سەرکردەکانی یەکێتی ئەوروپا لەم هەفتەیەدا داوای "ئاگربەستێکی مرۆیی" دەکەن لە شەڕی ئیسرائیل و حەماسدا بۆ ئەوەی یارمەتییەکان بۆ فەلەستینییەکان بە سەلامەتی بگەنە هاووڵاتیانی کەرتی غەززە، ئەمەش بەپێی ڕەشنووسی ئەنجامەکانی کۆبوونەوەی لوتکەی یەکێتی ئەوروپا.
وەزیرانی دەرەوەی یەکێتیی ئەوروپا ڕۆژی دووشەممە لە شاری لۆکسمبۆرگ کۆبوونەوە و باسی شەڕی ئیسرائیل و حەماس و هەروەها ڕووداوە نێودەوڵەتییەکانی دیکەیان کرد. پێش کۆبوونەوەکە، خۆسێ مانوێل ئالبارێس بوینۆ، وەزیری دەرەوەی ئیسپانیا و مایکل مارتن وەزیری دەرەوەی ئێرلەندا، داوای ئاگربەستیان کرد لەو ناوچەیە بۆ ئەوەی ڕێگە بدرێت یارمەتییەکان بگەنە غەززە.
بەرپرسانی یەکێتی ئەوروپا دەڵێن هێشتا دەقەکە دەتوانێت بگۆڕدرێت بەر لە کۆبوونەوە لوتکەییەکەی 26 و 27 ی مانگی دە. هەندێک وڵات ڕەخنەیان دەربڕیوە سەبارەت بە داوای ئاگربەست یان ڕاگرتنی کاتی شەڕەکە و دەڵێن دەکرێت ئەوە وەک سنووردارکردنی مافی بەرگریکردن لە ئیسرائیل سەیر بکرێت.
لە کاتی کۆبوونەوەکەدا ڕۆژی دووشەممە جۆزێپ بۆرێل بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەی یەکێتی ئەوروپا بە ئەسۆشەیتد پرێسی ڕاگەیاند "ئێمە وەک یەکێتی ئەوروپا پاڵپشتی زیاترمان ڕاگەیاندووە بۆ ڕۆیشتنی کاروانی زیاتری بارهەڵگرەکان کە چاوەڕێی ئەوەن بەڕێبکەون بەرەو غەززە. دەبێت ئەو شتانە ڕەوانە بکرێت کە زۆر پێویستن، بە تایبەتی ئەو سووتەمەنیەی کە پێویستە بۆ گەیاندنی ئاو و پاکژکردنەوەی ئاو. پاشان دەبێت باسی پرۆسەی سیاسی بکەین. پرۆسەی ئاشتی ماوەیەکی زۆر هەر لەبیرکراوە. زلهێزەکان پرسی فەلەستینیان لەبیر کردووە، پێیانوایە ئەم پرسە خۆی بۆخۆی چارەسەر دەبێت. بەڵێ گرنگە. بەڵێ، دەبێت بەردەوام بین لە کارکردن لەسەر ئەوە."
هاوکات لە بەیاننامەیەکی کۆشکی سپیدا ڕۆژی یەکشەممە جەخت لەسەر هاوکارییەکان دەکرێتەوە " ئەمەریکا پابەندە بە دڵنیابوون لەوەی کە خەڵکی مەدەنی لە غەززە بەردەوام دەستیانڕابگات بە خۆراک، ئاو، چاودێری پزیشکی و هاوکارییەکانی دیکە، بەبێ دەستێوەردانی حەماس. ئێمە بەردەوام دەبین لە کارکردن لەگەڵ هەموو لایەنەکان بۆ ئەوەی دەروازەی ڕەفەح بە کراوەیی بمێنێتەوە و بتوانرێت جووڵەی هاوکارییەکان بەردەوام بێت بۆ خەڵکی غەززە کە زۆر گرنگن، هەروەها بەردەوام دەبین لە کارکردن بۆ پاراستنی خەڵکی سڤیل، بەپێی پابەندبوونەکانی یاسا مرۆییە نێودەوڵەتیەکان."
دوای چەندین ڕۆژ لە شەڕ و بۆردومان ڕۆژی یەکشەممە کۆمەکە مرۆییەکان گەشتنە ناو کەرتی غەززە، بەڵام دەزگای فریاگوزاری نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ پەنابەرانی فەلەستینی هۆشداری دا لەوەی تا ڕۆژی چوارشەممە ئەو سووتەمەنیەی کە مابوو تەواو دەبێت، ئەمەش هاوکاری زیاتری ئاڵۆزتر کردووە لە کاتێکدا هێرشە ئاسمانییەکانی ئیسرائیل بۆ سەر چەکدارانی حەماس بەردەوامە و مەترسییەکانی کۆنتڕۆڵکردنی زەوی زیاتر لەلایەن ئیسرائیلەوە بەردەوامە.
