ئەڤین و فەرید ئازاد ژن و مێردێکی گەنجن کە ساڵێک لەمەوبەر لە ئەستەنبوڵەوە ڕوویان کردە ئامەد.
هەردووکیان مامۆستان و بۆ ژیانێکی ئاسایی کوردی چوونەتە ئامادە و ئێستا لەێ دەژین. ئامانجیشیان ئەوەیە کە هەموو چالاکییەکانی ژیانی ڕۆژانەیان بە زمانی کوردی ئەنجام بدەن.
بێگومان ئەم بڕیارە هەندێک کێشەی لێکەوتووەتەوە. هەردوو فەرید و ئەڤینی هاوسەری وازیان لە وانەوتنەوە هێناوە، بۆ ئەوەی تەنها بە کوردی قسە بکەن چیتر بە زمانەکانی تر بەتایبەتی تورکی قسە ناکەن.
ئەوان ئەم هەڵوێستە بە 'خەباتێکی مەدەنی' ناودەبەن و دەیانەوێت لە ڕێگەی کردەی نەرمڕەوانە سکاڵا لەسەر مافەکانی زمان و کولتوری کوردی سکاڵا بکەن و خەبات بکەن.
ئەو دوو هاوسەرە گەنجە دەیانەوێت نموونەیەک بن بۆ پەرەپێدانی خۆشەویستی و قسەکردنی زمانی کوردی لە کۆمەڵگادا.
ئەوان ئەندامی پلاتفۆرمی گەنجانی سەربەخۆن که له 5ی مانگ له ئامەد له کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا لە مەیدانی شێخ سەعید بەڵێنیان دا کە ژیانیان تەنها بە کوردی بەردەوام بکەن.
فەرید ئازاد لە لێدوانێکیدا بۆ دەنگی ئەمەریکا باسی لە دامەزراندنی پلاتفۆرمی سەربەخۆی لاوان کرد و گوتی، "شەش ساڵ لەمەوبەر ئەم پلاتفۆرمەمان دروستکرد، بەڵام کۆمەڵێک خاڵی بنەڕەتی هەیە، بە گشتی کاتێک باس لە خۆمان دەکەین، دونیابینی و فەلسەفە و عەقڵ و بیرکردنەوەمان لەسەر ئەم خاڵانە دامەزراوە: خوداپەرستی و ناسیۆنالیزم و خێرخوازی؛ وەک میتۆدی خەبات، بەرخۆدانی پاسیڤ، واتە کاری ناڕەزایەتی ناتوندوتیژ، وەک میتۆدێک خراوەتەڕوو. بە گشتی هیچ بزووتنەوەیەک لە کوردستاندا نییە کە ئەم چوار چەمکەی لەخۆ گرتبێت. ئێمە ویستمان ڕەفتارەکانمان بەم شێوەیە بێت. ئامانجی کۆتایی ئێمە ڕزگارکردنی نەتەوەی کوردە لە ستەم و بەم چوار چەمکە ڕێگەیەکمان دروست کردووە و هەوڵ دەدەین بەم ڕێگەیە خەباتی ڕزگاریخوازی نەتەوەیی بکەین."
سەبارەت بەوەی ئایا هیچ لایەنێکی سیاسی لە پشتیانەوە هەیە، ئایا بەڕاستی سەربەخۆن، فەرید لە وەڵامی ئەم پرسیارەدا گوتی "نا، ئێمە لەڕاستیدا پەیوەندیمان لەگەڵ هیچ بزووتنەوەیەکدا نییە، بێگومان کەسانێک هەن دەیانناسین، ئەوە شتێکی ترە، بەڵام پلاتفۆرمی سەربەخۆی لاوان لق و باڵی هیچ حزبێکی سیاسی نییە. لەبەر ئەوەی لە سۆشیال میدیا ڕامانگەیاند، زۆرێک لە کەسایەتییە سیاسییەکانیش بە دەنگ ئەم دەستپێشخەرییەوە هاتوون، بەڵام ئێمە پەیوەندییەکی ئۆرگانیمان لەگەڵیاندا نییە."
