وتەبێژی لەشکری عێراق ڕایگەیاند سەرۆک وەزیرانی عێراق فەرمانی کردووە هێزە ئاسایشییەکانی وڵاتەکەی بە ئەرکی خۆیان هەستن و یاسا جێبەجێ بکەن لە دژی ئەو کەسانەی هێرش دەکەنە سەر بارەگای هێزەکانی هاوپەیمانان لە عێراق.
جەنەڕاڵ یەحیا ڕەسوڵ ڕۆژی دووشەممە لە ڕێگەی تویتەرەکەشییەوە فەرمانەکەی بڵاوکردەوە و نووسیویەتی "هاوکاتی ئەوەی حکومەتی عێراق لە چەند بۆنەیەکدا سەرکۆنەی کارە دوژمنکارییەکانی زایۆنزمی لە دژی دانیشتوانی غەززە کردووە... جەختیش لەوە دەکەینەوە ئەو هێرشانە ڕەتدەکەینەوە کە دەکرێنە سەر بنکە عێراقییەکانی بارەگای ڕاوێژکارانی هاوپەیمانانی نێودەوڵەتییان تێدایە کە بە بانگهێشتی فەرمی حکومەت لەوێن؛ بە مەبەستی بەردەوامیدان بە پشتیوانیکردنی هێزە ئاسایشیییەکانمان لە ڕووی ڕاهێنانان و ئامادەکردن و دابینکردنی ڕاوێژکاری بە میکانزمێکی ڕوون کە لەلایەن لایەنە فەرمییەکان و دیپلۆماتانی عێراقییەوە دانراوە، بۆیە ناکرێت کەمتەرخەمی بکرێت لە ئاسایش و سەلامەتی ئەو بارەگایانە.
بۆ ئەو مەبەستە فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکان [محەمەد شیاع ئەلسودانی]، دەزگا ئاسایشییەکانی ڕاسپاردووە بە ئەرکی خۆیان هەستن و یاسا جێبەجی بکەن و دوای ئەو کەسانە بکەون کە ئەو هێرشانە ئەنجام دەدەن، وە بە هیچ شێوەیەک ڕێگە نەدرێت زیان بە ئاسایش و ئارامی بگەیەنرێت کە بەدیهاتوون لە سایەی قوربانییە گەورەکانی ڕۆڵەکانمان لە هێزە چەکدارەکان بە هەموو پێکهاتەکانییەوە."
لەوەتای شەڕی نێوان ئیسرائیل و چەکدارانی حەماس لە غەززە دەستیپێکردووە، چەندین هێرش کراونەتە سەر هێزەکانی ئەمەریکا لە عێراق و سوریا. هەر لە ماوەی کەمتر لە هەفتەیەکدا لە عێراق، 3 بنکەی سەربازی، بە ڕۆکێتی کاتیۆشا و درۆن هێرشیان کراوەتە سەر، لەوانە بنکەی عەین ئەلئەسەد لە ڕۆژئاوای عێراق، بنکەیەکی سەربازی لە نزیک فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی بەغدا و بنکەی هەریر لە پارێزگای هەولێر.
گرووپە چەکدارە عێراقییەکان کە ئێران پاڵپشتیان دەکات هەڕەشەی ئەوە دەکەن، ئەگەر بێت و واشنتن پشتیوانی لە ئیسرائیل بکات لە شەڕی دژی حەماس لە غەززە، ئەوا بە موشەک و درۆن شوێنەکانی ئەمەریکا دەکەنە ئامانج.
ئەمەریکا 2500 سەربازی لە عێراق هەیە و 900 سەربازی دیکەشی لە سوریایە، ئەرکییان ڕاوێژکاری و هاوکاریکردنی هێزەکانە لە شەڕی دژی داعش.
سەرچاوە/ بەشێک لە زانیارییەکان لە ڕۆیتەرزەوە وەرگیراوە.