فیلیپ لازارینی، کۆمیساری گشتی ئاژانسی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاروباری مرۆیی دەڵێت، "بەبێ سووتەمەنی ئاو نامێنێت، نەخۆشخانە و نانەواخانەکانیش لەکار دەکەون. بەبێ سووتەمەنی، هاوکارییەکان ناگانە زۆرێک لە هاووڵاتیانی مەدەنی کە زۆر پێویستیان پێیەتی. بەبێ سووتەمەنی هیچ هاوکارییەکی مرۆیی ئەنجام نادرێت."
لازارینی ڕاشیگەیاند UNRWA - دەزگای فریاگوزاری و کاروبارەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ پەنابەرانی فەلەستین لە ڕۆژهەڵاتی نزیک "گەورەترین ڕێکخراوی مرۆییە لە کەرتی غەززە، لە ئێستادا پاڵپشتی زیاتر لە نیو ملیۆن کەس دەکات لە کۆی ئەو ملیۆن ئاوارەیەی کە لە سەرانسەری کەرتی غەززەدا ئاوارەبوون."
هەروەها هۆشداری دا و وتی "بەبێ سووتەمەنی، ئێمە شکست دەهێنین لە یارمەتیدانی خەڵکی غەززە کە سات بە سات پێداویستیەکانیان لە زیادبووندایە، نابێت لە ژێر چاودێری ئێمەدا ئەمە ڕووبدات."
شەڕەکانی غەززە کاریگەری لەسەر دەزگای فریاگوزاری غەززە هەبووە، UNRWA ڕایگەیاندووە، لە دوای هێرشە شۆکهینەکەی حەماس لە 7ی مانگی دەدا بۆ سەر ئیسرائیل کە بووە هۆی کوژرانی 1400 ئیسرائیلی و بۆردومانەکانی ئیسرائیل بۆ سەر غەززە 29 کەس لە کارمەندەکانی ئەو ڕێکخراوە فریاگوزارییە کوژراون. لەو کاتەوە ئیسرائیل بۆردومانی غەززەی کردووە و کاربەدەستانی فەلەستینی باس لەوە دەکەن کە نزیکەی چوار هەزار و 600 کەس کوژراون و زۆرێک لە باڵەخانە گەورەکان و نەخۆشخانە و شوێنە گشتییەکان وێران بوون.
لە کاتێکدا سەرکردەکانی 27 وڵاتی یەکێتی ئەوروپا لە برۆکسل کۆدەبنەوە سەبارەت بە کاروبارەکانی ئەنجوومەنی ئەوروپا و قەیرانەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستیش لە کارنامەی ئەواندا باسدەکرێت.
لە ڕەشنووسی کۆبوونەوەی سەرکردەکانی 27 وڵاتی یەکێتی ئەوروپا لە برۆکسلدا هاتووە "یەکێتی ئەوروپا لە نزیکەوە لەگەڵ هاوبەشەکانی ناوچەکە کاردەکات بۆ پاراستنی هاووڵاتیانی مەدەنی، وە پاڵپشتی ئەو کەسانە دەکات کە هەوڵدەدەن بگەنە شوێنێکی سەلامەت یان پێشکەشکردنی هاوکاری، هەروەها ئاسانکاری بۆ دەستڕاگەیشتن بە خۆراک، ئاو، چاودێری پزیشکی، سووتەمەنی و شوێنی نیشتەجێبوون. جەختکردنەوە لەسەر ئازادکردنی دەستبەجێی سەرجەم بارمتەکان بەبێ هیچ مەرجێکی پێشوەختە."
سوپای ئیسرائیل ڕۆژی دووشەممە ڕایگەیاند کە هێزە زەمینیەکانی هێرشی سنوورداریان بۆ سەر غەززە دەستپێکردووە و هێرشە ئاسمانییەکان چەکدارانی حەماسیان کردووەتە ئامانج کە بۆ بەرپەرچدانەوەی هەر لەشکرکێشییەکی فراوانتری ئیسرائیل کۆبوونەتەوە، لەکاتێکدا هەر لایەنێک خۆی بۆ قۆناغی داهاتووی پەرەسەندنی شەڕەکە ئامادە دەکات.
بەپێی ڕەشنووسی دەقەکە، سەرکردەکانی یەکێتی ئەوروپا جەخت لەسەر پێویستی ڕێگریکردن لە پەرەسەندنی شەڕەکە دەکەنەوە بۆ ڕێگریکردن لەهەر ململانێیەکی فراوانتری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و "پەیوەندیکردن لەگەڵ هاوبەشەکان لەم ڕووەوە لەنێویاندا لەگەڵ دەسەڵاتی فەلەستین."
