تورکیا لەم ساڵانەی ڕابردوودا بە بیانوی هێرش کردنە سەر پەکەکە هێرشە ئاسمانییەکانی لە هەرێمی کوردستان و ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی بەڕێوەبەرایەتی خۆسەر لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا زیاتر کردووە.
بەپێی بەرپرسانی ناوخۆی عێراق و شارەزایانی بواری چەک، زۆربەی ئەو هێرشە ئاسمانییانەی تورکیا لەڕێی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی جەنگییەوە ئەنجام دراون، بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی بەیرەقدار تی بی 2شەوە.
دروستکەری فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکە، کۆمپانیای بەیکار لە ئیستەنبوڵ، لەلایەن دوو براوە بەڕێودەبرێت، هالوک و سەلچوک بەیرەقدار. خێزانی سەلچوک بەیرەقدار کچەکەی سەرۆکی تورکیا ڕەجەب تەیب ئەردۆغانە. کۆمپانیاکە لە ساڵی هەشتاکاندا لەلایەن باوکییانەوە دامەزرا و لە ساڵی 2005 دا دەستیکرد بە کارکردن لەسەر فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکان.
لانیکەم دوو کۆمپانیای ڕۆژئاوایی پارچەی هەستیارییان بۆ ئەو فڕۆکە بێفڕۆکەوانانە دابین کردووە. لەوانەش، هەستەوەری بینایی.
شارەزایانی بواری چەک دەڵێن ئەو جۆرە هەستەوەرانە ڕێگە بە فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکە دەدەن چاودێری ئامانجەکان بکەن و بیانناسنەوە و هێرشی ئاسمانی ئەنجام بدەن. هیچ ئاماژەیەکیش نیە لەسەر ئەوەی کۆمپانیاکانی ڕۆژئاوا سزاکانییان پێشێل کردبێت.
کۆمپانیای ئەلیکترۆنی بەرگری هێنسۆلدتی ئەڵمانیایی بە ڕۆیتەرزی وت لە ساڵی 2020 ەوە هەستەوەری بینایی ئارگۆس بۆ فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی بەیرەقدار تی بی 2 دابین دەکات. وتیشی هەستەوەرەکەی بۆ پیشەسازی فڕۆکەوانی تورکیا و کۆمپانیای لێنتایک و دوو کۆمپانیای دیکەی دروستکردنی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان دابین کردووە.
توێژەرەوەیەک لە پڕۆژەی پلۆگشەیرس کە ناوەندێکی توێژینەوەی ئاشتی کەنەدییە، کێڵسی گالاهەر، وتی " بەبێ ئەم جۆرە هەستەوەرانە، ئەو فڕۆکە بێفڕۆکەوانانەی کە ئێستا دەیانبینین کار ناکەن."
کۆمپانیای L3harris Wescam کە لقێکی کۆمپانیای بەڵێندەری بەرگری ئەمەریکا L3 Harris Technologies ە، لە ڕابردوودا تەکنەلۆجیای فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی داوە بە تورکیا. لە مانگی 10 ی ساڵی 2020 دا حکومەتی کەنەدا مۆڵەتی هەناردەکردنی پێداویستی و تەکنەلۆجیای سەربازیی بۆ تورکیا قەدەغە کرد. ئەوەش دوای ئەوەی هێزەکانی ئازەربایجان فڕۆکەی بێفڕۆکەوانییان ڕەوانە کرد دژی ئەرمینیا لە ناگۆرنۆ قەرەباغ، فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکان سیستمی وێنەگرتن و بە ئامانجکردنی کۆمپانیای Wescamیان لەسەر بووە.
کەنەدا لە ساڵی 2021 دا مۆڵەتەکەی هەڵوەشاندەوە، ئەوەش دوای ئەوەی بەڵگەی دۆزییەوە لەسەر ئەوەی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی بەیرەقدار تی بی 2 ی تورکیا بە هەستەوەری Wescamەوە لە ململانێکەدا بەکارهاتوون.
وەزیری دەرەوەی کەنەدا لەو کاتەدا، مارک گارنیو وتی " ئەم بەکارهێنانە لەگەڵ سیاسەتی دەرەوەی کەنەدادا نەدەگونجا."
لەم چەند ساڵەی ڕابردوودا فرۆشی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی تی بی 2 بە شێوەیەکی خێرا زیادیکردووە. بەیکار دەڵێت گرێبەستی فرۆشتنی فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکەی هەیە لەگەڵ 30 وڵاتدا. لە ساڵی 2018 ەوە هەریەک لە وڵاتانی ئۆکرانیا و ئیسیوپیا و لیبیا و ئازەبایجان ئەو فڕۆکە بێفڕۆکەوانەیان لە تورکیا کڕیوە.
لە مانگی حەوتیشدا سعودیە ڕێککەوت لەسەر کڕینی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی بەیرەقدار ئاکینچی، کە جۆرێکی دیکەی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی کۆمپانیای بەیکارە، بەیکار وتی گەورەترین گرێبەستی بەرگری بووە لە مێژووی تورکیادا.
لە ئۆکرانیاش ئەو جۆرە فڕۆکانە یارمەتیدەر بوون لە لەناوبردنی ئوتومبێلە زریپۆشەکانی ڕووسیا و سیستمەکانی تۆپهاوێژدا. بەرپرسانی ڕۆژئاواش نیگەرانییان دەربڕیوە لەسەر بەکارهێنانی فڕۆکە بێفڕۆکەوانە تورکییەکان.
لە مانگی دوانزەی ساڵی 2021 دا بەرپرسێکی باڵای ڕۆژئاوا بە ڕۆیتەرزی وت ئەمەریکا " نیگەرانییەکی مرۆیی گەورەی " هەیە لەسەر فرۆشتنی ئەو جۆرە فڕۆکانە بە ئیسیوپیا، کە دەکرێت پێشێلکردنی سزاکانی ئەمەریکا بێت بۆ سەر ئەو وڵاتە.
سەرچاوە/ ڕۆیتەرز