێنن بۆ بڕیای دادگای فیدراڵی، لای خۆی ڕاوێژکاری یاساییان هەیە جێی خۆیەتی دەستەواژەکان بۆ حکومەتی هەرێم ڕاستبکەنەوە، مادە ٤٥ کە باسی هەموار دەکات، مەرجی داناوە، ئەویش، یەکەم، دەبێت پێویستی دەستوری هەبێت، دووەم، نابێت دەستکاری مافی بەدەستهاتوو بکات، ئەو بڕیارە دۆخێکی یاسایی هێناوەتە پێشەوە کەپێشتر نەبووە، واتە مافی فەرمانبەران کە بەپێی بڕیارەکەی دادگای فیدراڵی بەدەستهاتووە، هەروەها میکانیزمی وەرگرتن و گەیاندنی مافەکەش بە فەرمانبەر، کە هەردووکیان پێشتر نەبووە، بۆیە نابێت ئەو هەمووارە دەستکاری ئەو دوو خاڵە بکات، کە بە بۆچونی من هەژماری من دەستکاری هەردووکییان دەکات، بۆیە ناکرێت هەموار بکرێتەوە.

من وەک پارێزەری داواکارانی ئەو سکاڵایە تەنها لە ڕێگای ڕاگەیاندنەوە ئەو هەوڵەم بیستووە، ڕۆژانەش وێب سایتی دادگا دەکەمەوە هیچ وادەیەکی دانیشتنی دادگا سەبارەت بە بابەتی بەوجۆرە نەدراوە، بەڵام عادەتەن دەسەڵاتی سیاسی هەرێم ناچێت لەڕووە یاساییەکەوە بکات ڕێی تێدەچێت چوبێت قسەی لەگەڵ ئەو هێزە سیاسیانە کردبێت کە لەپشت ئەندامانی دادگاوە وەستاون، بەڵام مەرج نیە ئەنجامی هەبێت ئەو هەوڵە.

هیچ مەرجێکی یاسایی بۆ جێکردنەوەی هەژماری من لەتەوتیندا نیە لەلایەن دادگای فیدراڵییەوە، چونکە بڕیارەکەی دادگای فیدراڵی ڕوونە کە باس لە بانکە فیدراڵییەکان دەکات، باسی هج بانکێکی ئەهلی تێدانیە، تەنانەت باسی هیچ بانکێکی هەرێمیشی تێدانیە، بۆیە هەر گۆڕانکارییەک یەکەم کەس و لایەن کە عەیبدار دەبێت بریتییە لە خودی دادگای فیدراڵی،چونکە هیچ میسداقیەتی نامێنێ کە بکەوێتە ژێر کاریگەری سیاسی چەند لایەنێکی سیاسی و هەرێم کۆببنەوە، بڕیاری خۆی بگۆڕێت، وە بڕواناکەم دادگای فیدراڵیش بە ئاسانی ئەوە بکات، شتی وانیە دادگا بەڕونکردنەوە بڕیاری خۆی بگۆڕێت بەڵام ئەوە کفری یاساییە شتی واش نیە، سەبارەت بەپاشگەزبونەوەش لە بڕیارەکە کە پەیڕەوی ناوخۆ باسی کردووە، کاتێک دەبێت کە بەرژەوەندی دەستوری هەبێت، ئەرێ بەس پێم بڵێن بەرژەوەندی دەستوری لە هەژماری مندا چییە؟ نابێت شتی واناکرێت.

ئەوەشی بوترێت با هەژماری من و بانکەکانی حکومەتی عێراقیش هەبێ، بکرێتە ئیختیاری بۆ ئەوەی فەرمانبەری هەرێم کامیان هەڵدەبژێرێت، بەڕاستی لە هەرەمی کوردستان شت کە بووە ئیختیاری واتای ئیجباری، واتە شتێکمان نیە بڵێ ئیختیارییە لەلایەن دەسەڵاتی کوردییەوە بۆ هاووڵاتییان.