ڕێبەرانی وڵاتانی ئەوروپا دەشڵێن ئامادەن بەشداری بکەن لە بوژاندنەوەی دانوستانەکان سەبارەت بە دامەزراندنی "چارەسەری دوو دەوڵەتی" بۆ ئیسرائیل و فەلەستینییەکان، هەروەها پێشوازی لە دەستپێشخەریی دەرئەنجامی کۆبوونەوەی لوتکەی ئاشتی سەرتاسەری دەکەن کە لەلایەن میسرەوە پێشنیار کراوە.
جولیێت توما، بەڕێوەبەری پەیوەندییەکانی ئاژانسی فریاگوزاری و کاروبارەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان (UNRWA) ڕایگەیاند؛ شەوی یەکشەممە کاروانی دووەمی 14 بارهەڵگری فریاگوزاری چوونەتە ناو دەروازەی ڕەفحەوە بۆ کەرتی گەمارۆدراوی غەززە.
سەرچاوە ئەمنی و مرۆییەکانی میسر ڕایانگەیاندووە، لە دیوی میسری دەروازەکەوە لە کاروانەکەی ڕۆژی یەکشەممەدا 19 بارهەڵگر چوونەتە ژوورەوە و کەلوپەلی پزیشکی و خۆراکیان پێبووە. تا ئێستا ڕوون نەبووەتەوە کە ئایا هیچ هاوکارییەک لە سنوورەکە ڕاگیراوە یان نا.
پێشتر کاروانی یەکەمی 20 بارهەڵگر کەلوپەلی زۆر پێویست بوو، ڕۆژی شەممە لە ڕێگەی ڕەفەحەوە چووبوونە ناو غەزەوە، کە دوای بۆردومانەکان لە دیوی غەززە لەسەر سنوورەکان گیریان خواردبوو.
دابەشکردنی ئەو پێداویستیانە لە ڕۆژی یەکشەممەی ڕابردووەوە دەستیپێکرد، بەڵام بەرپرسانی یارمەتییە مرۆییەکان هێشتا هۆشداری دەدەن لە کارەساتێکی مرۆیی بەهۆی کەمبوونەوەی دابینکردنی خۆراک و ئاو و سووتەمەنی.
بەرپرسانی نەتەوە یەکگرتووەکان دەڵێن ڕۆژانە لانیکەم 100 بارهەڵگر پێویستە بگەینرێتە غەززە بۆ دابینکردنی پێداویستییە بەپەلەکان. پێش سەرهەڵدانی دوایەمین شەڕ و ململانێکان ڕۆژانە چەند سەد بارهەڵگرێک دەگەیشتنە ئەو ناوچەیە.
مارتن گریفیتس، بەرپرسی مرۆیی نەتەوە یەکگرتووەکان ڕۆژی شەممە بە ڕۆیتەرزی ڕاگەیاند کە کارەکان بەردەوامن بۆ پەرەپێدانی سیستەمێکی پشکنینی ئاسانکاری کە ئیسرائیل دەتوانێت پشکنینی باری بارهەڵگرەکان بکات، بەڵام دڵنیابێت لە ڕۆیشتنی بەردەوام.
کارمەندێکی فریاگوزاری و دوو سەرچاوەی ئاسایشی ڕایانگەیاند ڕۆژی دووشەممە کاروانی سێیەمی بارهەڵگرەکانی هاوکاری لە میسرەوە چوونەتە ناو دەروازەی ڕەفحەوە بەرەو کەرتی گەمارۆدراوی غەززە.
گەیاندنی هاوکارییە مرۆییەکان لە ڕێگەی دەروازەی ڕەفەحەوە ڕۆژی شەممە دەستی پێکردەوە دوای ئەوەی مشتومڕ لەسەر ڕێکارەکانی پشکنینی هاوکارییەکان و بۆردومانەکانی دیوی غەززەی سنوورەکان کەرەستە و پێداویستی فریاگوزاری لە میسر گیریان خواردبوو.
ئایا گەیاندنی هاوکارییە مرۆییەکان و داوای وڵاتانی یەکێتی ئەوروپا بۆ ڕاگرتنی شەڕەکە بە شێوەیەکی کاتی و دەستپێکردنەوەی دانوستانی ڕژد لەبارەی فەلەستینەوە دەتوانن ئومێدێک بن بۆ بەرپاکردنی ئاشتی! لەکاتێکدا شەڕەکە بە ڕادەیەکی ترسناک تاویسەندووە و سات بە سات ژمارەی قوربانییەکان لە بەرزبوونەوەدایە بە تایبەتی لە غەززە.
سەرچاوە/ بەشێک لە زانیارییەکان لە ماڵپەڕی کۆشکی سپی و هەردوو ئاژانسی ئەسۆشیەتد پرێس و ڕۆیتەرز وەرگیراون