محەمەد شیاع ئەلسودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق، لە کاتێکدا بوونی هێزەکانی هاوپەیمانان بە سەرۆکایەتی ئەمەریکا، هاوکاتی شەڕی غەززە، بە هۆکارێکی ناسەقامگیری لە وڵاتەکەیدا دەبینێت، دەڵێت عێراق دەیەوێت بە خێرایی و بە دانوستاندنێکی ڕێکوپێک ئەو هێزانە لە وڵاتەکەیدا دەربچن.
داواکارییە لەمێژینەکانی زۆربەی لایەنە شیعەکان، کە بەشێکی زۆریان لە ئێرانەوە نزیکن، بۆ دەرچوونی هێزی هاوپەیمانان لە عێراقدا، دوای زنجیرەیەک هێرشی ئەمەریکا بۆ سەر گروپە چەکدارەکانی پەیوەست بە ئێران کە هاوکات بەشێکن لە هێزە ئاسایشییە فەرمیەکانی عێراق، زیادی کردووە.
ئەو هێرشانە کە لە وەڵامی دەیان هێرشی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و مووشەک بۆ سەر هێزەکانی ئەمەریکا ئەنجام دراون لەو کاتەوەی ئیسرائیل هەڵمەتی لەشکری لە غەززە دەستپێکردووە، ترسی ئەوەی دروستکردووە کە عێراق جارێکی دیکە ببێتەوە گۆڕەپانێک بۆ ململانێی ناوچەییەکان.
سودانی ڕۆژی سێشەممە لە بەغدا بە ئاژانسی ڕۆیتەرزی ڕاگەیاند " پێویستە ئەم پەیوەندییە ڕێکبخرێتەوە بۆ ئەوەی نەبێتە پاساوێک بۆ هیچ لایەنێک، چ ناوخۆ یان دەرەکی، دەستبەخاتە سەقامگیری عێراق و ناوچەکە".
سودانی ڕایشیگەیاند پێویستە لە ژێر "پرۆسەی لێکتێگەیشتن و گفتوگۆ"دا دانوستان لەسەر دەرچوونەکە بکرێت.
گوتیشی " با لەسەر کاتێکی دیاریکراو ڕێکبکەوین کە گونجا و خێرابێت بۆ ئەوەی زۆر نەمێننەوە و هێرشەکان بەردەوام بن." ئاماژەی بەوەش کرد تەنها ڕاگرتنی شەڕی ئیسرائیل لە غەززە دەتوانێت مەترسییەکانی پەرەسەندنی ناکۆکی هەرێمی ڕابگرێت.
ئەم قسانەی سودانی لە کاتێکدایە ڕۆژنامەی پۆلیتیکۆ ڕۆژی سێشەممە ڕایگەیاند سەرۆک وەزیرانی عێراق بە شێوەیەکی نهێنی بە بەرپرسانی ئەمەریکای ڕاگەیاندووە، دەیەوێت دانوستان بکات بۆ هێشتنەوەی هێزەکانی ئەمەریکا لە وڵاتەکەدا سەرەڕای ئەوەی لەم دواییانەدا ڕایگەیاندبوو کە دەست بە پرۆسەی دوورخستنەوەیان لە وڵاتەکەدا دەکات.
ڕۆژنامەکە دەڵێت ڕاوێژکارە باڵاکانی محەمەد شیعە ئەلسودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق بە بەرپرسانی ئەمەریکایان ڕاگەیاندووە، ڕاگەیاندنەکەی "هەوڵێکە بۆ ڕازیکردنی دەنگی ناوخۆ " و سودانی خۆی "پابەند بووە" بە دانوستان لەسەر مانەوەی هاوپەیمانییەکە لە داهاتوودا لە عێراق.
ئەگەری کشانەوەی ئەمەریکا لە عێران ڕەنگە نیگەرانییەکانی واشنتۆن زیاتر بکات سەبارەت بە کاریگەری ئێرانی دوژمنی سەرسەخت بەسەر ە دەسەڵاتداری عێراقدا. گروپە شیعەکان کە لەلایەن ئێرانەوە پشتیوانی دەکرێن، دوای پرۆسەی ئازادکردنی عێراق لە ساڵی 2003 و ڕووخانی ڕژێمی سەدام حسێن، دەسەڵاتیان لە عێراقدا فراوانبوو.
پنتاگۆن ڕۆژی دووشەممە ڕایگەیاند کە هیچ پلانێکی نییە بۆ کشانەوەی هێزەکانی ئەمەریکا کە لەسەر داوای حکومەتی عێراق لەوێ ماونتەوە.
ئەمەریکا نزیکەی 2500 سەربازی لە عێراق هەیە و هەروەها نزیکەی 900 سەربازیش لە سوریا و ئەم هێزانەش لە چوارچێوەی هاوپەیمانێتی نێونەتەوەییدان بۆ لەناوبردنی تۆڕە تێرۆرکارییەکەی داعش.