هاوڕێ تۆفیق

لە پەیڕەوی ناوخۆی دادگای فیدراڵی(عدول) واتە پاشگەزبوونەوە لەلایەن دادگای فیدراڵیەوە بۆ بڕیارێکی خۆی هەیە، یا لە وڵاتانی تر(سابیقەی دادیمان)هەیە لەسەر بنەمای بڕیارێکی پێشتر دادگاکە بڕیاری تر دەردەکات، سەبارەت بەو بڕیارەی دادگای فیدراڵی کە ئەوکات دەرچوو باس لەوەکرا کە وەزارەتی دارایی عێراق هەر ئەو مانگە موچە دەنێرێت تا پڕۆسەی تەوتین تەواو دەبێ، مەترسی لەسەر موچە دروست بوو، من لەو کۆبونەوەیەی سەرۆک کۆمار لەگەڵ سەرۆکی دادگای فیدراڵی ئامادەبووم، کە سەرۆک کۆمار داوای لە سەرۆکی دادگای فیدراڵی کرد لەسەر ئەو بڕیارە ڕونکردنەوە بدات ئەوەبوو دادگای فیدراڵی ڕونکردنەوەیدا تا پڕۆسەی تەوتین تەواو دەبێ ناردنی موچە بەردەوام دەبێ واتە مەترسی لەسەر موچە نەما، سەبارەت بە مامەڵەکردنی ڕاستەوخۆی بەغداد لەگەڵ فەرمانبەرەکانی هەرێم، کە ئەوەش وترا مەترسی لەسەر قەوارەی دەستوری هەرێم دروستبووە، بە هەمان شێوە سەرۆک کۆمار داوای ڕونکردنەوەی کرد ئەوەبوو ڕونکردنەوە درا کاتێک وەزارەتی دارایی عێراق ڕاستەوخۆ مامەڵە لەگەڵ فەرمانگەکان دەتوانێ بکات کە وەزارەتی دارایی هەرێم هەماهەنگ نەبێ لەگەڵ وەزارەتی دارایی عێراق.

سەبارەت بە بڕیارەکەی دادگای فیدراڵی بۆ هەژمار، دیارە بڕیارەکە دوور و درێژە، بەڵام لە ناوەڕۆکی بڕیارەکە بەجۆرێک لە جۆرەکان باسی بانکی ناوەندی کراوە، کە ساڵێک لەمەوبەر ئەو بانکە ڕێنماییەکانی تەوتینی دەرکرد، ئێستا حکومەتی هەرێم و حکومەتی عێراق دەیانەوێت ئەمە بکەنە دەرچەیەک.

بۆچونێکی تریش هەبوو کە سەرۆک وەزیرانی عێراق وەک لایەنی جێبەجێکار، داوای ڕونکردنەوە لە دادگای فیدراڵی بکات بەهۆی ئەوەی تەمومژ لە بڕیارەکەدا هەیە، ئەوەش هێشتا دادگا وەڵامی نەداوەتەوە و وەک دەوترێت لە تونێلێکدایە دیار نیە بۆ کوێ دەڕوات؟

حکومەتی هەرێم بۆچونێکی هەیە دەڵێت، تەوتین لە عێراق بانکە ئەهلییەکانیشی تێدایە، ئەی با هەرێمیش ئەوە بگرێتەوە نەک تەنها بانکی ڕەشید و ڕافیدەین بگرێتەوە.

جەوهەری بڕیارەکە، بریتیە لە دادپەروەری، کە خەڵک موچە وەربگرێ، وە ئەوەی خەڵک بەلایەوە گرنگە ٣٠ ڕۆژ موچە وەربگرێت، ئیتر کاری بەوەنیە لەسەر ڤیزا کارتەکەی ناوی چ بانکێکی لێ نوسراوە، دووەم بەلای منەوە حکومەتی هەرێمیش پێویستە کەمێک نەرمی بنوێنێت، چونکە بودجەکە بودجەی فیدراڵیە، بانکەکەش بانکی فیدراڵییە پێویست ناکات ئەو گرفتە دروست بکرێت.

ئنجا خۆ دادگای فیدراڵی ڕونکردنەوە بدات مانای ئەوە نیە ببێتە جێگرەوەی بڕیارەکە، بەڵکو وەک پاڵپشتیە بۆ دەسەڵاتی جێبەجێکردن تا بڕیارەکە جێبەجێبکات. بۆچونی منیش ئەوەیە نەدەبوو دادگا بچێتە ناو ئەو وردەکارییانە.

