سی ئای ئەی، مۆساد و سەرۆک وەزیرانی قەتەڕ لە میسر وتووێژ لەسەر ئاگربەست لە غەززە دەکەن

میدیاکانی میسر بڵاویانکردەوە، ویلیام بێرنزی بەڕێوەبەری CIA، دەیڤید بارنیا، سەرۆکی مۆساد و محەمەد بن عەبدولڕەحمان ئەلثانی، سەرۆک وەزیرانی قەتەر ئەمڕۆ سێشەممە لە قاهیرە چاویان بە بەرپرسانی میسری کەوتووە "بۆ گفتوگۆکردن لەسەر ئاگربەست لە غەززە".

ڕۆژنامەی ئەلقاهیرە نیوز سەر بە دەزگای هەواڵگری میسرە، هەواڵی "کۆبوونەوەی چوار کەسەکە"ی بڵاوکردەوە، هاوکاتی پەرەسەندنی فشارە نێودەوڵەتییەکان بۆ ئاگربەستی نێوان ئیسرائیل و گروپی چەکداری فەلەستینی حەماس لە کەرتی غەززە.

قەتەر و میسر بە پشتیوانی ئەمەریکا نێوەندگیری دەکەن بۆ ئاگربەست.

پێشنیارێک کە لە کۆتایی مانگی ڕابردوودا لە پاریس خرایە بەردەم دانوستانکارە ئیسرائیلییەکان، لەنێوان لایەنەکاندا تاوتوێ کرا.

بەرپرسێکی بزووتنەوەی حەماس کە نەیویست ناوی ئاشکرا بکرێت بە ئاژانسی فرانس پرێسی وتووە، "حەماس و لایەنە (چەکدارەکانی دیکە) چاوەڕێی ئەنجامی کۆبوونەوەکانی قاهیرە دەکەن، حەماسیش کراوەیە بۆ گفتوگۆکردن لەسەر هەر دەستپێشخەرییەک کە کۆتایی بە دەستدرێژی و شەڕ بهێنێت".

هەوڵەکانی ئاگربەست دوای ئەوە دێت کە ئەمەریکا و نەتەوە یەکگرتووەکان هۆشداریان داوە بە ئیسرائیل لە دژی هێرشی زەمینی بۆ سەر شاری ڕەفەح کە زیاتر لە ملیۆنێک فەلەستینی تێیدا گیریان خواردووە.