ئەم بڕیارە چ کاریگەرییەکی لەسەر ژیانی ئەڤین ئازاد هەیە؟
خاتوو ئەڤین بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیان "گەیشتینە ئەو بڕوایەی کە دەتوانین ئەم دۆزە تەنها لەناو میللەتەکەمان، وڵاتەکەماندا ئەنجام بدەین. هەرچەندە هەموو دۆست و خزم و بنەماڵەکەمان دژی بوون و نەیاندەویست ماڵەکەمان بگوازینەوە، بەڵام ئێمە بڕیارمان دابوو کە ئەم ئامانجە لە ژیانی ئیستەنبوڵدا بەدی نایەت. بڕیاری هاتن بۆ ئێرە، بڕیارێکی قورس بوو چونکە ئێمە لێرە کەسمان نەدەناسی، جگە لە دۆزەکە و ئامانجەکەمان هیچ پشتیوانییەکمان نەبوو. بێگومان لەڕووی داراییەوە سەختیەکی زۆر هەبوو بەڵام ئێمە بێهیوا نەبووین. "
ئێستا فەرید لە کارگەیەکی قوماش لە دیاربەکر کاردەکات و بە دورینی جلوبەرگ بژێوی خێزانەکەی دابین دەکات. ئەڤینیش خەریکی پەروەردەکردنی زینەی کچێتی و لە ماڵەکەی خۆیدا ژوورێکی دابینکردووە کە وانەی کوردی بە ژن و منداڵی دراوسێکانی دەڵێتەوە.
سەبارەت بەوەی ئایا قسەکردن تەنها بە کوردی مانای ئەوەیە تورک ڕەتدەکەنەوە؟ ئەڤین بەم شێوەیە وەڵامی ئەم پرسیارەی دایەوە "بۆ ئێمە هەموو زمانێک وەک ئایەتێک وایە لە خوداوە، نەک ئەوەی دژی زمانەکان بین، بەڵکو ئەو زمانەی کە لە شوێنی خۆی بەکارنەهێنرێت، ئێمە دژی ئەو زمانەین. ئەمڕۆ زمانی زاڵ له کوردستاندا زمانی تورکییه و بە زۆر بەسەر کورددا سەپێندراوە."
گوتیشی "ئێمە هەڵوێستی خۆمان لە دژی ئەم سیستەمە نیشان دەدەین کە بەسەرماندا سەپێنراوە. زمانێک نابێت بەسەرماندا بسەپێندرێت، ئێمە دژی نین."
بە گوتەی ئەڤین، کوردی لە دۆخێکی خراپدایە و لە قۆناغی پاکتاوی ڕەگەزیدایە هەر بۆیە دەیانەوێت ژیانیان دەستپێبکەن و خۆشەویستی زمان لە کۆمەڵگادا پەرەپێبدەن.
ئەڤین ئازاد نموونە دەهێنێتەوە کە چۆن ئەم هەڵوێستە کاریگەری لەسەر پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکانیان هەیە لە ژیانی ڕۆژانەدا.
ئەو دەڵێت "دراوسێمان هەیە پێشتر لە ژیانی ڕۆژانەیاندا بە کوردی قسەیان نەدەکرد، بەڵام دەڵێن دوای ئەوەی ئێوەمان ناسیوە کوردییەکەیان زۆر باشتر بووە، ئەمە سەرکەوتنێک بووە بۆ ئێمە."
گوتیشی "زۆربەی منداڵەکانیان کوردی نازانن، یان کەم دەزانن، ئێمەش لەگەڵ ئەو منداڵانەدا بە کوردی قسە دەکەین. ئێمە دەڵێین کچەکەمان تورکی نازانێت، بە زمانێکی خۆش هەڵوێستی خۆمان نیشان دەدەین وکاریگەریمان لەسەر ئەو منداڵانە هەیە تا زیاتر بە کوردی قسەمان لەگەڵدا بکەن."
ئەوان لە ناو بازاڕدا بە زمانی کوردی قسە دەکەن و دەڵێن زۆر دڵیان پێخۆشە، بەڵام هەندێک جار لە هەندێک دوکاندا کاتێک خەڵک کوردی نازانن داوا لە کەسێک دەکەن وەرگێڕانیان بۆ بکات.
ئەڤین دەڵێت "ئەگەر ئەوان زمانی کوردی نەزانن یان نەتوانن کەسێک بدۆزنەوە وەرگێڕانیان بۆ بکات، ئێمە لەوێ دەردەچین و دەچینە بازاڕێکی دیکە".
بەڵام فەرید ئاماژەی بەوەشکرد، زۆرجار وا هەست دەکەن کە ئێمە کوردی ڕۆئاڤاین و تورکی نازانن. بەڵام، دوای ئەوەی دەبینن کە ئەمە هەڵوێستێکە، ڕێز نیشان دەدەن.
هەروەها ئەو هەڵوێستە پەیوەندییەکی ئەرێنی بۆ قسەکردن بە زمانی کوردی دروست دەکات.
دەشڵێت "لەسەرەتادا زۆر کەس لە شوێنی کارەکەمدا بە کوردی قسەیان نەدەکرد، بەڵام دوای ئەوەی بینیان دەستبەرداری قسەکردن نابم بە کوردی، لەنێوان خۆیاندا دەستیان بە قسەکردن بە کوردی کرد".