دەستەی دەستپاکی هەرێم: ئەوەی تێبینی ئێمەیە تەواوی پلە باڵاکان کە دادگایکراون سزاکەیان ڕاگیراوە و جێ بەجێ نەکراوە

دکتۆر ئەحمەد ئەنوەر سەرۆکی دەستەی دەستپاکی لەهەرێمی کوردستان

دیار جەمال

سەرۆکی دەستەی دەستپاکی هەرێم ڕایگەیاند ئەوەی جێگای تێبینیمانە سەرجەم پلە تایبەتەکان کە دادگایکراون سزاکەیان بۆ ڕاگیراوە، بەڕێوەبەری پرۆژەی چاودێریکردنی کارەکانی حکومەتیش لە ڕێکخراوی ستۆپ بە دەنگی ئەمەریکای وت،" بەدەگمەن دەبینین لە پلەی بەڕێوەبەری گشتی بۆ سەرەوە سزاکەی بەسەردا جێبەجێ کرابێت و سزادراون هەموویان فەرمانبەری ئاساین."

دکتۆر ئەحمەد ئەنوەر سەرۆکی دەستەی دەستپاکی هەرێم ئەمڕۆ 17ی مانگی 12ی 2023 لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا ئاماری ساڵێکی کارەکانیانی خستە ڕوو و ئاماژەی بۆ ئەوەدا لە ماوەی چوار بۆ پێنج ساڵی ڕابردوو 897 کەیسی گەندەڵیان ئاڕاستەی دادگاکان کردووە و ڕایگەیاند،" لە کۆی ئەو کەیسانەی کە ڕەوانەی دادگاکان کراون، 148 تاوانبار سزایان وەرگرتووە لەو ژمارەیە 23 تاوانباریان سزاکە یان بۆ ڕاگیراوە و جێ بە جێنەکراوە و ئەوەی تێبینی ئێمەیە سەرجەم پلە تایبەتەکان کە دادگایکراون ئەوانن کە سزاکەیان بۆ ڕاگیراوە."

بەپێی یاسایی سزادانی عێراقی هەر کەسێک یەکەمجاری بێت کە بەگەندەڵی تیوەگلابێت ئەوە دەتوانرێت سزاکەی لەزیندانیکردنەوە بۆ بکرێت بە پێی بژاردن یاخود ڕاگرتنی سزاکەی، گەر هاتوو لەماوەی سێ ساڵدا تاوانی ئەنجامدا ئەوە دوای دایدگایکردنی سزای یەکەمیشی بەسەردا جێ بەجێ دەکرێت.

فەرمان ڕەشاد بەڕێوەبەری پرۆژەی چاودێریکردنی کارەکانی حکومەت لە ڕێکخراوی ستۆپ لە لێدوانێکیدا بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند،" نا عەدالەتی لە مامەڵە کردن لەگەڵ کەیسەکاندا هەیە و دادگاکان کاریان لەسەر ناکات و بگرە دەستێوەردان هەیە، ئەوەش وایکردووە کە گەندەڵی لە کوردستان کەم نەبێتەوە."

بەڕێوەبەری چاودێریکردنی کارەکانی حکومەت لە ڕێکخراوی ستۆپ وتیشی،" بەداخەوە ئەو کەیسانەی دەگەنە دادگاکان ماوەیەکی زۆریان پێدەچێت تا یەکلا دەبنەوە و بەشێکی زۆریشیان بەڕ لێبوردن دەکەون، واتا سزاکەیان بەسەردا جێبەجێ ناکرێت ئەوانەش لەپلە تایبەتەکانن، بەداخەوە نەمان بینی بەڕێوەبەرێکی گشتی بۆ سەرەوە سزا وەبگرێت هەموویان فەرمانبەری ئاسایین."

بەپێی ئامارێکی دەستەی دەستپاکی هەرێم لەماوەی ئەمساڵدا 230 کەیسی گەندەڵی ڕەوانەی دادگاکان کراون، هەروەها 1010 کەیسی دیکەش لە قۆناغی لێکۆڵینەوەدان.

دکتۆر ئەحمەد ئەنوەر سەرۆکی دەستەی دەستپاکی هەرێم ڕاشیگەیاند،" دواکەوتنی کەیسەکان لە دادگاکان پەیوەستن بە نەبوونی دادگایەکی تەرخانکراوە بۆ کەیسیەکانی گەندەڵی، هەرچەند ئەنجومەنی دادوەری بڕیارێکی هەبوو کە دادگایەک تەرخان بکات بۆ کەیسەکان، دواتر بڕیارەکەیان گۆڕی بۆهەر چوار سەرۆکایەتیەکانی دادگای تێهەڵچوونەوە لە سلێمانی و هەولێر و دهۆک و گەرمیان دادگا تەرخان بکرێت، کەچی تاوەکو ئێستا ئەو دادگایە تەرخان نەکراوە بۆیە لە 8 تا 10 دادگا کار لەسەر کەیسەکان دەکات، ئەوەش سێ بۆ چوار ساڵی پێویستە بۆ یەک لاکردنەوەیان."

چاودێران گەندەڵی لە تیرۆر زیاتر بەمەترسی دەزانن و دەڵێن گەر چارەسەر نەکرێت ئەوە ڕەگ و ڕیشەی حکومەتداری لە ڕیشە دەردەهێنێت.

فەرمان ڕەشاد بەڕێوەبەری پرۆژەی چاودێریکردنی کارەکانی حکومەت لە ڕێکخراوی ستۆپ ئەوەشی بەدەنگی ئەمەریکا وت،" گەندەڵی لە هەرێمی کوردستان یەکێکە لەو کێشانەی کە لە دوای ساڵی 1992 ەوە حکومڕانی هەرێمی کوردستان دەستی پێکردووە و بووەتە نەخۆشیەکی گەورە لە دوایی 2010 ەوە دەسەڵاتداران خۆیان دانیان بە بوونیدا ناوە، بۆیە بەردەوام پرۆژەی چاکسازیان ڕاگەیاندووە و هەوڵی چاکسازی دەدەن، بۆیە ئەمە نیشانن کە گەندەڵی لەهەرێم بەڕێژەیەکی بەربڵاو هەیە."

بەڕێوەبەری پرۆژەی چاودێریکردنی کارەکانی حکومەت لە ڕێکخراوی ستۆپ ئاماژەی بۆ ئەوەشدا کە یاسای وەبەرهێنان دەرگایەکی گەورەی کردووەتەوە بۆ گەندەڵی چ لە پێدانی زەوی بێت یاخود ئاسانکاری، واتا حکومەت ئێستا ئامرازێکە بۆ ئەوەی گەندەڵی زیادە بکات، بۆیە ئێمە چاودێری کارەکانی حکومەت و دادگاکان و کەیسەکان دەکەین تا یەکلا دەبنەوە.

Your browser doesn’t support HTML5

ڕاپۆرتی دیار جەمال