بەرپرسی مەڵبەندی خانەقینی پارتی سۆسیال دیموکراتی کوردستان ئەنجامی دەنگی کورد لە پارێزگای دیالە بە "شکست ناودەبات" و دەلێت بەهۆیەوە داوای دەستلەکارکێشانەوەی خۆی ئاراستەی سەرکردایەتی حزبەکەی کردووە.
حسێن جەلیل بەرپرسی مەڵبەندی خانەقینی لە لێدوانێکیدا بەدەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند، "ئێمە وەک پارتی سۆسیال دیموکراتی کوردستان لەم هەڵبژاردنە هاوشێوەی یەکێتی و پارتی و تەواوی هێزە سیاسیە کوردیەکان دووچاری شکستێکی گەورەبووین و نزیکەی 300 دەنگمان هێنا، بۆیە شکستەکە دەخەمە سەر شانی خۆم و حزبەکەم و دەستم لەکاری بەرپرسیارێتی مەڵبەند کێشایەوە."
حسێن جەلیل
حسێن جەلیل ڕاشیگەیاند، " کورد لە دیالە شکستی هێنا، چونکە لە کۆی شەش کورسی تەنها کورسیەکی بەدەستهێنایەوە ئەو کەسە دەرچووەش لە نەتەوەی عەرەبە، لە کاتێکدا عەرەب چۆن دەتوانێت خزمەت بەکورد بکات. هەر بۆیە دەستم لە بەرپرسیارێتی مەڵبەند کێشاوەتەوە و ئاراستەی سەرکردایەتی حزبەکەمم کردووە."
لە هەڵبژاردنی ساڵی 2009دا کورد لە ئەنجومەنی پارێزگای دیالە خاوەنی 6 کورسی ئەنجومەنی پارێزگا بوو، 3 کورسیان هی یەکێتی و 1 کورسی پارتی و 1 یەکگرتوو و 1 سۆسیالیست. لە هەڵبژاردنی ساڵی 2021ی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقیش سۆسیالیست 2500 دەنگی هێنا. بەڵام لە هەڵبژاردنی 18ی ئەم مانگەی ئەنجومەنی پارێزگادا ژمارەی دەنگەکانی بۆ کەمتر لە 300 دەنگ دابەزی.
لە هەڵبژاردنی 18ی ئەم مانگەی ئەنجومەنی پارێزگاکان، سۆسیال دیموکراتی کوردستان لە سنوری دیالە بە 3 کاندیدەوە بەشداری پرۆسەکەی کرد.
بەرپرسی مەڵبەند خانەقین لەسەر دەنگ نەهێنانەکەیان بۆ چەند هۆکارێک گەراندەوە و ئەوەشی بەدەنگی ئەمەریکا وت، "دەنگنەهێنانمان هۆکارەکەی بۆ کەمتەرخەمی حزبەکەم و یەک ڕیزنەبوونی نێو ماڵی کورد بوو. ئێستا کورد کە تەنها کورسیەکی هێناوە دڵی خۆیی خۆش نەکات. کاندیدە دەرچووەکەی یەکێتی عەرەبە و کوڕێکی مەهداوی خەڵکی شارەبانە. ئایە عەرەب دەتوانێت لە ئەنجومەنی پارێزگاکان خزمەت بەخانەقین بکات؟ بەدڵنیایەوە نەخێر نایکات."
تەنها لە سنوری پارێزگای دیالە نیە کە پارتی سۆسیال دیموکراتی کوردستان کەمترین دەنگی لە ناو لیستە بەشداربووەکانی هەڵبژاردن هێنابێت. بەڵکو لە پارێزگای کەرکوکیش بەهەمان شێوە دەنگەکانی کەمیکرد و تەنها 377 دەنگی بەدەستهێنا، لە کاتێکدا لە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە ساڵی 2018 ئەو پارتە سیاسیە لە پارێزگاکە 7 هەزار و 509 دەنگی هێنا.
Your browser doesn’t support HTML5
ڕاپۆرتی دیار جەمال