وەزارەتی ئیتلاعاتی ئێران ڕێگری لە گەشتی بنەماڵەی ژینا ئەمینی دەکات بۆ وەرگرتنی خەڵاتی ساخارۆڤ

یەکێک لە خزمەکانی بنەماڵەی ژینا ئەمینی ڕۆژی شەممە 9ی ئەم مانگە بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند وەزارەتی ئیتلاعاتی کۆماری ئیسلامی ئێران ڕێگری لە گەشتی ئەو بنەماڵەیە کردووە بۆ فەرەنسا.

ئەمجەد ئەمینی و موژگان ئیفتیخاری دایک و باوکی ژینا لەگەڵ ئەشکان، برای ژینا بە نیازبوون شەوی هەینی 8 ی ئەم مانگە بۆ بەشداریکردن لە ڕێوڕەسمی وەرگرتنی خەڵاتی ساخارۆڤ کە بە ژینا ئەمینی بەخشرابوو، لەسەر بانگهێشتی یەکێتی ئەوروپا، گەشتی فەڕەنسا بکەن، بەڵام هێزەکانی ئاسایشی کۆماری ئیسلامی ئێران لە فڕۆکەخانەی تاران، ڕێگرییان لە گەشتکردنی بنەماڵەی ژینا کردووە و دەستیان بەسەر پاسپۆرتەکانیاندا گرتووە.

پەرلەمانی ئەوروپا 19ی مانگی دە خەڵاتی مافی مرۆڤی یەکێتی ئەوروپا (ساخارۆڤ)ی بە ژینا ئەمینی و بزووتنەوەی "ژن، ژیان، ئازادی" لە ئێران بەخشی. خەڵاتی ساخارۆڤ بۆ ئازادی بیرکردنەوە و بیروڕا، کە بە بڕی 50 هەزار یۆرۆیە، بەرزترین خەڵاتە کە ساڵانە لە لایەن یەکێتی ئەورووپاوە دەدرێتە چالاکوانانی مافی مرۆڤ یان کۆمەڵێک چالاکی لە پێناو مافەکانی مرۆڤدا.

یەکێک لە خزمەکانی بنەماڵەی مێهسا ئەمینی کە نەیویستووە ناوەکەی ئاشکرا بکرێت، بە دەنگی ئەمەریکای ڕایگەیاندووە " سەرەڕای ئەوەی پێشتر بانگهێشتی بنەماڵەی ژینا بۆ گەشتکردن بۆ ئەوروپا بە پارێزگاری کوردستان و دامودەزگاکانی دیکەی پەیوەندیدار ڕاپۆرت کرابوو، بەڵام کەسیان ڕاینەگەیاندبوو کە ڕۆشتنیان قەدەغە کراوە و مافی گەشتکردنیان بۆ دەرەوەی ئێران نییە."

ئاماژەی بەوەشکردووە "دوای ئەوەی باوک و دایک و براکەی ژینا ئەمینی چوونە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی تاران و کارتی گەشتەکەیان وەرگرت و جانتاکانیان ڕادەستکرد، لە بەشی پۆلیسی پاسپۆرت پێیان گوترا کە ڕێگەیان پێنەدراوە بچنە دەرەوە و پاسپۆرتەکانیان دەستی بەسەردا گیراو و ڕێگری لە گەشتەکەیان کرا."

بەگوێرەی ئەو سەرچاوەیە " کارمەندان و پۆلیسی فڕۆکەخانە ڕایانگەیاندووە کە ئەوان هۆکاری قەدەغەکردنی گەشتەکەی ئەو بنەماڵەیە نازانن و ڕایانگەیاندووە کە بەرەبەیانی ڕۆژی شەممە بۆ وەرگرتنی پاسپۆرتەکانیان پێویستە بچنە فەرمانگەی گشتی پاسپۆرتی تارانەوە."

سەرچاوەکە بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاندووە " نووسینگەی پاسپۆرتیش لە تاران بە هەمان شێوە بەو بنەماڵەیەی راگەیاندووە ئاگاداری ڕووداوەکە نین و دەبێت سەردانی داواکاری گشتی لە تاران بکەن."

دەشڵیت " ئەمجەد ئەمینی لەگەڵ پارێزەرەکەی چووەتە لای داواکاری گشتی تاران و لەوێ بەرپرسی نووسینگەی جێگری داواکاری گشتی تاران پێی ڕاگەیاندوون کە لەسەر داوای وەزارەتی ئیتلاعات تا کۆتاییەکانی مانگی یەکی ساڵی داهاتوو گەشتکردنیان بۆ دەرەوە قەدەغە کراوە و ئەگەر دوای ئەو ماوەیە قەدەغەکە درێژ نەکرێتەوە، ئەوا ئەو کات پاسپۆرتەکانیان وەردەگرنەوە."

سەرچاوە/دەنگی ئەمەریکا