سەرۆکی ئەڵمانیا سەبارەت بە تاوتوێکردنی پرسی کۆچبەران سەردانی ئیتاڵیا دەکات

فرانک واڵتەر شتاینمایر سەرۆکی ئەڵمانیا ڕۆژی چوارشەممە سەردانی دوورگەی سیسیلیای ئیتاڵیای کرد و داوای دابەشکردنی دادپەروەرانەتری ئەو کۆچبەرانەی کرد کە دەگەنە ئەوروپا، دوای زیادبوونی ڕێژەی ئەو کۆچبەرانەی بە بەلەم خۆیان دەگەیەننە باشووری ئیتاڵیا.

شتاینمایەر لە سەردانە دوو ڕۆژیەکەیدا بە یاوەری سێرجیۆ ماتارێلا سەرۆکی ئیتاڵیا گوتی ئەڵمانیا و ئیتاڵیا گەیشتوونەتە سنووری خۆیان لە وەرگرتنی پەنابەران.

پێش گەشتەکەی لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ ڕۆژنامەی کۆریێر دێلا سێرای ئیتاڵی گوتی: پێویستمان بە دابەشکردنی دادپەروەرانەی کۆچبەران لە ئەوروپا هەیە، هەروەها پێویستمان بە کۆنترۆڵکردن و چاودێرییەکی بەهێزتر هەیە لە سنوورە دەرەکییەکانماندا.

بەپێی ئامارەکانی وەزارەتی ناوخۆی ئیتاڵیا، لە سەرەتای ئەمساڵەوە زیاتر لە 130 هەزار کەس گەیشتوونەتە کەناراوەکانی ئیتالیا، لەکاتێکدا لە هەمان ماوەی ساڵی ڕابردوودا نزیکەی 68 هەزار و 200 کۆچبەر بووە.

هەفتەی ڕابردوو نزیکەی 10 هەزار کۆچبەر خۆیان گەیاندە دورگەی لامپێدوسا لە باشووری ئیتاڵیا، ئەمەش گورزێکی گەورەی لە متمانەی جۆرجیا مێلۆنی سەرۆک وەزیرانی ئیتاڵیا دا، کە ساڵی ڕابردوو بەر لەوەی پۆستەکەی بگرێتە دەست، بەڵێنی دابوو ڕێگری لە کۆچی نایاسایی بکات.