کاردیناڵ ساکۆ دەگەڕێتەوە بەغدا

.

کاردیناڵ لویس ڕافائێل ساکۆ گەڕایەوە بۆ بەغدا، دوابەدوای چەند مانگێک لەو قەیرانەی لەگەڵ سەرۆکی عێراق و لایەنێکی تری کریستیانەکاندا دروستبووبوو بەهۆی وەک دەگوترا "تەنگ پێهەڵچنینەوە" ئەمەش وەهای کرد کاردیناڵ ساکۆ بەغدا جێبهێڵێت بەرەو هەولێر.

سەرۆکی کلدانە کاثۆلیکەکانی عێراق، درەنگانێکی ڕۆژی چوارشەممە گەیشتە هۆڵی پێشوازیی فەرمی فڕۆکەخانەی بەغدا و دواتریش چووەوە بۆ ئۆفیسی پاتریارکی کلدانە کاثۆلیکەکان لە ناوچەی مەنسور لە بەغدا.

موحەمەد شییاع ئەلسودانی، سەرەک وەزیری عێراق بانگهێشتی فەرمی کاردیناڵ ساکۆی کردووە.

لە مانگی 7ی ڕابردوودا، کاتێک سەرۆکی کلدانە کاثۆلیکەکان بەغدای جێهێشت، ڕایگەیاند "کڵێسا بە ئامانج گیراوە و ڕووبەڕووی چەندان جۆری سوکایەتی و توندوتیژی بۆتەوە."

کێشەی نێوان پاتریارک ساکۆ و هەروەها ڕەیان کلدانی، سەرۆکی بزووتنەوەی بابیلۆن زۆر توند بوون.

بابیلۆن، نوێنەرایەتی هەیە لە پەرلەمانی عێراق و حکومەت و هەروەها لەناو هێزەکانی حەشدی شەعبیشدا بوونی هەیە. هێزەکانی حەشدی شەعبی، زیاتر بەوە ناسراون کە هاوسۆز یان سەر بە کۆماری ئیسلامی ئێرانن و بوونەتە بەشێک لە هێزە فەرمییە ئاسایشییەکان لە عێراقدا.

ئەمەریکا لە ساڵی 2019وە سزای سەپاندۆتە سەر ڕیان کلدانی.

لە مانگی 7ی ڕابردوودا، وەرچەرخانێکی بەرچاو هاتە ئاراوە لەو کێشانەی نێوان کاردیناڵ ساکۆ و ڕەیان کلدانیدا، پاش ئەوەی عەبدوللەتیف ڕەشید، سەرۆکی کۆماری عێراق بڕیاری ژمارە 147ی ساڵی 2013ی هەڵوەشاندەوە.
بەپێی ئەو بڕیارە، بە یاسا، کاردیناڵ ساکۆ، بووە سەرۆکی کڵێسای کلدانییەکان.

ماثیو میللەر، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا، ئەو کاتەش سەرزەنشتی هەڵوەشاندنەوەی ئەو بڕیارەی کرد و مەخابنی خۆی دەربڕی و وەهاش ناودێری کرد کە کاردیناڵ ساکۆ، پاتریارکی کڵێسای کلدان ڕووبەڕووی تەنگ پێهەڵچنین بۆتەوە.

لە سەروبەندی ئەو کێشەیەدا، ماثیو میللەر وتی "نیگەرانین لەو کارانەی لە چەند لایەنێکەوە بەرامبەر پێگەی کاردیناڵ ساکۆ دەکرێن، وەک سەرۆکێکی ڕێزلێگیراوی کڵێسا، چاومان لەوەیە بە پارێزراوی بگەڕێتەوە پێگەکەی خۆی؛ کریستیانەکان بەشێکی گرنگی ناسنامەی عێراقن و بنەمایەکی بنەڕەتیشن لە مێژووی عێراق کە پڕە لە سنگ فراوانی و فرە ڕەنگیی."

بەغدا وەڵامی لێدوانەکانی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکای وەها دەدایەوە کە "هەست بە بێهیوایی دەکات بەرامبەر ئەو تۆمەتبار کردنانە."
بەغدا جەختی دەکردەوە ئەو بڕیارەی هەڵوەشێندراوەتەوە لەگەڵ یاسادا نەدەگونجا و ئاماژەیشی بەوە دەکرد "هەڵوەشاندنەوەی ئەو بڕیارە، بە هیچ شێوەیەک ڕێگر نابێت لەوەی کاردیناڵ ساکۆ ئەرکەکانی خۆی بەجێبگەیەنێت لە ناو کڵێسای کلداندا و هیچ دەسەڵاتێکیشی لێناسەنێتەوە."

کاردیناڵ ساکۆ و ڕیان کلدانی ئەو کاتە یەک ئەوی تریانی گوناهبار دەکرد بەوەی هەوڵی دەستبەسەرداگرتنی دەستکەوتەکانی کریستیانەکان دەدەن لە عێراقدا.

کڵێسای کلدان لە عێراق بە یەکێک لە گەورەترین کڵێساکان دادەنرێت لە بەغدا

بەپێی مەزەندەکان ژمارەی کریستیانەکان لە عێراقدا لە 400 هەزار کەس تێناپەڕێت، لە کاتێکدا بەر لە نزیکەی 20 ساڵ ژمارەیان بە یەک ملیۆن و پێنجسەد هەزار کەس دادەنرا، بەڵام زۆربەیان بەهۆێ شەڕ و قەیران و ململانێکانەوە عێراقیان جێهێشتووە.

بەشێک لە زانیارییەکانی ئەم هەواڵە لە ئەلحوڕە و ئاژانسی دەنگوباسی عێراق وەرگیراوە