دکتۆر عەلی عەبدوڵڵا

بەپێی خودی پەیڕەوی ناوخۆی دادگای فیدراڵی و یاسای دادبینی شارستانی، ئەو بڕیارەی دادگای فیدراڵی سەبارەت بە موچەی فەرمانبەرانی هەرێم و بانکەکان بواری پێداچونەوەی تێدانیە بەهیچ جۆرێک، بەهیچ جۆرێک بواری ئەوەی تێدا نەماوە کە دادگای فیدراڵی بێت دەستکاری بڕیارەکەی بکات و بەجۆرێک لە جۆرەکان شکۆی خۆی لەکەدار بکات، ئەمە بە هیچ جۆرێک ناکرێت، خۆ من هیچ موچەیەکی حکومیم نیە بەڵام بەڕاستی بڕیارەکە هیچ کێشەیەکی نیە چونکە خەڵک شەش مانگە موچەی وەرنەگرتووە، من کەدەبینم خەڵک ئەو دوو موچەیەی وەرگرت ئیتر بۆ پێم ناخۆش بێت کە هەم لە ڕووی شەرع هەم لە ڕووی مرۆڤایەتیەوە تاوانباردەبین، دوای ئەوە ئەوانەی دژایەتی دەکەن خۆیان موچەیان لەو بانکە حکومیانەی عێراق هەیە ئێستا بۆچی نایانەوێ خەڵکیش هەمان سود ببینێ موچەی خۆیان لەو بانکانە وەربگرن؟!بەڕاستی هەژماری من جۆرێکە لە جۆرەکانی لێبڕین و پاشەکەوتی موچە.

وە تێگەیشتنی منیش بۆ ڕوانگە سیاسیەکەی، سیاسییەکانی عێراق ناچنە ژێرباری ئەوەی شکۆی دادگاکەیان لەکەدار بکەن.

مامۆستا دڵشاد میرانی

ئەگەر هەر ڕونکردنەوەیەکی دادگای فیدراڵی کە ببێتە جێگرەوەی بڕیاری پێشتری بۆ چەکردنەوەی هەژماری من ئەوە واتای ئەوەی دووجار خیانەتمان لێکراوە، بۆیە هەمان هەڵوێستی ناڕەزاییمان دەبێت، وە دواتر هەژماری من نیشتمانی نیە، بەڵکو هی حزبە لەناو حزبیشدا هی تاکە کەسێکە، جگە لەوەی ئەو ئەزمونە تاڵەی ئێمە پێشتر هەمان بووە لەگەڵ ئەم دەسەڵاتە، وەکو مامۆستایانی ناڕازی بە هەموو جۆرێک هەژماری من ڕەتدەکەینەوە، ئیتر باشە یا خراپە با بۆخۆیان بێ، ئاگامان لەوە هەیە کە کۆمەڵێک دادوەر چەند جارە لەگەڵ سەرۆکی دادگای فیدراڵی کۆبوونەتەوە بۆ دۆزینەوەی فێڵێکی یاسایی، خۆشبەختانە هەتا ئێستا نەچووەتە ژێر بار.

ئێمە بە زارەکی لە بەغدادەوە پێمان گەیشت کە بابەتی ڕاستکردنەوەی بڕیاری دادگا هیچ بنەمایەکی ڕاستی نیە، ئەوەی هەیە حکومەتی هەرێم دەیەوێت کات بکوژێت تا دەرچەیەکی تر بۆ جێکردنەوەی هەژماری من بدۆزێتەوە.

هەرڕونکردنەوەیەک لەلایەن دادگای فیدراڵیەوە بدرێت بۆ ئەوەی هەژماری من لەدایک ببێت بەڕاستی ئێمە دەگەڕێنێتەوە خاڵی سفر و بەوەی وەک پێشتر دەیان هەزار کەس بهێنینەوە سەر شەقام چونکە نابێت هیچ ڕونکردنەوەیەک ئێمە بگەینێتەوە ئەوەی کە موچەکانمان بخاتەوە سەر حکومەتی هەرێم واتە هەژماری من، ئەگەرنا دەچینەوە سەر شەقام بۆ ناڕەزایەتی وەک پێشتر.