پێشەوا هەورامی: ڕەنگە بەپرسی باڵا هەبێت نەیەوێت لە هەژماری من بەشدار بێت بۆ ئەوەی بەردەوام بێت لە پارە سپیکردنەوە و کاری قاچاغی و قومار کردن

پێشەوا هەورامی

وتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕایدەگەیەنێت پرۆژەی هەژماری من بەردەوامە و نزیکەی 300 هەزار مووچەخۆر بەشدار بوون و حکومەت پلانی هەیە تا کۆتایی ئەمساڵ سەرجەم فەرمانبەران بەشدار بن لەو پرۆژەیەدا. وتیشی بەشداری نەکردنی بەشێک لە مووچە خۆرانی سلێمانی لە پرۆژەکە هەڵمەتێکی پۆپۆلیستیە وەک هەموو هەڵمەتەکانی تر لە دژی کابینەی نۆیەمی حکومەت.

پێشەوا هەورامی، وتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند،" بە ڕێژەیەکی زۆر باش لە فەرمانبەران بەشداریان لە هەژماری من کردووە، پلانی حکومەتی هەرێم ئەوەیە تا کۆتایی ئەمساڵ هەموو مووچەخۆرێکی هەرێم خاوەنی هەژماری تایبەتی بێت لە پرۆژەی هەژماری من، ئەم پڕۆژەیە هەرێمی کوردستان دەباتە قۆناغێکی ترەوە، ئابوری و دارایی هەرێم دەباتە قۆناغێکی تر و ڕەچاوی ئەوە کراوە وەکوو هەموو وڵاتانی پێشکەوتوو بەشێوەیەکی شەفاف و مۆدێرن کارەکانی ئەم پرۆژەیە بەڕێوەبچن."

وتیشی،" تیمەکان خەریکی کارەکانی خۆیانن، تا ئێستا خەریکە نزیک دەبێتەوە لە 300 هەزار فەرمانبەر کە بەشداربوون، ئەوانەشی کە بەشداربوون نیوەیان کارتەکەیان وەرگرتۆتەوە."

یەکێک لە کێشە سەرەکیانەکانی نێوان حکومەتی ناوەند و هەرێم لە ئێستادا، میکانیزمی دابەشکردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمە، حکومەتی عێراق داوای بە نیشتیمانی کردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم دەکات، کە خۆی لە دابەشکردنی مووچە لە ڕێگەی بانکە فیدڕاڵیەکانەوە دەبینێتەوە، هەرچی حکومەتی هەرێمە لە ڕێگەی پرۆژەیەکەوە بە ناوی" هەژماری من" داوای دابەشکردنی مووچە دەکات، بەڵام حکومەتی عێراق تا ئێستا ڕەزامەند نەبووە بە داواکەی هەرێم.

لەو بارەیەوە پێشەوا هەورامی وتی،" حکومەتی هەرێم زۆر بە جوانی پلانی بۆ هەموو شتێک دارشتووە، حکومەتی فیدڕاڵ ئەگەر زانیاری لەسەر فەرمانبەران دەوێت ئەو زانیاریەی لە هەژماری من هەیە زۆر زیاترە لەوەی لە "طوطین" هەیە کە بەس ناسنامەیەکە و مووچەی پێ وەردەگیرێت هیچ تایبەتمەندیەکی تری نییە."

وتیشی،" هەژماری من ئەگەر وەک خۆی بۆ خەڵک ڕوونبکرێتەوە کە ئەتوانێت لە چەندین بوارەوە سودی لێوەربگیرێت، بێگومان خەڵک هەموویی لەگەڵی دەبێت، چەند جار لۆمەی حکومەتی هەرێم دەکرا کە خەڵک لە سەرما و گەرما و لە سەرەیا مووچە وەردەگرن، ئەگەر بێت و هەژمار هەبێت هەرکەسەو لە نزیک ماڵەکەی خۆی مووچە وەردەگرێت، دەتوانێت لەسەر دوکانی سەرسووچی ماڵەکەی خۆی شتی پێ بکرێت، پرۆژەیەکی زۆر باشە بۆ ئەوەی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیش بەجۆرێکی تر سەیری هەرێم بکەن لە پرسی سپی کردنەوەی پارە و دزی و هەدەردانی پارە."

لە کۆی نزیکەی یەک ملیۆن و سێ سەد هەزار (1،300،000) مووچەخۆری هەرێم، تا ئێستا نزیکەی 300 هەزار مووچەخۆر بەشداریان لە پرۆژەکەی حکومەتی هەرێم بە ناوی "هەژماری من" کردووە، لە ئێستادا لە فەرمانگەکان بەشێوەی قۆناغ بە قۆناغ بەشداریکردنی فەرمانبەران بەردەوامە، بەڵام بە پێی کاردانەوەی سۆشیاڵ میدیای بەشێکی زۆر لە مووچەخۆرانی سلێمانی بێت، پرۆسەکە لە سلێمانی خاوە و بەشێکی زۆر لە مووچەخۆران ڕەتی دەکەنەوە بەشداری لە هەژماری مندا بکەن.

وتەبێژی حکومەتیش، ئەم هەڵوێستە بە هەڵوێستێکی "پۆپۆلیستی" و "دژایەتی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێم" ناو دەبات، بێ ئەوەی ناوی هیچ لایەنێکی سیاسی دیاریکراو بهێنیت.

پێشەوا هەورامی دەڵێت،" پرسی سلێمانی هەڵمەتێکی پۆپۆلیستیە لە چوارچێوەی هەموو هەڵمەتەکانی تر کە دژایەتی ئەم کابینەیەی پێ دەکرێت، هەر کارێکی باش ئەم کابینەیە دەستی بۆ دەبات خەڵکێک دژایەتی دەکات، ئەمە خواست و داواکاری خەڵک بووە، ئێستا حەملەیەکی سیاسیە لە دژی هەژماری من بەڕێوە دەچێت، لەچوارچێوەی حەملەکانی تر دژی کابینەی نۆ."

وتیشی،" لەم پرۆژەیەوە دەتوانین ڕێگری بکەین لە پارەی ناشەرعی و قاچاغ و سپی کردنەوە و پارەی پیس کە هێشتا هەندێک لە هەرێم دەیانەوێت سەرچاوەی داهاتیان دیار نەبێت، ڕەنگە خەڵکی باڵای سیاسی هەبیت نایانەویت هەژماری منیان هەبێت بۆ ئەوەی بەردەوام بن لە پارە سپیکردنەوەو لە قاچاغی کردن لە سنورەکان و لە قومار کردن."