لە کاتی وتارەکەی سەرۆکی ئێران، نوێنەری ئیسرائیل هۆڵەکەی جێدەهێڵێت و وێنەی ژینا ئەمینی بەرزدەکاتەوە

ئیبراهیم ڕەئیسی، سەرۆک کۆماری ئێران ڕایگەیاند، پێویستە ئەمەریکا "نیازپاکی و خواستی خۆی" بۆ زیندووکردنەوەی ڕێککەوتنی ناوکی ساڵی 2015 لەگەڵ تاران بسەلمێنێت، لە کاتێکدا چەند مانگێک دانوستانی ناڕاستەوخۆی نێوان هەردوو وڵاتی نەیاری لەمێژیینە هیچ دەرەنجامێکی لێنەکەوتەوە.

ڕەئیسی لە وتارێکدا لە کۆبوونەوەی ئەنجومەنی گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان سەبارەت بە ڕێککەوتنی ناوکی ساڵی 2015 ی زلهێزانی جیهان لەگەڵ تاران، کە لە ئێران بە بەرجام ناسراوە، گوتی " ئەمەریکا بە دەرچوونی لە بەرجام ڕێککەوتنەکە و بنەمای نیازپاکی پێشێلکرد."

دانۆڵد ترامپ سەرۆکی پێشووی ئەمەریکا لە ساڵی 2018دا لەو ئەمەریکای لە ڕێککەوتنەکە کشاندەوە و ئاماژەی بەوەدا کە ڕێککەوتنەکە زۆر لە بەرژەوەندی ئێراندایە و سزا توندەکانی ئەمەریکای سەپاندەوە بەسەر ئێراندا، ئەمەش وایکرد تاران وردە وردە سنوورە ئەتۆمییەکانی ڕێککەوتنەکە پێشێل بکات.

دوای دەستبەکاربوونی لە مانگی یەکی ساڵی 2021دا، جۆو بایدن سەرۆکی ئەمەریکا هەوڵیدا دانوستان بکات بۆ زیندووکردنەوەی ئەو ڕێککەوتنەی کە تیایدا ئێران بەرنامە ئەتۆمییەکەی سنووردار کردبوو لە بەرامبەر سوکبوونی سزاکانی ئەمەریکا، یەکێتی ئەوروپا و نەتەوە یەکگرتووەکان لەسەری.

بەڵام پاش چەندین مانگ دانوستانەکان لە مانگی 9ی ساڵی ڕابردووەوە وەستان و هەردوولا یەکتریان تۆمەتبار کردووە بە زیادەڕۆییکردن لە داواکارییەکان.

ڕەئیسی گوتی " ئەمەریکا دەبێت متمانە دروست بکات بۆ ئەوەی نیازی باش و ئامادەیی ڕاستەقینەی خۆی بۆ جێبەجێکردنی بەڵێنەکانی و کۆتاییهێنان بە ڕێگاکە نیشان بدات."

بەرپرسانی ئەمەریکا و ئەوروپا لە دوای تێکچوونی دانوستانە ناڕاستەوخۆکانی ئەمەریکا و ئێران ساڵێک لەمەوبەر بەدوای ڕێگایەکدا دەگەڕێن بۆ سنووردارکردنی چالاکییە ئەتۆمییەکانی تاران.

بە مەبەستی کەمکردنەوەی گرژییەکان، تاران و واشنتن مانگی ڕابردوو بە نێوەندگیری قەتەر گەیشتنە ڕێککەوتنێک کە لە ئەنجامدا ڕۆژی دووشەممە هەریەکەیان پێنج زیندانیان ئازاد کرد هەروەها ئەمەریکا شەش ملیار دۆلاری لە پارەی سڕکراوی ئێرانی لە لە کۆریای باشوور ئازاد کرد.

پەیوەندییەکانی ئەمەریکا و هاوپەیمانانی ڕۆژئاوایی لەگەڵ ئێراندا ئاڵۆزتر بوو بەهۆی مامەڵەکردنی ئێران لەگەڵ خۆپیشاندانە ناڕەزایەتییەکانی کە بەهۆی مەرگی ژینا ئەمینی کچە کوردێکی تەمەن 22 ساڵان، لە کاتێکدا بەهۆی گوایە ڕەچاونەکردنی حیجابی زۆرەملێ لەلایەن پۆلیسی ئاکارەوە دەستبەسەرکرابوو، سەریهەڵداو بۆ چەندی مانگ بەردەوام بوو. لە ئەنجامدا ئەمەریکا و وڵاتانی ڕۆژئاوا سزایان بەسەر ئێراندا سەپاند.

ڕۆژی سێشەممە ڕاستەوخۆ دوای ئەوەی ڕەئیسی دەستی بە پێشکەشکردنی وتارەکەی کرد، نوێنەری ئیسرائیل لە نەتەوە یەکگرتووەکان، گیلاد ئەردان، لە هۆڵی کۆبوونەوەی گشتیدا بە ڕێپێوانێک هاتە دەرەوە و وێنەی دەشەکاندەوە بەرزکردەوە.

ئەردان بەگوێرەی بەیاننامەیەک کە لەلایەن نوێنەرایەتی ئیسرائیل لە نەتەوە یەکگرتووەکانەوە بۆ ئاژانسی ڕۆیتەرز نێردراوە، ڕایگەیاندووە، "من ئەو وتارەم بەجێهێشت بۆ ئەوەی ڕوونی بکەمەوە کە دەوڵەتی ئیسرائیل پشتیوانی لە خەڵکی دەکات".