بنیامین ناتانیاهۆ دوای 18 کاتژمێر لە دەستپێکردنی قەیرانی نوێی ئەمنی نێوان وڵاتەکەی و حەماس، لەبەردەم کامێراکاندا قسەی بۆ خەڵکی ئیسرائیل کرد و گوتی "تۆڵەی ئەم ڕۆژە ڕەشە دەکەینەوە."
ناتانیاهۆ گوتیشی "ئەستەمە تۆڵەی ئەو منداڵانە نکەینەوە کە نوقمی خوێنی خۆیان بوون."
سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل گوتی "شوێنەکانی حەماس دەکەینە وێرانە. شاری غەززە دەبێتە شاری وێرانە." ناتانیاهۆ داوای لە دانیشتوانی غەززەش کرد ئەوێ بەجێبهێڵن، بەڵام سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل باسی لەوە نەکرد کە خەڵکی کەرتی گەمارۆدراوی غەززە بۆ کوێ و چۆن بچن.
ئاماژەی بەوەشکرد فەرمانی بە سوپا کردووە هەموو هێزەکانی بەکاربهێنێت بۆ لەناوبردنی تواناکانی حەماس و داوای لە خەڵکی ئیسرائیل کردووە "سەبر بگرن چونکە ئەم شەڕە سەخت و درێژخایەن دەبێت".
سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل سوپاسی جۆو بایدن و سەرکردەی زۆرێک لە وڵاتانی ڕۆژئاوای کرد کە هاوپەیمانی ئیسرائیلن و لە رێگای بەیاننامە و لێدوانەکانیانەوە پشتیوانی خۆیان بۆ ئیسرائیل دەربڕیوە.
ناتانیاهۆ سەرلەبەیانی ڕۆژی یەکشەممە ڕایگەیاند ئیسرائیل لە "جەنگێکی درێژخایەن و سەختدایە" کە حەماس بە "هێرشێکی کوشندە" بەسەر ئەو وڵاتەدا سەپاندوویەتی.
لە میانەی هێرشی لەناکاو و بێ وێنەی حەماس بۆ سەر باشوور و ناوەندی ئیسرائیل ڕۆژی شەممە 7ی مانگی دە، لانیکەم 300 کەس کوژران و دەیان کەسی دیکەش بە دیل گیران.
وەزارەتی تەندروستی ئیسرائیل ڕایگەیاندووە، تا کاتژمێر 11:30 شەوی شەممە، هەزار و 900 بریندار گەیەندراونەتە نەخۆشخانەکان، لەو ژمارەیەش 312 کەسیان باری تەندروستییان ناجێگیرە.
وەزارەتی تەندروستی فەڵەستینیش ڕایگەیاندووە کە تا ئێستا 285 فەلەستینی لە ئەنجامی هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر کەرتی غەززە کوژراون.